هێزی تاریک یان یان ڕوناک فەرمانڕەوایەتی وڵاتەکەمان دەکات؟

26/11/2020

رێبین محەمەد

LIGHT POWER
ئەگەر هێز دابەش بکەین بۆ دوو بەشەوە، کە کەسێکی سیاسی هەیەتی، هێزی رووناک، ئەوەیە دیارە لەبەرچاومانە بەپێی یاسا پێیدراوەو دەتوانێت بەکاری بهێنێت لەچوارچێوەیەکی یاساییدا، فەرمانپێکراوەکانیشی دەبێت جێبەجێی بکەن‌و ملکەچی بن، وەک سەرۆکی وڵات‌و سەرۆکی حکومەت‌و سەرۆکی پەرلەمان.

DARK POWER
هێزی تاریک، هێزێکی نایاساییە، بەشێوەیەی نایاسایی‌و ڕێکخراوەیی بەکاریدەهێنێت لەژێر پەردەوە، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی‌و بازرگانی، خۆی، کاریگەری دادەنێت لەسەر هێزی ڕوناک، بۆ گۆڕینی ئاراستەکەی لەبەرژەوەندی خۆی، ئەوکەسانەی لەمکارەوە تێوەدەگلێن ڕاستەوخۆ لەلایەن یاساوە داواکراو دەبن، چونکە جگەلەوەی فەرمانە یاساییەکانی لایت پاوەر جێبەجێناکەن ئەیانەوێت ڕێگریشی بۆ دروستبکەن.

ڕۆژنامەی سێبەر، چەکداری میلیشیای کەسایەتیەکان، بەرگری لەبەرپرسەکان دەکەن، کۆمپانیاکانی سەربەکەسایەتیە سیاسیەکان پارەیان بۆ کۆدەکەنەوە نایاساییانە، ئەو هونەرمەندو مۆدێل‌و فیگەرانەی دەکرێن بەئامانج‌و پارەیان پێ سپی دەکرێتەوە، هەمویان کاریگەریان لەسەر سیاسەتکردن دەبێت، گورزەیەک هێزی شاراوەو ڕەنگ تاریکن، ناڕاستەوخۆ لەسەر تای خاوەنەکانیان دادەنرێن بۆ ئەوەی سەنگیان زیادبکرێت.

کاتێک ڕوداوێکی تەمومژاوی ڕودەدات کلکێکی گرێدراوە لەگەڵ سیاسەت‌و ڕای گشتی لەسەر دروستدەبێت، وەک مردنی کەسایەتیەک، تەقینەوەو سوتاندنی شوێنێک یان، بڵاوکردنەوەی وێنەی ئابڕوبەر یان بەڵگەنامەی گەندەڵیەکی سیاسی‌و ئیداریی.

سیاسیەکان نایەن ڕاستەوخۆ خۆیان قسەیان لەسەربکەن، بەدەیان ڕێگا هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بەئاراستەی خۆیان ئەنجامی ڕوداوەکان بشکێتەوە، سەرەتا بەمیدیاو بڵاوکردنەوە کاریگەری لەسەر دروستدەکەن، دواتر جوڵاندنی شەقام‌و خۆپیشاندان، نەگەیشتنە ئەنجام تادەگاتە دابەزاندنی هێزی تەقەکەرو ڕوبەڕوبونەوە، دەڕۆن بۆ ئەوەی کێشەکان یەکلای بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئامانجێک بپێکن.

بەڵام ئەوەی تێبینیە، دارک پاوەری کوردی هەموی ئاشکراکرایە، یاسا ئەوەندە لاوازە لێی ناترسن، بۆ نمونە چەکدار بەڕۆژی نیوەڕۆ ئەتوانێت هەڵکوتێتەسەر شوێنێک کە جێگەی ئامانجیەتی، میدیا بەئاسانی ئەتوانێت بەهەر سیاسیەکدا بێتە خوارەوە، لەبەرئەوەی خاوەنەکەی بەرژەوەندیەکی لەگەڵ ئەو سیاسیەدا پێچەوانە بوەتەوە، خۆپیشاندانیش بەئامانجێک‌و لەژێر ناوی ئامانجێکی ترا هەر زۆر هەن.

ڕای گشتیی بەم یاریانە دەزانێت، بەڵام لەبەرنەبونی وەلائیان بۆ دەوڵەت‌و دەزگاکانی یاسایی پێیان ئاساییە سنوری دەسەڵاتەکانیان بشکێنرێت، خەڵکی ئاسایی خۆی لێ بەرپرسیار ناکات.

بۆ نمونە ئەگەر سیاسیەکی وەک دۆناڵد تره‌مپ لەکوردستان دروستبێت‌و ملنەدات بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەوا کۆمەڵگه‌ دەبێتە دوو بەشەوە لەبەرژەوەندی هەردوو لایەنەکە، واتە زۆرینەی خەڵک تێوەگلاوە لەدارک پاوەری سیاسیەکان، لەبنەڕەتدا کارێکی نایاساییە دەبێت ئەوانە دەستگیربکرێن‌و دادگایی بکرێن.

ئەوکاتەی خەڵک هۆشیار دەبێتەوەو خۆی دەربازدەکات لەژێر هەژمونی سیاسەتی تاریک‌و ئاشتدەبێتەوە لەگەڵ دەوڵەت‌و یاسا، ئیتر سیاسیەکانیش یاریەکانیان بەشێوەیەکی سستماتیک‌و شاراوەتر ئەنجامدەدەن، تاوەک ڕای گشتی پێی نەزانن.

لەبەر ناهۆشیاری خەڵک‌و نەبونی میدیای بەرپرسیارو لێکۆڵەرو بێلایەن، هێزی تاریک بەئاشکرا فەرمانڕەوایەتی دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی