چاککردن یان گۆڕین؟

30/11/2020

مەحمود ڕەزا

تێکۆشانی هەڕەمەکی یان هاوپەیمانیی بەدیلی دەسەڵات؟

هەر هێزو حزب‌و لایەن‌و کەسێک بڵێ ئەم دەسەڵاتە لەناوەوە ئەگۆڕم، یان گێل‌و نەفامە یاخود بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی، خەڵک‌و دەنگدەرەکانی چەواشە ئەکا.

دەسەڵاتی کوردی پێی ناوەتە قۆناغێ کە بەهیچ جۆرێ چاکناکرێت، بەڵکو ئەبێ لەڕیشەوە بگۆڕدرێ.

مێژوی مرۆڤایەتی نمونەیەکی وەکو ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی تۆمارنەکردوە، توانیبێتی خۆی خۆی چاک بکا، یان هێزێکی لەخۆی کەم تواناتر چوبێتە ناوی‌و لەناوەوە چاکیکردبێ.

گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە لەوە دەرچوە بەپه‌رلەمان‌و بەمشێوازی کارکردنەی حزبەکانی غەیری پدک‌و ینک، بکرێ.

بەڵکو ئەبێ هاوپەیمانییەکی نیشتمانی بەدیل دروست ببێ‌و بۆ هەموو کایەکانی ژیان پڕۆژەی جیاوازو پێچەوانەی پڕۆژە شکستخواردوەکانی پدک‌و ینکی هەبێ.

بەبێ ئەو هاوپەیمانیە‌و بەبێ خۆ تەرحکردن وەکو بەدیل‌و بەپڕۆژەی بەدیلەوە، درێژەدان بەکارو چالاکیی سیاسی‌و بەشداریکردن لەهەڵبژاردنە گشتییەکانا، جگە لەڕتوشکردنی دەسەڵاتی مافیاکان‌و بەهێزترکردنیان‌و رەنجەڕۆترکردنی گەل، هیچ بەرهەمێکی نابێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی