دەرکەوتنی فاشیزم لەشەش ساڵ زیندانی ڕۆژنامەنووسدا

17/02/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەگەر ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە!، یان هەر قەڵەمێکی ئازادو هەقبێژ، وێنەی قافڵەی ئۆتۆمۆبێلی بەرپرسەکان‌و فڕۆکەو گەشتی بەرپرسەکان‌و وێنەی ماڵ‌و منداڵی بەرپرس‌و بۆری نەوت‌و چاڵوچۆڵی شەقام‌و باڵەخانەی بەرپرسەکانی ئەم وڵاتەو ...هتد لەم‌وبایلەکەیدا نەبێت، ئەی وێنەی چی لابێت؟

ئەیانەوێت وێنەی کارەبا جوانەکەیان لەموبایلەیاندا بێت؟ وێنەی شکستی موچە؟ وێنەی داگیرکاری کوردستان؟ وێنەی بۆردوومان؟ وێنەی ژیانی ڕەفاهی منداڵەکانی ئەوان؟ وێنەی بۆینباغ و چاکەت و پانتۆڵی مارکەی ئەوان؟

ئەوە چی لۆژیکێکە دەبێت ڕۆژنامەنووس وێنەیەکی پێبێت بەدڵی دەسەڵاتەکەی دادگا! بێت؟ جارێ ئەسڵەن وێنەی جوان ماوە لەم وڵاتەدا تاکو ڕۆژنامەنووسان بیخەنە موبایلەکانیانەوە؟ 

سزادانی ڕۆژنامەنووس و بێدەنگکردنی، نە سەروەری یاسایە و نە هەڵەی ڕۆژنامەنووسە، واقیعەکە ئەوەیە ئەم وڵاتە بەرەو داخرانێکی تەواوەتی دەچێت و نیشانەکانی فاشیزم لەم بڕیارەوە دەبینین کە نابێت کەس لەم دەسەڵاتە نزیک ببێتەوەو موقەدەساتەکانی بخاتەبەردەم ڕەخنە.

ئەم بڕیاری سزادانە دوو خاڵی زۆر مەترسیدار لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: تەواوی ڕۆژنامەنووسان لەبەردەم مەترسیدان، یان دەبێت وەک ئەوان! بیربکەنەوە و هەموو ڕەشی و ناشیرینییەکانی ئەوان بەجوانی پیشان بدەن، یان دەبێت سزای ئەوانیان لەسەر تەتبیق بکرێت.

دووەم: هەموو پنتێکی ئەم وڵاتە جێگایەکی ئەمین و دڵنیایی نییە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و هەموو وێنەیەک ڕۆژنامەنووس دەینێرێت بۆ میدیاکەی ئەگەری کارەساتی گەورەی هەیە لێیبکەوێتەوە.

دەرکەوتنی فاشیزم لەهەر کۆمەڵگا و دەسەڵاتێکدا بە دوو ڕێگا دەردەکەوێت:
یەکەم: دەسەڵات دەخاتەسەروو یاساوەو یاسایش دەخاتە خزمەت دەسەڵاتەوەو هیچ ئازادییەک لەبڕیاری دادگادا نامێنێت، واتە لەم شێوە دەسەڵاتەدا بڕیاری یەکەم لای دەسەڵاتە نەک دادگا.

دووەم: دەسەڵاتە فاشیست و داخراوەکان بەهێزی بڕیارەکانیان هەمیشە بۆشاییەک لەنێوان خۆیان و میللەتدا دەهێڵنەوە و بەناوی پیرۆزی دەسەڵاتەوە نابێت هیچ کەسێک بەو بۆشاییەدا تێپەڕ ببێت، هەر کەسێکیش پێینایەناو ئەو بۆشاییەوە کەواتە پیرۆزییەکانی پێشێلکردووە و پێویستە دادگاکانی دەسەڵات ڕەجمی بکەن بە سزای زۆرو ترسێنەر!

ئەوەشی لەکوردستان هەیە و دەیبینین کە لەسەر وێنەی فڕۆکەیەک و گروپچاتی فەیسبووک حوکمی شەش ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی دەدرێت، جگە لەدانانی بەربەستێک لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا تاکو بەبۆشایی دەسەڵات و هاوڵاتیاندا نەڕۆن، هیچی دیکە نییەو دەرکەوتنی فاشیزمی کوردییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی