قەرز لەخۆرئاوای کوردستان بکەن!

16/11/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

یەکەم:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوان ناتوانن قەرزبکەن‌و دەوڵەتی عێراق دەتوانێت قەرزبکات. 

دووەم:
ئەو لێدوانەی سەرەوەی سەرۆک سەد دەر سەد پێچەوانەی هەموو ئەو لێدوانانەی پێشوترە کە لەکاتی سەرۆک حکومەتییەکەیدا دەیوت قەرزارن‌و قەرزیان لەدەرەوە کردوە.

سێیەم:
دواتریش کە کابینەی نۆیەم ڕاگەیەنرا (مەسرور بارزانی) ڕایگەیاند، حکومەت قەرزارەو قەرزەکانیش لەکابینەکانی پێشودا کراوە.

کەواتە چۆن ئەم سێ بۆچونەی سەرەوە لێکبدرێتەوە، ناڕاستییەکی تێدایەو دەردەکەوێت، یان ئەوەی پێشوو وتراوە ناڕاستە، یان ئەوەی ئێستا دەگوترێت ناڕاستە.

گریمان حکومەتی هەرێم قەرزارەو لەهەمانکاتیشدا ناتوانێت قەرزبکات، ئەمەش دیسان هەڵەی سیاسەتی بارزانی سەرۆکی پێشوی هەرێم‌و ئێستای سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکی حکومەتە، چۆن؟

ئەگەر سیاسەتی ئەم حزبە نەبوایە "پارتی دیموکراتی کوردستان"، دەتوانرا زۆر بەئاسانی لەڕێگای خۆرئاوای کوردستانەوە قەرزبکرێت‌و پارە دابینبکرێت، بەڵام چونکە لەپێناو تورکیادا هەموو لینکێکی حکومەتی باشوری کوردستان لەگەڵ خۆرئاوای کوردستان بچڕاوەو خەندەق لێدرا، ناتوانرێت سود لەتوانا مادییەکەی خۆرئاوا وەربگیرێت.

لەدوای جەنگی سوریای 2011وە تائێستا ئیدارەی خۆسەری لەخۆرئاوای کوردستان لەشەڕدایە جارێک لەگەڵ داعش‌و هێزە تیرۆریستەکان، جارێکی تر لەگەڵ سوریاو ڕژێمەکەی ئەسەدو جارێکیش لەگەڵ سوپای تورکیای داگیرکارو هێزە تیرۆریستییەکانی نزیک لەتورکیا، ئەمە جگە لەو دژایەتییانەی لەباشوری کوردستانەوە بۆ خۆرئاوای کوردستان هەبوو، بەڵام چونکە خۆسەری خۆرئاوا زۆر لێزانانەو عاقڵمەندانە ئیدارەی خۆیان‌و هێزو شۆڕشەکەیان کرد، نە قەرزیان کردو نەقەرزاریش بون.

ئێستا عەیبەی تێدانییە بۆ حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستان، دوجۆر قەرز لەخۆرئاوای کوردستان بکات:

یەکەم:
تاکو ئەم دۆخە تێدەپەڕێت قەرزیان لێبکەن‌و موچەی فەرمانبەرانی پێدابین بکەن.

دوەم:
ئەگەر لەڕوشتان نایەت ئەو قەرزە بکەن، ئەوا ئەزمونەکەیان لەسەرفیات‌و ئیدارەدان‌و شێوازی موچەدا بکەن‌و هاوردەی باشوری بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی