خودی پەرلەمان خۆی مەهزەلەیەو ڕودانی مەهزەلەش تێیدا ئاساییە

18/01/2021

زاهیر باهیر

هێرشی ئەمدواییە بۆ سەر کۆنگریسی ئەمەریکا نە مایەی سەرسامبوونەو نە تێڕامانیش، ئەوەی کە لە6ی ئەم مانگەدا لەکۆنگرێسی ئەمەریکا ڕوویدا ڕووداوێکی تازە نەبوو و کۆتا رووداویش لەو چەشنە نابێت. 

هێرشی خەڵکی ئیتر ڕاستڕەوەکان بووبێت یاخود چەپەکان بۆ سەر بینای پەڕلەمان لەزۆربەی وڵات ڕوویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، یۆنان، بولغاریا، ئیسرائیل، ئۆکرانیا، بەلەڕوس، ئۆگەندەو وڵاتانی دیکە.

لەوڵاتانێکیشدا کە ئەمە ڕووینەداوە وەکو بریتانیا لەبەرئەوەبووە ئەمان پێشوەخت بەهەزارەها پۆلیس‌و ئەسپسوارو سەگیان هێناوە، لەئاسمانیشەوە هەمیشە دوو کۆپتەرێك بەسەر پەڕلەمان‌و ماڵ‌و ئۆفیسی سەرەكوەزیرانەوە چاودێرییان کردووە، دەنا چەندەهاجار لەلایەن خۆپیشادەرانەوە بۆ شکاندنی دەرگای پۆڵاینی بەردەم ماڵی سەرەکوەزیران هێرشکراوە، بەڵام شکستیانهێناوە.  

ئەمە سەرەڕای ئەوەشی کە لەچەندەها وڵاتا شەڕە بۆکس‌و شەڕە کورسیی لەنێوانی پەڕلەمانتارەکانا ڕویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، ئیسرائیل، تورکیا، عێراق، کوردستان .. تد.  خودی پەڕلەمان خۆی مەهزەلەیە و دەکرێت مەهزەلەش تێیدا رووبدات.

ئەوەی کە ئەم روداوەی کۆنگریسی ئەمەریکای گەورە کردووەو کردۆتە وێردی سەرزمانی میدیا بەتایبەت میدیاکانی ئەمەریکاو ئەوروپا، ئەوەیە کە دەیانەوێت پێمان بڵێن لەوڵاتێکی دیموکراتی وەکو ئەمەریکادا ناکرێت ئەوە ڕووبدات!!! ئەوە شکاندنی حورمەت‌و قودسییەتیی پەڕلەمانە، ئەوە سوکایەتیکردنە بەپیاوانی کۆنگرێس کە نوێنەرانی گەلن، ئەوە تێپەڕاندنی هێڵی سوورەو کۆتایی سنوری ئازادیی تاکە، ئەوە بڤەیەو گوناحی کەبیرەیە.

لەحەقیقەتدا ئەوەی کە لەوێ کرا مەترسی نەبوو بۆسەر دیموکراتییەت، چونکە خودی پرسی دیموکراتیی، لەوێ بزرەو بوونی نییە، هاوکاتیش هەڕەشەیەکیش نەبوو بۆ سەر دەسەڵاتی ئەمەریکی‌و پەیامێكی جەرگبڕانەش نەبوو بۆ دونیاو حکومەت‌و دەوڵەتەکانی، هەرچی دەسەڵاتداران هەن لەهەر شوێنێکی ئەم دونیایەبن خۆیان زۆرباش دەزانن دیموکراتی وجودیی نییەو باس لێوەکردنی بۆ گەمژاندنی دەنگداران‌و هاووڵاتیانیانە، ئەوان دەزانن کە دیموکراتییەت تەکسییەکەو کە گەیاندنییە مەنزڵ کاریان پێی نامێنێت‌و دەتوانن ئیزنی بدەن.

ئایا خودی دیموکراتی وجوودی هەیە؟
قسەی سیاسییەکان‌و بزنسمان‌و خاوەنسامان‌و میدیا شتێکەو واقیعیش شتێکی دیکەیە.  دیموكراتیی‌و کۆمەڵی دیموكراتی‌و حکومەتی دیموكراتی لای ئەمان هەرلایەنی هەڵبژاردنی حوکمڕانان دەگرێتەوە، کە لەو هەڵبژاردنەدا هەژاران‌و چەوساوان شتێك ناکەن‌و مافێکیان نییە جگە لەجێبەجێکردنی فه‌رمانی فه‌رماندەران، جگە لەمافی هەڵبژاردنی چەوسێنەران، زاڵمان‌و بکوژانی خۆیان. 

ئەمجۆرە لەحوکمکردن لەپیلانی کودەتای سوپایی‌و دەسەڵاتی ڕەهایی پادشایی بۆ باڵادەستان‌و دەستەبژێران، چینی بورجوازیی، زۆر ئارامبەخشترو بەرهەمهێنەر ترو کەم مەسرەفترەو توانای باشتریشی هەیە لەمێشكشۆردنەوەی هاووڵاتیانا، ئەم پرۆسەیە بەردەوامەو دەگاتە مەنزڵی خۆی بێئەوەی هاووڵاتیی چی تر ڕای وەرگیرێت تا خولی هەڵبژاردنی ئایندە مەگەر ڕاپرسییەکی [ڕیفرۆندەمێك] گشتی بێتە پێشەوە.  ئیتر هاووڵاتیان، دەنگدەران بێ ئەرك‌و زانیاریی دەمێننەوە، ئەوەی کاندیدەکان‌و دەوڵەت  دەیشارنەوە لێیان، ئەو ڕاستییەیە کە دەنگدانی ئەوان‌و دەنگنەدانیان یاخود زۆربە بەشداری بکەن یا نەیکەن، گرفتێك نییە لەم درۆ گەورەیەدا، چونکە ئەوان ڕۆڵیان بەڕێکردنی پرۆسەکەیەو تاج لەسەرنانی ئەمانە.  ئەوەی کە حوکم دەکات سوپایە، دەستەبژێرەکانن، خاوەنسەرمایەو بزنسمانەکانن،  کۆمپنایا گەوەرەکان‌و بەڕێوەبەرە گەورەکانن، پۆلیس‌و تۆڕە سیخوڕییەکان‌و دەسگەدراوییەکانن،  دادگاو دادوەرەکانن، نە پەڕلەمانتارەکان .

پەڕلەمانتارەکان، بەڵتەچییەکان یاخود  چەواشەکەرەکان، هەرچییان ناودەنێیت، تەنها لەوێن بۆ پەسەنکردن‌و بەڕێکردنی ئەو بڕیارانەی کە ناونوسمکردن، تاکو شێوەو ناوەرۆكی یاساییان پێبدەن‌و ئەم نوێنەرانەی گەل پەسەندو مۆری بکەن.

لەسەراپای دونیادا ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە کە بڕیارە گرنگەکان، چارەنوسییەکان، تەنانەت زۆرێکیش لەبڕیارە بچوکەکان هەرگیز ناچنەوە بەردەمی دەنگدەران. بۆ نموونە بڕیاری هێرشی ئەمەریکاو بریتانیاو وڵاتانی دیکە بۆ داگیرکردنی عێراق. لەمەدا پرس بەکەس نەکرا. بڕان‌و کەمکردنەوەی بیمەکان‌و فرۆشتنی سامان‌و موڵکەکانی دەوڵەت کە بەموڵکی گەل ناوزەد دەکرێت، دەنگدەرو هاووڵاتیان بێ خەبەر دەبن لێی تاکو لەمیدیاکانەوە دەیبیستن. دانانی سەرۆکی پۆلیس‌و دەسگەی سیخوڕی‌و سەرۆکی بانق‌و دەزگە دراوییەکانی دیکەو سەرۆکی دادگاو بەڕێوەبەرە گەورەکان نەك ئەمانەش ناگەڕێننەوە بۆ پرسی خەڵکی بەڵكو ناشخرێنە بەردەم پەڕلەماناتارەکان، نوێنەرەکانمان. بەکورتی ئەوەی کە پەیڕەو دەکرێت ناوی بێ ناوەرۆکە.

ئایا حکومەتێكی  دیموكراتی بوونی هەبووە یاخود بوونی هەیە؟ 
دەتوانین پرسیارەکە بەجۆرێكی تر بکەین ئایا دیموكراتیی‌و دیکتاتۆرییەت هەر یەك شت نین؟ 

ئەوەندەی من بەبیرم بێت‌و بزانم حکومەتێك نییە کە ئەگەر بۆ جارێكیش بووبێت توندوتیژی بەرانبەر بەهاووڵاتیانی، دەنگدەرانی، بەکارنەهێنابێت. حکومەتێك نییەو نەبووە کە هەریەك دیوی هەبووبێت واتە هەر دیکتاتۆریی یا دیموكراتیی، حکومەتێك نەبووەو نییە کە سروشتەکەی دیموكراتیانە بووبێت یا خود پەنای بۆ یەك لایەنی حوکمڕانی لەدیموكراتی یا دیکتاتۆریی، بردبێت، نەشکراوە کە یەك شێوازی حوکم بەکاربهینن .

زانینی هۆکاری لۆژیکیانەی ئەمەش هەر زۆر ئاسانە. حوکمڕانیی دەبێت بەسەر کۆمەڵە خەڵكێكدا بکرێت، بۆ ئەوەشی کە حوکمکراون، فرمانپێکراون، لەهێڵ دەرنەچن، سنور نەبەزێنن، وەلایان بۆ حکومەت‌و دامەزراوەکانی هەبێت. هەر لەخەت لایانداو وەلایان نەبوو ئەوە دەکرێت کە حکومەت توندووتیژییان بەرانبەر بەکاربهێنیت، بۆ ئەمەش حکومەت، دەوڵەت پێویستی بەجیهازی سەرکوتکردن لەپۆلیس‌و سوپاو سیخوڕ هەیە.

حکومەت، دەوڵەت، یا نییە یاخودی دیموكراتی نییەو نابێت، دەوڵەتیش یا بەهێزە یا لەداڕمانایە زۆرجاریش بۆ بیناکردنەوەی خۆی بەهێزێکی دیکەوە. ئەوەی کە حکومەت، دەوڵەت هەیەتی سروشتی دیکتاتۆریانە، فاشستیانەی خۆیەتی کە گۆڕانیی بۆ نییەو بەسەریدا نایەت. هەرچیش دیموكراتییەکەی‌و دیکتاتۆرییەکەیەتی مەیلە، شێوازی حوکمە، کە جاری وا هەیە پێویستی بەنواندنی تۆزێك نەرم‌و نییانی‌و کردنی چەند چاكسازییەکی لاوەکیانە هەیە، ئا لەم بارەدا وامان پێدەناسێنن کە دەوڵەت دیموکراتییە.  کاتێکیش کە مانەوەی خۆی پێویستدەکات، توندوتیژی بەکاربهێنێت‌و سەرکوتی هاووڵاتییان بکات، حکومەت‌و دەوڵەتمان بەدیکتاتۆریی پێدەناسرێنرێت.

پەلاماری لایەنگرانی ترامپ بۆ سەر کۆنگرێس، ئەمانە کێن‌و بۆچی؟
ئێستاش با لێرەوە سەرنجێکی حوکمی ترامپ لەئەمەریکادا بدەین‌و دواتریش پێگە جەماوەرەییەکەی .

مێژوویەکە کە حوکمکردنی ئەمەریکا لەنێو پارتی کۆماریی‌و پارتی دیموكراتدا دەستی دەستی دەکات. ئەم پارتانەش چ دیموكرات‌و چ کۆماری هیچیان دیموكراتی نین، بەڵام هەر کامەیان  شوناسنامەیەکیان بۆ خۆیان وەرگرتووەو جەماوەری خۆیان گەرچی گۆڕانی بەسەردادێت، بەڵام هەیانە. یەکێکیان حیزبی دەسڕۆیشتوان، بزنسمانان‌و سەرمایەدارانن. ئەوی تریان ئاوا ناوی ڕۆیشتووەو لەمیدیای فەرمیشدا بەدیموكراتی دادەنرێت. میدیاو خۆیان وا لەخەڵکی دەگەیەنن کە دیموكراتییەکان نەك هەر دۆست، بەڵکو حیزبی ڕەشپێستان‌و خەڵکانی بێگانەو کرێکاران‌و هەژارانە. 

بەڵام لەڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر جەوهەری لەنێوانیاندا نییە. لەحوکمی هەر یەکەیانا گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ئەمەریکا، چی لەڕووی سیاسییەوە یاخود کۆمەڵایەتی‌و ئابوورییەوە تاڕادەیەك هەر نایە. دۆست‌و دوژمنەکان، دۆست‌و دوژمنی هەردوولان، زەرەرو قازانجی ئەمەریکا هەرچی بێت هی هەردوکیانە.

پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لەوێ پارەیەکی هێکجار خەیاڵی تێدەچێت، ڕەنگە باوەڕنەکەیت کە کولفەی هەڵبژاردنی ڕابردوی ئەمەریکا لەنێوانی هەر هەمویانا 14 ملیار دۆلاری تێچووە، چەند پارەیەکی خەیاڵییە دوو ئەوەندەی هڵبژاردنی 2016 بووە.   

لەهەڵبژاردنیشدا هەموو شتێک بۆ هێنانی دەنگ، دەکرێت، هەموو درۆو دەلەسەیەك ڕەوایە، هەموو بوختان‌و لەکەدارکردنێك بۆ زڕاندی یەکدی ئاساییە، ئەوەی لەژێر بەڕەی پەنجا ساڵ لەمەوبەری جەنگی ئەمەریکادا بۆسەر ڤێتنام، هەیە،  دەهێنرێتەسەر بەڕە. باشترین کاتە بۆ میدیای ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی کارە ئابڕوچوەکانی کاندیدەکان‌و گاڵتەجاڕیی دیمانەی ڕادیۆو تی ڤییەکانیان.  

دۆناڵد ترامپ لەهەردوو هەڵبژاردنەکەی 2016و 2020  کەوتە مەعرەکەیەکی زۆر نابەرانبەرو مەترسیدارەوە لەگەڵ میدیاو نەیارەکانیا، بەڵام هێشتا لە2016دا هەر بردییەوە.  لە2020دا وێڕای ئەوەی کە میدیای ئەوروپی‌و ناوخۆی ئەمەریکا زۆر دژایەتییان کرد کە بەشی هەرە زۆری ئەوەبوو کە لەهەقەتدا ترامپ زۆر بەجوانی وەکو خۆی ڕواڵەت‌و جەوهەری  سیستەمی سەرمایەداری‌و دەوڵەتی ئەمەریکای نیشاندەداین، کە بووە هۆی خولقاندنی بزوتنەوەی جەماوەری گەورە، مانگرتن، خۆپیشاندان کە ماوەیەکی زۆر زۆر بوو ئەمەریکا ئەوەی بەخۆیەوە نەدیبوو.  هاوکاتیش پرسی کۆرۆناش زەربەیەکی زۆر گەورەی لێدا، بەڵام هێشتا توانی  74،222،958  دەنگ لەبەرانبەر جۆی بایدندا 81،283،098 بهێنێت کە بەڕێژەی سەدیش ترامپ لەسەدا 46.8و بایدن 51.3 دەنگیانهێنا. لەڕاستیدا جیاوازی نێوانی دەنگەکانیان 7 ملیۆن تۆزێك زیاتر بوو، بەڵام بەبەراورد بەهەڵبژارردنی 2016  ترامپ 11 ملیۆن زیاتر دەنگی هێنا.

ئەمە گەورەترین هەڵبژاردن بووە لەمێژوی 140 ساڵەی ئەمریکادا کە زیاتر 159 ملیۆن کەس دەنگیانداوە. ئەم  ژمارە گەورەیەی کە دەنگییان بەترامپدا زۆربەیان کرێکاران‌و هەژارانی ئەمەریکا بوون تەنانەت بەشێك لەپێستڕەشەکانیش دەنگیان بۆدا. ڕاستە خەڵکی ڕاستڕەوو فاشستەکانیش دەنگیان بۆدا، بەڵام ئەمانە هەرگیز زۆرینە نەبوون، زۆرینەی دەنگدەرانی ترامپ وەکو وتم کرێکاران‌و خەڵکانی هەژارو ئاسایی ئەمەریکا بوون. ئەمەش بەگاڵتە نەبوو لەبەرئەوەی لە3 ساڵی یەکەمی حوکمیدا، ژیانی ئەمەریکییەکان بەبەراورد بەجۆرج بوش‌و هەتا ئۆباماش باشتربوو. بۆ نموونە: ئابوری ئەمەریکا بەڕێژەی لەسەدا 2.5 هەڵکشا، ژمارەی بەتاڵە لەدابەزیندا بوو تا گەیشتە ڕێژەی لەسەدا 3.5 ، داهاتی خەڵکی بەبڕی 6000 دۆلار ساڵانە سەرکەوت، لانی کەمی کرێی بۆ کرێکارانیێك کە سکیڵیان نەبوو یاسیکیڵێکی کەمیان هەبوو بەرزکردەوە، بەڵام ئەمانە هەر لە3 ساڵی یەکەمی حوکمیدا پێش هاتنی کۆرۆنا.  ئەمە جگەلەوەی ترامپ خۆی بەدوورگرت لەشەڕ لەتەك کۆریای باکور، ئێران، ڕوسیا، کشانەوەی بەشێك سوپای ئەمەریکا لەئەفغانستان‌و لەعێراق‌و گەڕاندنەوەی سەربازان بۆ ناو کەسوکاریان‌و سازشکردن لەگەڵ تاڵیبان، هەروەها دوو سەرکردەی گەورەی تیرۆریستیشی، بەغدادی‌و قاسمی سوله‌یمانی،  لەناوبرد کە سەراپای حوکمدارانی ئەوروپاو میدیا دژ بەمە وەستانەوە، ئەمانە هۆکاربوون بۆ جەماوەریبوونی ترامپ‌و هاتنی خەڵك بۆ سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن .

ئەگەر تێبینی بکەین ئەوە دەبینین لەزۆر وڵاتی ئەوروپی‌و ئەمەریکادا بەگوێرەی داخوازی‌و پێویستی سەرمایە، کاپیتاڵیزم، لەچەند ساڵێکدا چەپ‌و پارتە کرێکارییەکان‌و سۆشیالدیموكراتەکان دێنەسەر حوکم‌و لەو چەند ساڵەدا کە خەڵك بۆی دەردەکەوێت کە گۆڕانکاری گرنگ ڕوونادات جارێ تر حیزبە ڕاستڕەوەکان هەڵدەبژێرنەوە، لەحوکمی ئەوانیشدا دەستیان لەبنی هەمانەکەوە دەردەچێت دووبارە دەگەڕێنەوەسەر هەڵبژارردنی چەپەکان. ئێستا دەینینین کە وەرزی هاتنی حیزبە ڕاستڕەو ڕایسستەکانە، تەماشا بکەن هەر لەبریتانیاوە تاکو ئەڵمانیاو فەرەنساو ئەمەریکاو سویدو بەرازیل فلیپین، یۆنان‌و پۆڵۆنیا ڕاستڕەوەکان لەحوکمدان.  دووریش نییە  حوکمی چەند ساڵی ئایندە  چەپەکان دووبارە وەکو دەیەی یەکەمی ئەم چەرخە، بێنەوەسەر حوکم.

ئیتر ئاوایەو ئەمەش جێی سەرسوڕمان نییە‌و ژیان لەسایه‌ى سیستەمی پەڕلەمانتارییدا گۆرانکاری جددی ڕونادات. هەر ئەمەش بەڕۆڵی خۆی کارایی لەسەر زۆربوونی شەپۆلی ڕایسستانەو ڕاستڕەویی‌و هەژموونیان، دادەنێت.

لەسەردەمی فه‌رمانداری چەپەکاندا، سۆشیالدیموكراتەکانا، حیزبە کرێکارییەکانا لەبەرئەوەی کە گۆڕانکاری سەرەکی ڕونادات، گرانی‌و بەتاڵەیی‌و بێ خانووبەرەیی‌و قەرزاریی‌و هەژاری زیاتردەبێت لەپاڵ هاتنی زیاتری پەنابەران‌و کۆچبەرانا.

ئەمانە هەمووی دەبنە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی ڕایست‌و فاشست‌و مەیلی ڕایسیزمانەو فاشیزمانە. تەنها جیاوازییەکە ئەوەیە کە لەسەردەمی چەپ‌و سۆشیالدیموكرات‌و حیزبە کرێکارییەکاندا ئەمانە دەچنە ژێرزەمینەوەو خەباتی خۆیان دەکەن‌و جاروباریش بۆ نیشاندانی هێزو بازوویان دژ بەپەنابەران‌و کۆچبەران دێنەسەر شەقامەکان. لەسەردەمی حوکمی ڕاستڕەکانیشا ئەمان لەژێرزەمین دێنە دەرەوەو دەکەونە خەباتی ئاشکرایی‌و دەوڵەتیش بەناڕاستەوخۆ پشتگیریان دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە