ئەردۆگان بە دوای چی دا دەگەرێت

16/01/2021

دانا رەشید

ساڵی ٢٠٢١ بە ساڵی گۆڕانکاریەکان هەژمار کراوە،  رەنگە لە ریشەکێش کردنی ئەم پەتا زاڵمەی کە  پەتای کۆرۆنایە و جیهانی  بەخۆیەوە  سەرقاڵ و تەنگەتاو کردوە ، بۆ ریشە کێش کردنی  هۆکارەکانی  کۆرۆنا بروات، بێ گومان ئەوەی  زۆر قسەوباسی لەبارەوە دەکرێ، خودی ڤایرۆسی کۆرۆنا نی یە هێندەی باس لە هۆکارەکانی دروست بوونی ئەو ڤایرۆسە دەکرێ، سەریش دەکێشێ بۆ لەبەر یەک هەڵوەشان و تێکدانی بلانسی  سیستەمی سەرمایەداری جیهانی،  جەنگەکان هەمیشە  هێزی پارە دروستیان دەکاو  هەر بە هەمان هێزیش  بەگەر دەخرێ و  بەهەمان هێزیش  هێور دەکرێنەوە.

بە لاچونی دۆناڵد ترامپ و هەڵنەبژاردنەوەی، جیهان بەتایبەت ئەوروپا هەناسەیەکی هەڵکێشا ، جەنگەکان  ئابورین و بەڵام سیاسەت  بەرێوەی دەبردن، ئەمما ئیدارەی ترامپ  سیاسەتی کرد بە گەمەی سەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و توێتەر و،  بە تەواوەتی  ئیدارەی جەنگەکانی دایە دەست کۆمەڵێ سەرمایەدار،  بەمە رەوشێکی نەخوازراوی دروست کرد، کە پەیمان شکاندن، کڕین و فرۆشتن، تیجارەتی بێ مۆراڵ و زۆر شتی تر  وای کرد ئەردۆگان و هاو شێوەکانی خۆیان لەو جۆرە ڤیگەرەدا بدۆزنەوە، ئەردۆگان بۆ بەدی هێنانی خەونەرکانی  زۆر  پێویستی بەم جۆرە مامەڵە و  ئیدارەدانێکی کۆشکی سپی بوو، لە شێوەی ئیدارەی ترامپ، ئیدی  کاتێ  هەموو چەمکێک هاوشێوەی ئیدارەی ئەردۆگان لە مۆراڵ و زانست و پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی سیاسەت دادەماڵرێت،  دەکرێ ئەو روداوانە رو بدات کە لە ٤ ساڵی سەردەمی ترامپ رویان دا  لە جیهان و  بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەراست، یەکەم خەونی ئەردۆگان کە تێک و پێک شکێنرا، روخاندنی  حکومەتی مورسی بوو لە مصر، کاتێ دەرکەوت کە ئەردۆگان  پیلانی ژێر بە ژێریان لەگەڵ مورسی و راشد غەنوشی لە تونس  داناوە بۆ  هەڵئایسانی شۆرشێکی ئیسلامی ئیخوانی کە جارێکی تر ئیمپاراتۆری عوسمانی سەرهەڵبداتەوە، ئەردۆگان دوای  تێکشکاندنی ئەم خەونەی   وەک مار خۆی لە لیبیا  پەپکە کردو ئاگری شەری ناوخۆی خۆش دەکرد، ترامپ ئەو شانسەی دا بە ئەردۆگان کە سیاسەتی لەگەڵ بەژەوەندی ئابوری شەخسی نێوان ئەردۆگان و ترامپ وەک دوو سەرمایەداری گەورە لەسەر حسابی سیاسەتی نێودەوڵەتی گەشە پێ بدەن، لێرەوە ترس و خەتەر لەسەر کۆی گشتی ناوچەکە  دەرکەوت، جیهان لەوە دەترسا خولێکی تر ترامپ سەرکەوێت و ئیدی بەتەواوەتی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە گرێژنە بکێشێت، جەنگێکی تری جیهانی زۆر وێرانکەرتر لە جەنگی جیهانی دوەم  سەرهەڵبدات.

ئیدارەی ترامپ پشتی کردە کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان کە باسکی بەهێزی شەر دژی داعش بوون ، بۆ ئەردۆگان تا لە عەفرین داگیریان کات ، ترامپ  ئەو ناوچانەشی خستە ژێر رەحمەتی ئەردۆگان کە کورد تێێدا بەشداری حوکم کردنی ناوچەیین، کە بە ئاشکرا ئەردۆگان هەرەشەی  ئیبادەی جەماعی کوردی دەکرد بەناوی خەتەری داعش لەسەر تورکیا ، کە داعش لە تورکیا تەمویل دەکرا، لەسەرێکی ترەوە جیهان چاوی داخست لە  گرتن و کوشتن و دەرکردن و هەموو  سەرکردەو چالاکوانێکی سیاسی کورد لە باکوری کوردستان،  شەر دژی شارەکوردەکان، بە بیانوی هێزەکانی قەندیل، شەر لە باشوری کوردستان، واتە ئەردۆگان کاتێ خەونی یەکەمی لە لیبیاوە تێک شکا، بەهۆی ترامپەوە  هات بۆ تێکشکاندنی خەونی  کوردستان، روسیا سەرگەرمی هاوسەنگ کردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی بوو لەگەڵ ترامپ ، وەلی فەرەنسا بە توندی ئەوەڵ تا ئاخەر دژی ترامپ و سیاسەتی ترامپ جەنگا، هەرچەندە دەیان  کردەی تیرۆرستی و  دەیان گرژی و ئاڵۆزیان بۆ دروست کرد، وەلی نە لە پشتیوانی کوردەکان  سارد بوەوە و نە  ڕوی گرژی بەرامەر ترامپ خاو بوەوە.

ئەردۆگان لەگەڵ ماکرۆن کەوتە جەنگێکی دەرونی و سیاسیەوە ، زۆر جار  لە  کۆبونەوکانی  ئەوروپاو جیهان، لەدەست فەرنسا ڕای دەکرد،  ڕاگەیاندنەکانی ئەڵمانیاو فەرەنسا لە ئەوروپا بە راستەوخۆ  کەوتنە بەدەر خستنی ڕوی دزێوی ئەردۆگان،  کە ئەردۆگان و  دیکتاتۆرە خوێرێژەکانی مێژو وەک یەک پیشانی ڕای گشتی جتیهان دەدا،  پشتیوانی دۆزی کوردو لابردنی  بە تیرۆرست ناساندنی سەرۆک ئاپۆ و  بەرگری لێ کردن لە دەمیرتاش و تەواوی ئەوانەی  ئەردۆگان زیندانی کردون،  ئێستە ئەردۆگان کە بەهۆی ئیدارەی ترامپەوە هەمیشە  کارتی پێ بوو دژی ئەوروپا فرێی بدات ، ئێستە  بە گۆڕانی ترامپ و هاتنی بایدن، ئەردۆگان بێ دەست ماوەتەوە، جارێکی تر کەوتۆتەوە پۆزش و عوزرخوایی لای فەرەنساو ئەڵمانیا،  کە بە بۆنەی  سەری ساڵی ٢٠٢١ پیرۆزبای بۆ ماکرۆن ناردوە وەلی ماکرۆن پاش دوو هەفتە تازە وەڵامی داوەتەوە،  ئەردۆگان ئێستە بە دوای کارتی تازەی سیاسەتدا دەگەرێ،  لێرەوە کورد بەتایبەت باکورو رۆژئاوا دەبێ زۆر بەئاگا بن لە پیلانەکانی ئەردۆگان، دەسەڵاتی باشور لەمەسەلەی کوردبوندا دەستی لێ شۆراوە ، چونکە جارێکی تر ئەردۆگان  گەرەکێتی بەهۆی  سەرانی  باشوری کوردستان دژی رۆژئاواو باکور بخاتە گێژاوێکی ترەوە، باشوری کوردستان وەک حوشەی پشتەوی تورکیاو حەوشەی پێشەوی ئێران، لە وەزعێکی خراپدایە، ڕەنگە  هەوڵێک هەبێ بۆ جیا کردنەوەری ئەو دوو حەوشەیە واتە حەوشەی پشتەوە بۆ تورکیاو ، حەوشەی پێسەوە بۆ ئێران ، ئێستە لە مشتومڕی جیا کردنەوەی ئەو دوو حەوشەیەن ، کە باشوری کوردستانی کردوە بە گۆڕەپانی یاری مشک و پشیلە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی