ووردە باس...

09/01/2021

پشکۆ ناکام

پاشئەوەی بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەتی هەرێم بڕیاری دەرکرد بۆ پێکهێنانی هێزی سەربازیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مەرزەکان، نەبادا خوانەکردە وڵاتانی دراوسێ‌و ناحەزانی ئابوری سەربەخۆو گەشەی ئابوری هەرێم زەفەر بەخاڵە سنووریەکانی گومرگ بەرن‌و داهاتی ئەو گومرگانەی کە بۆ کەسوکاری شەهیدو ئەنفالکراوەکان سەرف ئەکرێ  بەتاڵان بەرن‌و ئەیسەلمێنێ کە ئەم دەسەڵاتە خەمخۆرەی میللەت لەخەویشا هەر بیر لەخەڵک‌و داهاتەکەی ئەکاتەوەو رێگە بەهیچلاو حیزب‌و تاقمێک نایا کە دەستبەرن بۆ قووتی خەڵک.

ئەم بڕیارە شۆڕشگێڕییەی حکومەت مەگەر هەر بڕیاری مێژوویی‌و جوگرافییەکەی پاشەکەوتکردنی 27/ملیارد دۆلارەکە بەرامبەری بوەستێ کە دەسەڵات‌و لەڕێی حکومەتەوە خستوییەتیە چەن قاسەیەکی سپییەوە بۆ ڕۆژی ڕەش‌و قیرسیای کرد لەقەرزاربوون لەبەر خاتری ئایندەو نەوەکانی داهاتوومان، ئەم حکومەتەی بەناو هەرێم!!! ئەوەنە ووردبین‌و مێشک کراوەیە کە بۆ ڕاوی"مووچە" هاتوە ڕاوچییەکی "ئاسک"ی داناوە، چونکە ئەزانێ مووچەکە وا لەدەمی شێراو ئەوەی ڕاوە ئاسکی کردبێ فێری ڕاوە شێریش ئەبێ، لەگەرمیان نا لەبەغا.. قەیچێکە..

دوای ئەوەی تێهەڵانی پارلەمانتارانی پارلەمەمانە کارتۆنییەکەی هەرێم، روو لەزیابوون ئەکاو بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی‌و بەناو فراکسیۆنی دەسەڵات ئەندامەکانی خۆی فێری کاراتیەو شەق‌و بۆکس وەشانن ئەکات تا بیسەلمێنێ گەر دەسەڵات بەچەک‌و تفاقی هاوپەیمانان نەتوانێ بچێتە هۆڵی پارلەمانەوە بۆ ئاقڵکردنی ئەوانەی زات ئەکەن دەمبکەنەوە، بەهێزو بازووی خۆماڵی‌و قوتابیانی رێبازی کەرەج ئەو ئەرکە نیشتمانی‌و یاساییە بەجێ ئەگەیەنێ واتا بەرهەمەکە وەک ریفڕاندۆمەکە خۆماڵییە.

لەجێی خۆیەتی ئەوانەی بەر شاڵاوی شەقوەشێنەکانی دەسەڵات لە ناو دەزگا کارتۆنییەکەی پارلەمان ئەکەون، سەندیکایەکی تایبەت بۆ خۆیان  پێکبهێنن تا لەکاتی پێویستا بەرگری لەخۆیان‌و مافەکانیان‌و سود لەئەزموونی ئەوانە وەرگرن کە زەمانی موعارەزەبونیان یەکەم کەسبوون بەر شاڵاوی شەقوەشاننی فراکسیۆنەکەی دەسەڵات بون‌و ئەمڕۆ خۆیان پاشکۆی هەمان دەسەڵاتن، واریدیشە لەو کارتۆنەی ناوی لێنراوە پارلەمان ژوورێک هەبێ بەناوی ژووری فەلاقەو فراکسیۆنی دەسەڵات لەوێ دەوامبکەن‌و ئەوانەش کە ئەمری تێهەڵانیان دەرئەچێ ببنە ئەندامی "سەندیکای قوربانیانی ژووری فەلاقە".!!، دیموکراسیش ئەوەیە کە هەردوولا پێکەوەو هەر لەهەمان هۆڵ دەنگ بەکاندیدەکانی ژووری فەلاقە بدرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی