بۆچی ویلایەتی جۆرجیا ئەسپی تەڕوادەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكایە؟

21/11/2020

لوقمان حاجی قادر


ویلایەتی جۆرجیا دەكەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2019،  ژمارەی دانیشتوانەكەی لە  10 ملیۆن زیاترە، چوارەم ویلایەتی ئەمریكایە كە لە 2 یەنایەری 1778 دەستوری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای پەسەند كردووە، لە ڕووی ڕووبەرەوە بیست و چوارەمین و لە ڕووی دانیشتوانەوە هەشتەمینی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە.

ئەم ویلاتە لە ڕووی میژووییەوە كۆمارییەكان تیایدا باڵادەست بوون، لە 28 ساڵی ڕابردوودا دیموكراتەكان تیایدا براوە نەبوون، لە هەڵبژارنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2020 دا، بایدن توانی زۆرینەی دەنگی ویلایەتەكە بەدەست بێنێت، ئەمەش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ دیموكراتەكان و شكستێكی گەورەشە بۆ كۆمارییەكان و بە تایبەتیش تڕەمپ.

بە گوێرەی یاساكانی ویلایەتەكە، ئەگەر جیاوازی نێوان پاڵێوراوانی سەرۆكایەتی كەمتر بوو لە نیوەی 1% كۆی دەنگدەران (0.5%)، دەكرێت هەژماكردنی دەنگەكان دووبارە بكرێتەوە، لەم هەڵبژاردنەشدا لە هەژماركردنی میكانیكی دەنگەكانی جاری یەكەمدا، بایدن 14 هەزار دەنگی لە ترەمپ زیاتر بوو،  لە دووبارە بەدەست ژمارنەوەی دەنگەكانیشدا، دەنگەكانی ترەمپ زیادیان كرد و 1300 دەنگی تازە بەدەستهێنا، بەڵام هێشتاش بایدن بە جیاوازی 12284 دەنگ لە پێش تڕەمپە. هێشتا ئەم ژمارەیە لە ڕووی یاساییەوە پاساوی ئەوە دەداتە تڕەمپ و كۆماریییەكان كە سێبارە داوای بە دەست هەژماركردنەوەی دەنگەكان بكەن، بەو پێیەی هێشتا ڕێژەی جیاوای دەنگەكانی بایدن و تڕەمپ كەمترە لە (0.5%) ی كۆی دەنگدەرانی ویلایەتەكە.

زیادكردنی دەنگەكانی ترەمپ لە یەكێك لە هەرێمەكانی ئەو ویلایەتە (جۆرجیا) بوو، دسەڵاتدارانی ئەو هەرێمەش كۆمارین، ئەو دەنگانە پێشتر هەژمار نەكرابوون، ئەمەش خەتای دیموكراتەكان نییە و خەتای بەرپرسانی هەڵبژارنەكانی هەرێمەكەیە، گرفتێكی گەورەش نییە و تەنها هەڵەیەك بووە لە پڕۆسەی هەژماركردنی دەنگەكاندا. 

ویلایەتی جۆرجیا خاوەن 2 كورسییە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكادا، لە ئێستادا هیچ كام لە دوو پاڵێوراوەكەی ئەو ویلایەتە 50+1 یان بەدەست نەهێناوە بۆ بردنەوەی دوو كورسییەكەی ویلایەتەكە، ئەگەر دیموكراتەكان ئەو دوو كورسییە ببنەوە، ژمارەی كورسییەكانیان لە ئەنجومەنی پیراندا لەگەڵ كۆمارییەكاندایەكسان دەكەنەوە دەبنە (50 بە 50)، بۆیە وا بڕیارە لە سەرەتای دیسەمبەری ئایندە هەڵبژاردنێكی دیكە بۆ بردنەوەی ئەو دوو كورسییەی ئەنجومەنی پیران بكرێت، لە دۆخێكی لەو جۆرەشدا، بە دەنگی جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئەو یەكسان بوونە دەشكێنرێت، لە ئەگەری بردنەوەی بایدن- دا كامالا هارس- ی جێگری دەبێتە خاوەنی ئەو دەنگە، بەمەش دیموكراتەكان دەتوان لە ئەنجومەنەكە ببنە زۆرینە و پڕۆژە یاساكانیان تێپەڕێنن.  

لێرەوە بردنەوەی دەنگەكانی ویلایەتی جۆرجیا بۆ هەردوو پاڵێوراوەكە (بە تایبەتیش تڕەمپ) ئەسپی تەڕوادەیە، هەر كامیان زۆرینەی دەنگەكانی ببەنەوە، ململانێكە لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلایی دەكەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی