حکومەتی هەرێم لەنێوان ڕوخان‌و چاکسازیدا!

29/11/2020

ئارێز عەبدوڵڵا

(یەکەم ـ  هێزە چەکدارەکان)

ڕۆڵی حزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان لەڕوبەڕوبونەوەی ستەمی داگیرکەران‌و وەدەستهێنانی مافەکانی گەل، مێژوییە‌و کەس ناتوانێ ئینکاری بکا، بەڵام ئەزمونی بەڕێوەبردن‌و بەبنبەست گەیشتنی ئەو شێوازە حوکمڕانییەی ئەوان بەردی بناغەیان دانا پێویستی بەهەڵوەستەیەکی گەورەو بەخۆداچونەوەیەکی سەرتاپایی هەیە.

پێویستیی چاکسازیی‌و ڕێکخستنەوەی سیستمی حوکمڕانی بابەتێکە لەبڕیار بەدەستە گەورەکان تا دەگات هاوڵاتییە ئاساییەکان باسیدەکەن، کەواتە لەخۆڕایی نییە ئەو بابەتە بۆتە وێردی سەر زاران.

کاتێک ئاوڕ لەمێژویی دوای ڕاپەڕین دەدەینەوە بەفەرامۆشکردنی قۆناغی شەڕی ناوخۆ دوو قۆناغی گرنگ دەبیندرێن:

یەکەم: قۆناغی مێژویی هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمان‌و پێکهێنانی کابینەی حکومەتی کوردستان.

دوەم: قۆناغی ئاشتەوایی‌و ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی‌و پارتی‌و یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارە.

لەو دوو قۆناغانەدا هەنگاوی گرنگ نراون، بەڵام بەهەموو پێوەرەکان دەبوایە ئێستا وڵات‌و سیستەمە حوکمڕانییەکەی گەشەی زۆر گەورە تری بکردایە، بەڵام مخابن لەو ساڵانەی دوایی نەک هەر هەنگاو بەرەو پشەوە نەنراوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەسەڵاتداران بەخۆیان‌و سیستەمە حوکمڕانییەکەیان هەر بەرەو دواوە ڕادەکەن!، واتە هاوکێشەکە پێچەوانەی ڕەوتی مێژویی بزوتنەوەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی وڵات بۆتەوە.

حکومەت زۆر بەچڕی باسی چاکسازی دەکاو هەندێ هەنگاویشی لەو بوارەدا ناون، هەرچەند هەنگاوەکان لەچاو پێویستیی هەنگاوە گەورەکان بچوکن، بەڵام هەر جێگای دەستخۆشین.

ئایا بەڕاستی لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێ چاکسازی بنەڕەتی بکەن؟
ئەگەر ئەوان دەیانەوێ پێویستە لەبەرامبەر مێژودا بێنە مەیدان‌و بیر لەزیانی تایبەتی حزب‌و هەندێ کەس نەکرێتەوەو هەروەکو چۆن لەپەیڕەوی ناوخۆی هەموو حزبەکانمان داهاتوە بەرژەوەندیی باڵای گەل لەسەروی هەموو بەرژەوەندیەکانی ترە، شان بدەینەبەرو لەگەڵ ئەو پره‌نسیپە ڕاستگۆبین، بەدڵنیاییەوە دەتوانین بەردی بناغەی قۆناغێكی زێرین دابنێین.

بەڕێوەبردنی چاک‌و سیستمی دیموکراسی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەو سەربەخۆیی دامودەزگا نیشتیمانییەکان بنیاتدەنرێن، بەڵام لای خۆمان سەرەڕای پڕوپاگەندەی گەورە لەکەس شاراوە نییە، دامەزراوە نیشتیمانییەکان ئازادو سەربەخۆ نین، کەواتە ناشتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن کە ئەرکە لەسەرشانیان، بۆیە ئێستا دەسەڵات لەدوڕیانێکی دژواردایە: چاکسازییەکی بنەڕەتی یان ڕوخان، ڕێگای سێیەم نابینم تەنانەت ئەگەر ئەم دۆخەش بەپینەو پەڕۆ ڕابگیرێ، تەنها درێژکردنەوەی ماوەیەو هیچی تر. 

ئەگەر بەڕاستی دەسەڵاتداران مەبەستیانە حکومەتەکەمان نەڕوخێ‌و بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێین، پێویستە:

ـ بیر لەچاکسازی لەجومگە سەرەکیەکان بکرێتەوە: 
یەکەم: هێزە چەکدارەکان
بەئەزمون دەرکەوتوە ئێمە نەماتوانی هێزەکانی (پێشمەرگە، ئاسایش‌و پۆلیس) یەکبخەین، ڕێکبخەین، بێلایەن بکەین، گەشەیان پێبدەین، تەنانەت تێکەڵکردنەوەی هەندێک لەهێزەکانی پێشمەرگەش لەناو لیواکانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بەداخەوە، تەنیا ڕوکەشیەو بەگەرماو سەرمایەکی سیاسی گەنم گردو جۆ بڵاوی لێدەکەنەوە.

هەمومان شانازی بەناوو ئازایەتی‌و لەخۆبردویی پێشمەگە دەکەین، بەڵام ئایا بەڕاستی ئەو هێزە بەپێوەری سوپای دەوڵەتان هێزێکی نیزامییە؟! 

ئایا ئەگەر لەگەڵ ئەو هەموو ئازایەتی‌و قارەمانیەتیەی پێشمەرگە هەیەتی لەچوارچێوەی سیستمێکی سەربازی مۆدێرن ڕێکخرابایەو پێویستیەکانی دابینکرابایە ئەو هەرێمەمان چەند بەهێزترو سەنگین تر دەبوو؟ 

بۆچی ئەوکارە ناکرێ؟ بێگومان هەموو کەسێک دەتوانێ بەئاسانی وەڵامبداتەوەو بڵێ لەبەرئەوەی دەسەڵاتداران بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەست لەسەر ئەو هێزانە هەڵناگرن، پێموایە ئەگەر یەکێتی‌و پارتی بمانەوێ ئەوکارە بکەین پێویست بەوەناکا هێندە ڕێگا کۆنە بەبنبەست گەیشتوەکان تاقی بکەینەوە، بەڵکو دەبێ بژاردەیەکی گونجاو هەڵبژێرین، بەنمونە پێشنیاردەکەم:

ئەنجومەنێکی نیشتیمانی لەکەسانی شارەزاو بێلایەن پێکبهێندرێ‌و ئەرکی یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش‌و پۆلیس دور لەدەستتێوەردانی هێزە سیاسیەکان بگرنەئەستۆ، تۆ بڵێی لەم کوردستانە شەش حەوت کەسێکی وامان دەستنەکەون کە بۆ قۆناغێک ئەم ئەرکە مێژوییە بگرنە ئەستۆ؟ 

دەستبەرداربون‌و دەست لەخۆتان لەپێناوی بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمان‌و سەلماندنی ڕاستگۆیی‌و پابەندبونمان بەپەیڕەوو پڕۆگرامەکانمان ئەوەمان لێ دەخوازێ‌و ئەو هاوپەیمانانەیش کە بەردەوام مەشق بەهێزی پێشمەرگە دەکەن‌و چەکی پێشکەوتویان بۆ دابیندەکەن ئەوەیان دەوێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی