هەولێر بۆ بێدەنگە ؟

05/12/2020

هیوا سەید سەلیم

جارێکی دیکە چین و توێژەکان لە هەرێمی کوردستان لە ناویاندا مامۆستایان و خانەنیشینان و فەرنابەران.....هتد بۆ داواکاری مووچە ڕژانەوە سەرشەقامەکان، بۆ ئەم مەبەستە شاری سلێمانی وەک هەر جارێکی دیکە بۆ هەڵمەتی ناڕەزاییەکانی ئەو خەڵکە پێشەنگ بوو. 
پێش شاری سلێمانی هەوڵێکی لەو شێوەیە لە دهۆک و زاخۆ درا، بەڵام لە دهۆک بەهۆی دەستگیرکردنی سەرپەرشتیارانی گردبوونەوەکان لە لایەن دەزگا ئەمنیەکان رێگری لە بزووتنەوەی ناڕازی خەڵکی ئەو دەڤەرە کرا.
شایانی باسە لەو چەند ساڵەی دواییدا بە هۆی دواکەوتنی مووچە و بێزاری خەڵک لە گەندەڵی و نادادی لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لێرەو لەوێ خەڵکی بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانیان گردبوونەوە دەکەن، گەلێک جاریش بەهۆی کاردانەوەی نا دیموکراسیانەی دەسەڵات ئەو گردبوونەوانە بە ئاڕاستەی دیکە دەبردرێن، و زۆربەی جاریش گردبوونەوەکان توندوتیژی لێدەکەوێتەوە و خەلکی سڤیل دەبێتە قوربانی .
ئەوی کە جێگای پرسیاری خەڵکی ناڕازیە ئەوەیە کە بۆچی خەڵکی هەولێر بەراورد بە شارەکانی دیکە وەک پێویست خۆپیشاندان ناکات و جوولەی ناڕەزایی خەڵکی تێدا بەدی ناکرێت؟ ئایا خەڵک لە هەولێر لەو دەسەڵاتە رازیە، ئایا ئەوانیش بێ مووچە و خزمەتگوزاری نین؟
چەند رۆژێکە ئەو پرسیارە لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان وروژێندراوە، و زۆر جار کار گەیشتۆتە ئاستی سووکایەتی و شەڕە قسەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و  بردنی بابەتەکە بۆ ململانێی شارچیەتی.
ئێمە کە ئاگاداری زۆربەی چالاکی و گردبوونەوەکانی شاری هەولێرین، پێمان وایە غەدر لە خەڵکی شاری هەولێر دەکرێت، بە تایبەت ئەگەر بووترێت بێ هەڵوێستن و دەنگ ناکەن، راستیەک هەیە باشە هەموو لایەک بیزانن،  ئەویش ئەوەیە خەڵکێ هەولێر درەنگ بە قسە دێت، بەڵام ئەگەر قسەی کرد ئەوا یەکلاکەرەوە دەبێت.
دوو ساڵ پێش ئێستا سلێمانی و دوروبەری شەست رۆژ لە دژی پاشەکەوتی مووچە لەسەر شەقام بوون، مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان دەکرد، تەندرووستیکاران مانیان دەگرت، کەچی لای دەسەڵاتداران وەک ئەوە وابوو کە نەبایان دیبێت و نە بۆران، بەڵام بە دوو سێ رۆژی گربوونەوەی هەولێر یەکسەر حکومەت بڕیارای پێداچوونەوە بە پاشەکەوتی مووچەی دا.
ئێستا حەقتانە بپرسن کەوایە هەولێر بۆ بێدەنگە؟ بێدەنگی هەولێر بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، هۆکاری سەرکی بریتیە لە شیوازی مامەڵەی دەسەلاتدارانی ئەو شارە لەگەڵ پرسی نارەزاییەکانی خەڵک، لەوانیە بڵێن لە سلێمانیش خەڵک لێی دەدرێت، وبریندار دەکرێت، و دەخرێتە زیندان، بەڵام ئەوەی هەولێر لە سلێمانی جیادەکاتەوە ئەوەیە کە لایەنی دەسەڵات تەنیا بە هێندە دڵێ ئاو ناخواتەوە، بگرە هەمیشە تۆمەتی دیکەی بۆ سەرپەرشتیارانی گردبوونەوەکان ئامادەیە، وەک ئەوەی ئێستا لەگەڵ چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی بادینان دەکرێت.
لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستیانەشدا هێشتا هەولێر بێ دەنگ نیە، دەنگێکی ناڕازی بەهێز لە هەولێر هەیە، بەڵام ئەو دەنگە بێ ڕابەر و بێ خاوەنە، حزبەکان بە تایبەتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن نەهاتوون پێشەنگایەتی ناڕەزایی خەلک لە هەولێر بکەن، پەرلەمانتاران هەولێر جێدەهێڵن و لە سلێمانی پێش خەلکی دەکەون.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەگەر ئەو دۆخە درێژە بکێشێت و دەسەڵات هەنگاوێکی کرداری بۆ چارەسەری کێشەکان نەنێت، بەبێ بوونی پێشەنگ، بگرە خۆڕسکانە خەڵک لە هەولێریش دەرژێتە سەرشەقام، چونکە هەموومان ئەوە دەزانین کە جامی ناڕەزاییەکانی خەڵک هێندە پرە، نەک هەر لێی دەڕژێت،  بگرە خەریکە جامەکەش دەشکێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە