کوا توندوتیژی هەیە؟!!

25/11/2020

کنێر عەبدوڵڵا

"ژنێک بەدەستی مێردەکەی کوژرا، بەسێ برا خوشکێکیان هەڵواسی، تەرمی کچێک لەگەڕەکێک دۆزرایەوە، ژنێک پیاوەکەی خۆی خنکاند، ژنێک مێردەکەی خۆی دەرمانخوارد کرد، کچێک لەلایەن چەند پیاوێکەوە دەستدرێژیكرایه‌سەر، ژنێك  له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیان نه‌وتی كردوه‌ به‌خۆیداو ئاگری له‌جه‌سته‌ی به‌رداوه‌".

ساڵانەو بگرە لەئێستادا ڕۆژانە مانشێتی سایت‌و میدیاو سەردێڕی لاپەڕەی ڕۆژنامەو گۆڤارەکان پڕاوپڕن لەمجۆرە هەواڵە دڵتەزێن‌و نامرۆڤانەیە، لەبەرامبەر دوبارەبونەوەی هەموو ئەو کارەساتانەشداو لەپاڵ ناڕەزایی‌و هاوارو بەرزکردنەوەی دەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان، بەرپرسانی حکومەت‌و حزب‌و کەسایەتیی‌و ڕۆشنبیران‌و تەنانەت دادوەرەکانیش بەهەمان ڕیتم‌و شێوازی ڕێکخراوەکان ناڕەزایی دەردەبڕن بەئەندازەیەک زۆرجار دەکەوێتە گومانەوە لەوەی داخۆ کێ بەرپرسی ڕاستەقینە بێت لەکوشتن‌و ئەتککردن‌و دەستدرێژیی‌و بێسەروشوێنکردن‌و لوتبڕین‌و شێواندنی جەستەی دەیان‌و سەدان ژن‌و پیاو لەکوردستان؛ لەکاتێکدا ئاشکرایە لەهەموو وڵاتێکدا پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان‌و سەروەری یاسا بەشێوەیەک کە بکوژانی مرۆڤەکان لەدەستی یاسا قوتارنەبن‌و بەسزای یاسایی خۆیان بگەن تەنهاو تەنها ئەرکی  حکومەتە.

لەو ڕوانگەیەوە پرسیاری جدی ئەوەیە کێ بەرپرسە لەشاردنەوەی ڕاستیەکان؛ لەکوشتنی ژنان‌و پیاوان؛ لەسوکایەتیکردن بەژنان‌و پەراوێزخستن‌و بێڕێزیکردن بەجەستەی ئەو ژنانەی دەکوژرێن‌و ناشتنیان بێ ناوو ناونیشان لەگۆڕستانێکدا کە ناوی لێنراوە بێناونیشانەکان؟! کێ بەرپرسە لەبێدەنگی‌و پەرتەوازەیی کە باڵی کێشاوە بەسەر گەلدا بەگشتی؟!!

گەر هەموان بەیەک زمان‌و بەیەک شێوە ناڕازیی بن؛ کەواتە ئەبێ کێ سزابدرێ‌و کێ سزای بدات؟؟!!!

دەرئەنجام گرنگ ئەوەیە خودی مرۆڤەکان هەستی پێبکەن، باوەڕیان هەبێت بەمەسەلەکەو یەکگرتوانە بجەنگن لەپێناو دادپەروەری‌و مرۆڤایەتیدا؛ چونکە بێ ئەوە دەبێت هەمیشە ساڵانە  لەهەوڵی کەمکردنەوەو شاردنەوەی داتاکانی توندوتیژی بین‌و بڵێین کوا توندوتیژی هەیە!!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە