موچە لەنێوان هەرێم‌و بەغدا..شیوەنەكە "بۆ ھەریسە یان بۆ حوسەین"؟

22/11/2020

ئاسۆ عوسمان

سیاسەت زانستێکە وەک ھەر زانستێکی دیکە، وەک دەستەواژەیەكییش  سیاسەت بریتییە لە"چاودێری کردنی کاروباری وڵات لەدەرەوەو نێوخۆدا"، وەک ڕاپەڕاندن بریتییە لەوەی کە "کێ چی دەستدەکەوێت‌و کەی‌و چۆن ...؟ واتە دابەشکردنی داھات بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا لەڕێگەی یاساو دەسەڵاتەوە، بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ بریتی بێ لەلێکۆڵینەوەی بابەتیانەو گۆڕینی واقعی سیاسی لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکان‌و لەبەرچاوگرتنی تواناکانی بەردەست، بەڵام نەک تەسلیمبون بەئەمری واقع‌و زۆرینەو كەمینە...

لەپڕۆژەیاسای قەرزدا، پەرلەمانتارانی شیعەو سوننە، دژی بەرژەوەندییەكانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنگیانداو بەئێستاشەوە هەڕەشە لەحكومەتەكەی كازمی دەكەن كە نابێت پاپەندبێت بەو ڕێكەوتنەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیەتی بۆناردنی ئەو "320" ملیار دینارە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان....! لەپرۆسەی دەنگدان بەپڕۆژەیاسای قەرز، هیچ حسایێك یان هەیبەتێك بۆ ئەو پەرلەمانتارە كوردانە دانەنرا كە هەمیشە لەشاشەی تیڤیەكانەوە گۆرانیان بەسەر باڵای حكومەت‌و پەرلەمانی عێراقدا دەگوت......

پەرلەمانتارانی فراكسیۆنه‌ شیعی‌و سوننیەكان سیاسەت دەكەن‌و بەرژەوەندییە سیاسیەكانیان ئەوەیان لێدەخوازێت كە هەمیشە دژی بەرژەوەندییە ئابوری‌و سیاسیی‌و نەتەوەییەكانی كوردستان بن، ئەوپەرلەمانتارە كوردانەشی ئەمڕۆ بەهاو كاری پەرلەمانتارانی "عەرەب"، واژۆیان بۆ پڕۆژەیاسای پێدانی ڕاستەوخۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندیەوە كۆكردۆتەوە یان بەرژەوەندی‌و ئەجێندای عێراقی عەرەبی جێبەجێ‌دەكەن یان لەو مەسجە سیاسیەی عێراقی عەرەبی تێنەگەیشتون كە لەپڕۆژەیاسای قەرزدا بۆ هەرێمی كوردستانیان نارد ...!! هەركامێكیان بێت كارەساتێكی گەورەیەو ئاكامی مەترسیدار ڕوبەڕوی خۆیان‌و هەرێمی كوردستانیش دەكاتەوە......!

حكومەتی ناوەندی‌و فراكسیۆنە شیعیەكانی عێراق ئەو ڕاستیە باشدەزانن كە ناتوانن باز بەسەر یاساكار پێكراوو مادە دەستورییەكاندا بنێن‌و هەر پڕۆژەیاسایەكیش ئەگەر لەپەرلەمان دەنگی  پێبدرێت‌و دژی بەندەكانی دەستوری هەمیشەی بێت، لەدادگای فیدراڵی هەڵدەوەشێندرێتەوەو كاری پێناكرێت.

بەپێی دەستوری عێراق ماددەكانی "117و 121و 115" هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییەو حكومەتی ناوەندی بەفەرمی لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم مامەڵەدەكات، دەستوریی عێراقیش بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بەپڕۆژەیاسایەكی لەمشێوەیە نادات .....؟! جگە لەڕێگرییە دەستوری‌و یاساییەكان بۆ پڕۆژەیاسایەكی لەمشێوەیە، دەبێت ئەو پرسیارەش لەو پەرلەمانتارە كوردانە بكرێت كە هەر بەڕاست دۆخی خراپی دارای عێراق ڕێگە بەوەدەدات مانگانە "750" ملیار دینار بەبێ‌ هچ بەرامبەرێك بدرێتە  موچە خۆرانی هەرێم ....؟ّ! هەر بەڕاست ئەو پەرلەمانتارانەی دۆێنێ‌ دژی ناردنی  "320" ملیار دینارەكەی هەرێم بون، چۆنە ئێستا واژۆی ئەوەدەكەن حكومەت بەبێ‌ هیچ بەرامبەرێك ئەو پارە زۆرە بداتە فەرمانبەرانی هەرێم...؟!!

شیوەنەكە  "بۆ ھەریسە یان بۆ حوسەین"؟                                  
ھەریسە جۆرە خواردنێکە لەگەنمی کوتراو "بەخڕی یان ورد کراوی" لەگەڵ گۆشت‌و دونگ‌و دارچین‌و بەھاراتی دیکە ئامادە دەکرێ، بەکوڵاوی دەخورێت بۆ ھەموو ژەمەکان‌و کاتی ئاسایی دەبێت، بەڵام لای شیعەکان تایبەتکراوە بەڕۆژانی "عاشورا" ڕۆژی شەھیدبونی پێشەوا حوسەینی کوڕی عەلی کوڕی "ئەبو تاڵیب"  لەوێدا خێرخوازانی شیعە مەزھەب بەبێ بەرامبەرو بەنیازی دەستکەوتنی پاداشتی خودایی، دەیدەنە زیارەتکارانی مەزارە پیرۆزەکانیان لەکەربەلاو نەجەف کە ژمارەیان ھەندێ کات لەملیۆن تێدەپەرێت، خەڵكانێك كە لەپێناوی بەدەستهێنانی  زیاتردان ئەگەر لەسەر حسابی  خۆیان‌و خەڵكیی تریش بێت، یان بەھەر ھۆکارێک داوای بەشی زیاتر بكەن، لەساتەوەختی زیارەت‌و شینگێڕانەکەدا لەخەڵکانی دیکە بەکوڵتر دەگریێن‌و فرمێسکی تیمساحانەیان لەهەموان زۆرترە........ 

ھەتا ئێرە پێناسەیەکی ھەریسەیە، بەڵام با بپرسین دوای ئەو ڕاستیانەی سەرەوە ئەم پەرلەمانتارە كوردانەی بەغداو ئەو پەرلەمانتارە عەرەبانەی واژۆیان لەسەر ئەم پڕۆژەیاسایە كردوە لەدڵسۆزی‌و خەمخۆری موچەخۆرانی هەرێمە یان هەرلایەكیان شینەكەیان بۆهەریسەكەی خۆیانە....؟! 

ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانتارە كوردەكان دەیانەوێت بەم هەنگاوە خۆیان وەكو پاڵەوان‌و خەمخۆری موچەخۆرانی هەرێم نیشانبدەن‌و لەم ڕێگایەشەوە ئامادەكاری بكەن بۆ دوبارە خۆكاندیدكردنەوەیان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق‌و سۆزو دەنگی خەڵكی كوردستان  بەدەستبهێننەوە........ 

بۆ پەرلەمانتاران‌و فراكسیۆنە عەرەبیەكانیش ئەم پڕۆژەیاسایە دەرفەتێكی باشە بۆ لێدان لەقەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان‌و دوریش نییە لەگەڵی بڕۆن تائاستی پەسەندكردنی لەناو پەرلەمانداو لەكۆتایشدا بیبەستنەوە بەداهاتی نەوتی‌و نا نەوتیەكانی  كوردستان‌و كێشەكە بگەڕێنەوە خاڵی سفرو كورد وتەنی كڵاوێكی گەورەتر بكەنەسەر ئەم پەرلەمانتارە كوردانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی