(ژنان) كۆشكی سپی بەڕێوەدەبەن

30/11/2020

كاروان فارس ـ ئەمریكا

پارتی دیموكراتەكان هەمیشە ڕێچكەشكێنی مەسەلەی فێمەنیزم‌و ئازادی كەسی‌و ڕەگەزیەكان‌و داكۆكیكاری مافەكانی مرۆڤ‌و كۆچبەرو پەیڕەوكردنی ئازادیە نەتەوەیی‌و دینەكانیان زیاتر بایەخ پێداوە، هەمیشە تەركیزیان لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات كردۆتەوە هەوڵی باشتركردنی ژیان‌و گوزەرانی كۆمەڵگای ئەمریكیان داوە بەتایبەتی لەبواری پەروەردەو تەندروستی هەوڵ‌و كاركردنیان بۆ ئەو دوو سێكتەرە لەبەرنامەی كاری سەرۆكی وڵات‌و دامودەزگاكانی حوكمڕانى ئەو وڵاتە زیاتر ڕەنگیداوەتەوە، لەبەرامبەردا كۆماریەكان زیاتر گرنگیانداوە بەسیاسەتی دەرەوەو هەژمونی ئەمریكا بەسەر وڵاتانی دونیادا.

بۆیە لەزۆرینەی هەڵبژاردنەكاندا دیموكراتەكان دەنگی ئافرەتەكانیان زیاتر بەدەستهێناوەو پلەو پۆستی باڵایان پێداون لەسیستەمی حوكمڕانی ئەمریكادا، لەمێژوی ئەمریكادا نەبوە ئافرەتێك ببێته‌ جێگری سەرۆكی ئەمریكا، به‌ڵام ئێستا كامێلا هاریسی جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بەدەنگی لایەنگرو ئەندامی پارتی دیموكراتەكان ئەو پۆستە باڵایە بەڕێوەدەبات، كاریگەری لێهاتویی ئەو ژنە ڕەش پێسە یاساناس‌و بەتوانایە دەبینین لەداهاتودا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەودا، جگە لەمە دیموكراتەكان بەسەرۆكایەتی بایدن هاریس خەریكی پێكهێنانی كابینەكەیانن لەپۆستە باڵاو كاریگەرەكانی ئیدارەی داهاتوو و كۆشكی سپیدا، ڕێژەی ژن یەكجار زۆر بەدیدەكرێت.

لەمێژوی ئەمریكادا نەبوە ژن (ئافرەت) بەو ڕێژە زۆرە پۆستی باڵایان پێبدرێت بەتایبەتی لەپۆستە باڵاكانی بەڕێوەبردن‌و خەزێنەو بودجه‌و دامودەزگاكانی سیاسەتی ئابوری لەكۆشكی سپی (ئیدارەی سەرۆكایەتی ئەمریكا).

دیموكراتەكان لەشكاندنی ڕیكۆرد بەردەوامن، چەندان ئافرەتی بەتوانایان كاندیدكردوەو زۆرینەشیان لەكابینەكەی باراك ئۆباماو كەمپینی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی بایدن-هاریسدا ڕۆڵیان هەبوە:

1ـ كەیت بێدینگفیلد وەك بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانی كۆشكی سپی دەستبەكاربوە، كەیت لەڕابردوو بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئۆباما بوە، هەروەها لەكەمپینی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ٢٠٢٠دا بەرپرسی پەیوەندیەكانی جۆبایدن-كامێلا هاریس بوە.

2ـ ئاشڵی ئیتێن وەك بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانی جێگری سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكاربوو، ناوبراو لەڕابردودا بەڕێوەبەری پەیوەندیەكان‌و گەورە ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران (نانسی پیلۆسی) بوە، هەروەها لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیشدا وەك گەورە ڕاوێژكارێك هاوكاری كەمپینی بایدن-هاریس كردوە.

3ـ ئەلیزابێس ئەلكسەندەر وەك بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانی خانمی یەكەمی كۆشكی سپی دەستبەكاربوو، ئەلیزابێس لەخولی یەكەمی سەرۆكایەتی ئۆباما-بایدن سكرتێری ڕۆژنامەوانی جۆبایدن بوە.

4ـ جێن پساكی وەك سكرتێری ڕۆژنامەوانی كۆشكی سپی دەستبەكاربوو، ساكی لەسەرۆكایەتی ئۆبامادا چەندین پۆستی باڵای هەبوە لەوانە بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانی كۆشكی سپی‌و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.

5ـ كارین جانپیەر وەك جێگری سكرتێری ڕۆژنامەوانی كۆشكی سپی دەستبەكاربووـ ئەو خاتونە ڕەش پێستە وەك گەورە ڕاوێژكارێك لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا كامێلا هاریسی كردوە.

6ـ سیمۆن ساندێرس وەك گەورە ڕاوێژكارو سەرۆكی وتەبێژی جێگری سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكاربوو، ئەو ڕەش پێستە لەڕابردودا وەك گەورە ڕاوێژكاری بێرنی ساندێرس كاریكردوە هەروەها لەكەمپینی بایدن-هاریس وتەبێژی هاریس بوە.

7ـ پیلی تۆبار وەك بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانی هاوپەیمانان لەكۆشكی سپی دەستبەكاربوو، ئەم خاتونەش لەڕابردودا خزمەتی كردوە لەدەنگی ئەمریكا بۆ مەسەلەی داكۆكیكردن لەكۆچبەران، هەروەها وه‌ك بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانی كەمپینی بایدن-هاریس كاریكردوە.

هەروەها لەڕۆژی سێشەممەدا كەوا بڕیارە جۆبایدن لەویلایەتی دەلەوێر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چەند پۆستێكی تریش ڕابگه‌یه‌نێت كە چوار ئافرەتی تر پۆستیان پێدەدرێت لەكابینەی داهاتوو كە بەسەرۆكایەتی جۆبایدین - هاریس بەڕێوەدەچێت.

ئەو چوار مێنەیەش بریتین له‌:
1ـ نێرا تاندین كە وەك بەڕێوەبەری نوسینگەی بەڕێوەبردن‌و بودجه‌ى كۆشكی سپی پاڵێوراوە، ئەم ژنە ٥٠ ساڵە دەبێتە یەكەم ژنی ئاسایی كە  ئەو پۆستە باڵایە وەربگرێت لەئەمریكا.

2ـ سیسیلیا ڕەوس وەك سەرۆكی ڕاوێژكارانی ئابوری پاڵێوراوە.

3ـ هەیسەر بۆوەشی وەك ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری ئابوری پاڵێوراوە.

4ـ جەنێت یەلین وەك سكرتێری گەنجینە پاڵێوراوە.

كاروان فارس ـ ئەمریكا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی