مێیینەیەک لە فەزایەکی نێردا

27/10/2020

رێبین فەتاح

هونەر ئەوەیە؛ جلی ژن هەڵواسیت و پیاو بەڕووتی نیشان بدەیت!
١-
کیژۆڵەیەکی شێوەکار، بەهاوکاری تیمێکی خۆبەخشی ڕێکخراوەیی، بە سەردانیکردنی هەزاران خێزانیی کوردستان، لە هەر مێیینەیەک کە تووشی دەستدرێژی هاتووە، پارچە جلێکیان وەرگرتووە. لەکۆتاییدا سەدان و هەزاران پارچە جلی قوربانییەکانیان کۆکردووەتەوە و ئێستا لەچوارچێوەیەکی هونەرییدا دەیخاتە ڕوو. ئەو پرۆژەیەی ئێستا لە ناوەندی شاری سلێمانی بە هەڵواسینی بەشێک لە جلی ژنان و کچانی قوربانی دەستدرێژی خرایە ڕوو، ئەنجامی ماندووبوونێکی زۆر و پشوودرێژییەکی بێوێنەیە.

٢-
پرۆژە هونەرییەکە، کاردانەوەی زۆری لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بەدووای خۆیدا هێناوە. بەدەگمەن نەبێت، هەموو ئەوانەی قسەیان لەسەر کردووە، بە ناوەڕۆک و پەیامی پرۆژە هونەرییەکە کاریگەربوون، ئەوەش ئامانجی هونەر خۆیەتی، ئیشی هونەر دروستکردنی کاریگەرییە لەسەر خەڵک، ڕەهەند و ستایل و شێوازی هونەریی ئیش و تایبەتمەندیی هونەرمەندانە. ئێمەش هەر تەنیا هەڵوەستەیەک لەسەر ئەرکی کۆمەڵایەتیی هونەر دەکەین.

٣-
ئەوەندەی تێبینی کاردانەوەکانی پێوەست بەو پرۆژە هونەرییەم کرد، کاریگەربووان بەسەر دوو بەرەی دژ و پاڵپشت دابەشبوون. زۆرینەی ئەوانەی بە پۆست و کۆمێنت بەشداریی و قسەیان لەسەر پرۆژەکە کردووە، ڕەتی دەکەنەوە، بەڵکو بە زمانێکی زبر و پڕ لە سووکایەتی قسەی لەسەر دەکەن. دژایەتی ئەوان بەگشتی لەسەر ئەو بنەمایەیە کە پێی وایە؛ ناکرێت بابەتی دەستدرێژییەکانی سەر ژنان بوروژێنرێت، دەبێت بشاردرێتەوە و دیزەبەدەرخۆنە بکرێت. لەبەرئەوەیە دەرخستن و نیشاندانی تاوانەکانی دژ بە ژنان، بە تاوان دەزانێت. ئەو بیرکردنەوەیە بەشێک لە ئاراستەیەکی گەورەتر پێک دێنێت، کە خۆی لە (پاراستنی تاوانبار) دەبینێتەوە؛ لەڕێگەی ونکردنی قوربانییەوە. کاتێک هیچ قوربانییەک دیار نییە، کەواتە تاوانبارێکیش بوونی نییە.

٤-
لەژێر کارتێکەریی ئەو بیرکردنەوە و ئاراستە کۆمەڵایەتییەدا، ژمارەیەکی زۆر لە کچان و ژنانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی، تاوانەکە دەشارنەوە و ئامادەنین ئاشکرای بکەن، چونکە لەحالەتی ئاشکرابوونی تاوانەکەدا، قوربانی وەک تاوانبار دادەنرێت، دەستدرێژییەکە لەجیاتی ببێتە پەڵەیەک بە تەوێڵی تاوانبارەوە، دەبێتە پەڵەیەک بە نێوچاوانی قوربانییەوە. تاوانی دەستدرێژییکاریی سێکسی قابیلی بەخشینە، ئەویش ناگونجێت هەتا تاوانەکە بۆ سەر یەکێکی دیکە نەگوازرێتەوە، ئەو یەکە قوربانییەکەیە. هەموو ئەوە بەهۆی پێگەی نێرینە و مێینە لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدات، ئەوها جێگەی تاوانبار و قوربانی تێکەڵ دەکرێت، تاوانبار دەبێت بە قوربانی و قوربانی لەجێی تاوانبار دادەنرێت. ئەو پەڵەی تاوانباریی و شەرمەزارییە، جگەلە خوێن بە هیچ ئاوێک پاک نابێتەوە. ئەو بیردکردنەوەیە هیی ئەوڕۆ نییە و بەدرێژایی سەدان ساڵ لەگەڵ کورددا هاتووە.

٥-
شاردنەوەی تاوانەکانی دەستدرێژیی بۆ سەر ژنان، هاندەرێکی بەهێزی ئەنجامدانی توندوتیژییە دژ بە ژنان. تاوانێکیش سزای لەسەر نەبێت، تاوان نییە.

٦-
تا ئەو جێیەی دەنگوباسێکمان لە مێژوو هەیە، لە گێڕانەوە، لە ئەدەبیاتیی زارەکی، لەناو ئەو تۆمار و بیرەوەریی و کتێبانەی ئاوڕێکیان لە کۆمەڵگەی کوردەواریی داوەتەوە، پێمان دەڵێن؛ دەرکەوتنی ژن بەپێی چوارچێوەیەک بووە کە پیاوان دایانڕشتووە. خولانەوەی ژن لە بازنەی پیاواندا، لەوپەڕەکەی دەتوانێت سووکتر بخولێتەوە، بەڵام بازنەکە دواسنووری خولانەوەیەتی. ژن لەناو ئەو بازنەیەدا، چەندیش سرک و پڕجووڵە بێت، خاوەنی خۆی نییە. بە دەرچوون لەو "نێرەبازنە"یە، سروشتی مێییەتی خۆی وەردەگرێت وەک مرۆڤێک کە خاوەنی کەسایەتی و کەرامەتی خۆیەتی، بەپێچەوانەوە خاوەندارێتیکراوە. هیچ خاوەندارێتیکراوێک، خاوەنی خۆی نییە.

٧-
هەر دەرکەوتنێکی مێیینانە لە دەرەوەی ئەو بازنەیەی پیاوان کێشاویانە، واتە دەرچوون لە بازنەکە، ئاساییە لەلای نێرینانەوە کە باوەڕییان بە خەتکێشان بەدەوری ژندا هەیە، بە هەمان کۆنە عەیاری نێرەوە دەپێون، لەلایەک بە سووکایەتی بە پیاوان و لەلایەکی دی بە بچووکبوونەوە و شکانی ژنان دادەنرێت. پیاوان پێیان وایە بەو شێوەیە هەژموونیان بەسەر ژنان لە کورتی دەدات، مەترسی لەسەر دەسەڵاتیان درووست دەبێت، چاوەڕوانکراوە ئەوان بەرگریی لە هەژموون و دەسەڵاتی خۆیان بکەن، یەکێک لە ڕێگەکانی ئەو شەڕە لەلایەن پیاوانەوە، سووک نیشاندانی ئەو ژنانەیە، دەیانەوێت لەژێر هەژموون دەربچن. هەزاران ناو و ناتۆرە، هەزاران ئەتک و ئیهانە، لەپێناو ساردکردنەوەی ژنان لە خەباتی؛ بوون بە خاوەنی خۆیان.

٨-
هەر دەرکەوتنێک، هەر چالاکی و پرۆژەیەک کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەببردرێت و لەلایەن پیاوانی خاوەن هەژموون و دەسەڵات(پارێزەرانی سیستەم)، پاڵپشتی بکرێت، ناتوانرێت بە جووڵەیەکی مێیینانە دابنرێت، بە پێچەوانەوە دەرکەوتنیی مێیینانە، لەلایەن پیاوانی سیستەمەوە دژایەتی دەکرێت. دەتوانین هاوکێشەی دژایەتی و پاڵپشتی پیاوانی سیستەم، لەزۆربەی حالەتەکاندا بۆ ناسینەوەی هەر دەرکەوتنێکی ژنانە دابنێیین.

٩-
گەلەرییەکەی تارا، کە خۆی لە هەڵواسین و نمایشکردنی جلوبەرگی ژنانی قوربانیی دەستدرێژیی دەبینێتەوە، جگەلە کەرستەی بەکارهاتوو، شوێنی خستنە ڕووەکەی، پەلکێشکردنی هونەرێکی هەڵگریی پەیام و خەمی ژنانە بۆ ناو فەزای گشتی، ئەو فەزا گشتییە کە دوواتر هەڵوەستەیەکی لەسەر دەکەین وەک مووڵکی پیاوان دانراوە.

١٠-
گەلەرییەکەی تارا، خستنە ڕووی جلی ژنانە، بەڵام ڕووتکردنەوەی پیاوانی دەستدرێژیکارە. ئاوێنەیەکی مێیینەیە، دەستدرێژیکاران تێیدا خۆیان وەک ئەوەی هەن، دەبینن. وێنەی ڕاستەقینەی تاوانبارێتیی خۆیان دەبینن و هەست بە شەرمەزاریی دەکەن. بۆ شاردنەوەی شەرمەزاریی، لووتیان بەرز دەکەنەوە و دەڵێن؛ ئەو ئاوێنەیە ساختەیە، ئاوێنەی جادووە و فێڵ لە چاوان دەکات. ئاوێنەی ئەتکە، ئیهانەی شار دەکات! هونەر ئەوەیە؛ جلی ژنان هەڵواسیت و پیاوان بەڕووتی نیشان بدەیت!

١١-
پیاوان خۆیان بە خاوەنی شار و فەزای گشتی دەزانن، لە واقیعیشدا فەزای گشتی لەلایەن پیاوانەوە خاوەندارێتی کراوە. چالاکییەکی مێیینە لە شارێکی نێرینەدا، ئاساییە بە "ئەتک و ئیهانە" لێکبدرێتەوە، چونکە قەڵەمڕەویی نێرینەیی بەزاندووە، لە "خەتی سوور"ی داوە. خەتێک بە قەڵەمی نێران کێشراوە، بەڵام مەرەکەبەکەی لە خوێنی مێیینەیە. ئەو چالاکییانە، چالاکیی ڕاستەقینەن، هەوڵێکن بۆ بەشداریی ڕاستەقینەی ژن لە پانتایی گشتی دا. هەنگاونانە بەرەو خاوەندارێتیی مێیینە لە شار، لە خۆی!

١٢-
گەلەرییەکەی تارا، چەند هەوڵێکی مێیینانەیە لەپێناو مێیینەدا، ئەوەندەیش زیاتر لەپێناو ئازادکردنی هونەر خۆیەتی. دەزانین پێشتر چەندین چالاکیی هونەری سەرشەقام و لە فەزای کراوە و گشتی دا بەڕێوەچوون، بەڵام هەوڵەکەی تارا و هاوڕێیانی، جووڵەیەکی دیکەیان بەو ڕەوتە دا. وەک زەرورەتی دەربازبوونی ژن لە قەفەزە ژەنگاوییەکە، ئەوها دەبێت هونەر لە هۆڵی داخراو ئازاد بکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی