نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک و گەلی فەرەنسا

27/10/2020

عومەر كەسان

ئێمەی گەلی کورد هەرگیز لە چاکەی حکومەت وگەلی بەڕێزی فەڕەنسا دەرناچین بەوەی لەسەردەمی نوێدا، پشتیوانێکی بەردەوامی گەلە ستەم لێکراوەکەمان بوون، هەرچەندە ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیەشتان کاریگەری نەرێنی خۆی هەبووە لەسەر بەرژەوەندییەکانی حکومەتە بەڕێزەکەتان. ئاشکرایە چەسپاندنی بڕیاری ٦٨٨ بۆ پاراستنی کوردانی باشوور لەزوڵم و ستەمی ڕژێمی ئەوکاتی سەدام حوسێن، لە کۆڕەوی بەهاری ١٩٩١ دا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەهەوڵ و کۆششی ڕاستەوخۆی سەرۆک(میتران)و حکومەتە سەربەرزەکەتانەوە بوو.

هەر ئەوكات خانمی یەکەمی حکومەتە بەڕێزەکەتان هێندە هەڵوێستی ئاکاربەرزی مرۆڤانەی نواند لەبست بەبستی خاکی وڵاتەکەماندا هەر لە زاخۆوە تاکو هەڵەبجەی شەهید،چووە دڵ و دەروونی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستانەوە.
من بۆخۆم وەک شاعرێکی نیشتیمانی ئەو سەردەمە دەقێکی شعریم بەناوی(مادام میتران)ەوە لەڕۆژنامەیەکدا بڵاوکردەوەو لەکۆ(دیوانی کەسان)یشدا هەیەو بۆ بەڕێزتان وخانەوادەی(میتران)ی ئازیزو سەرۆک(ماکرۆن)یشی دەنێرم.

بەڕێزان: لەم چەندڕۆژە دا هەڵایەک لەهەرێمی کوردستان کەوتۆتەوە، لەسەرلێدوانێکی بەڕێز سەرۆک(ماکرۆن) لەگەڵ ڕێزی بێپایانم بۆئایینی پیرۆزی ئیسلام،من وای دەبینم گەر لێدوانەکە لەم کاتە هەستیارەدا نەبوایە و بەمەرام خۆشە نەکرایە ئەوا بەمجۆرە هەڵای لێنە دەکەوتەوە، لەبەرئەوەی حکومەتی فەرەنساو سەرۆکە بەڕێزەکەی(ماکرۆن) لەئێستادا بوونەتە پارێزەرو داکۆکیکار لەگەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ودەریای ناوەڕاست، هەر لەیۆنان و قوبرس و لیبیاو ڕۆژئاوای کوردستان (کەئەمەی دوییان چەقی مەبەستە بەرامبەر بە(تورکیاو سەرۆکە سەرلێشێواوەکەی) کە ڕابەرایەتی (ئیخوان موسلمین دەکات لەجیهاندا) لەوەش زیاتر سەرۆک (ماکرۆن) ڕکابەری یەکەمە بەرامبەر خەونی زیندوو کردنەوەی چاوچنۆکیەکانی دەوڵەتی عوسمانی بەسەرچوو.

بەڕێزان: ئەوچەند پەرلەمارنتارانەی کە بۆ ناڕەزایی دەربڕین، هاتوونەتە قونسڵخانە بەڕێزەکەتان نەنوێنەری من و هەزاران هەزارانی وەکو منن، نە نوێنەری گەلی کوردی ستەمدیدەن.
من لێیان دەپرسم بۆچی بۆ وتەیەکی (سەرۆک ماکرۆن)ئەم هەڵوێستەتان هەبوو،ئەی بۆ وێرانکردنی سەدان مزگەوت وسووتاندنی قورئانی پیرۆزلە(عەفرین وکۆبانی وشارۆچکەو گوندەکانی ڕۆژاوا) نەهاتنە دەنگ،ئەی بەدرێژایی مێژووبەگشتی وزیاتر لەسەدەیەک بەتایبەتی گەلی کوردوخاکەکەی وماڵ وخوێندنگاو مزگەوتەکانی بەسوورەتەکانی(ئەنفال وفەتح وفەجر)ەوە بەقورئانی پیرۆزەوە دەسووتێنن،بۆنقەتان نەبوو؟

ئەی کاتێک چاوی هەڵەبجەیان سووتان و ٥٠٠٠ پیرومنداڵیان شەهیدکردو گەلێکیان ئەنفال کرد ڕابەرو مامۆستاکانتان ئەوکات بۆچی تەنیا یەک ناڕەزاییان دەرنەبڕی؟
لێرەدا سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و لەوانیش زیاتر سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان گەرنوێنەرایەتی گەلی کوردن ئەوە دەکەونە بەردەم پرسیارەوە بۆکام بژاردەی هەق وڕەوا بۆچارەنووسی داهاتوومان هەوڵدەدەن . تا ئەودۆستانەی کە ماومانن لەپێناو هەڵچوونێکی کاتیدا لەدەستی نەدەین. بابەتەکەش وەکو ڕۆژی رووناک دیارە با لەبەر بەرژەوەندی وفشارو چاوسوورکردنەوەی دوژمنانی سەرسەختی نەتەوەکەمان کە هەرچیان بۆبکەین هەر بێ سودە تاکو لەدەستی نەدەین، دەنا ئەوکات پەشیمانی دادی نابێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی