رەنجی فەرهادەکان.. کاکڵەی تێکۆشانی دروست و بۆچونی شیاو و هەناسەی پێشمەرگایەتی

20/02/2021

ئەحمەد حسێن

...ئەز ڕەشبین نیم ، خۆزگەکان بەرەبەرە لە ڕکەی قەتیسبون دەرباز دەبن و بەرەو دنیای چاو کردنەوە دەچن. بنەمای ئە مانەش لەوەوە دەست پێدەکات بەخستنەڕوی بەشێک لە ڕاستییەکان لە ڕێی بەچاپ گەیاندنی ئەو یادەوەرییانەی نوسەرە کە تیایدا ژیاوە بە شکۆێ ئەمانەت و ڕاستگۆیی و ئازایەتی و ڕوناکبیریی بەر جەستەو فراوانەوە بێ سڵەمینەوە لە چەواشەکاران و خۆبادەران و خۆڵکەرەچاوان ولە گروهی لە گوێی گادا نوستوانی بەرامبەر، وەک هێلکەی پاک کراو دەخاتە سەر خوانی مێشک و دڵی خوێنەر.
پڕ لە جێژ و سەرنجڕاکێشن
سەرەتای ساڵی نوێ ٢٠٢١ پێم وایە لەڕوی بەرهەمەمی بەپێزەوە خۆرێکی جیاواز و شیاو هەڵهات .خۆری دەڤەرێکی فراوانی شۆڕشێکی تازەلەدایکبوی پەلهاوێژیی جەماوەری هەڵهات. هێڵی راست و چەپی بەسەر ئەستەم (مستحیل) وبڤەدا هێنا . (ڕەنجی فەرهادەکان) کتێبێکی قەبارە گەورەی ٤٣٣ لاپەڕەی بیرەوەریی دوکتۆر (هەژار عوسمان مەعروف)ە. دابەشبوە بەسەر نزیکە(٤٠٠) ناونیشان و سەرەدێڕ ،کۆتاییەکەی بە کۆمەڵێ وێنەی کۆن و نوێ ڕازاوەتەوە. بابەت و بەسەرهاتە چیرۆک ئامێزەکان هێندە پڕ لە چێژو سەرنج ڕاکێشن ،پێت خۆشە دوکتۆر بە فراوانتر درێژەی پێ بدانایە و لە بارەیانەوە بدوایە ،تا تەواو تینوێتی خوێنەر بشکایە.ئەوەیش لە بیر نەکەین گێڕانەوەی تراژیدایەکانی ناو شۆڕشی نوێ ، بەدەربڕینی دروست و تۆکمە ،هونەری شیکاری و دەرونی دەوێت. لێکدابڕان و گەشمردە(شهید) بوونی ئازیزان و تەنگەدەستی دڵێکی گەورە و هەناسەی قوڵی دەوێت، تا بەرگە بگرێت....جموجوڵ و هەوڵی شکست خواردوی چەواشە کاران و بێ دەربەستان ، دیسان دڵێکی گەورەی دەوێت تا بەرگە گرێت. دیارە ئەم بیرەوەریانە زۆر وردە گلەیی و رەخنەی بابەتی و دروستکاری دی لەخۆگرتوە. لەم سۆنگەیەوە بەلێکدانەوەی خۆم، بە بڕوایەکی پتەوەوە دەڵێم : بریازۆرینەی کتێبخانەکان چ کەسی و چ حیزبی چ گشتی ئەم چەپکە گوڵەیان لە خۆدەگرت . گەرچی بەخزمەت ئەم دوکتۆر و پێشمەرگەی دێرین و ئەم فەرهادە بەهیمەتە نەگەیشتوم ، بەڵام ناوبانگی ئازایەتی و ئینسانەتی و ماندو نەناسی و فریاد ڕەسیم لە کەسانی نزیکیەوە بیستوە . جگە لەوەیش نوسین و دیمانەی ناو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دیتوە و گوێم لێگرتوە، کەچۆن ئامانجە ڕامیاری و هەنوکەییەکانی ڕوناکبیرانە و سیاستمەدارانە پێکاوە. بە خۆشیەوە وا لێرەدا پوختەیەکی ناوازە لە خەرمانی بیرەوەرییەکانیم پێگەیشت.ئاهێکی خۆشیم پیداهاتەوە.هەر بە چاوپیادا خشاندن و چونە ناودنیا بەر فراوان و پەلهاوێژی بلیمەتانەی دەروێشی نیشتمان و نەتەوەکەی دوکتۆرهەژارەوە ڕادەمێنی کە چەندە بە دەسپاکی و دڵپا کی و شارەزایی و چاپوکی و بوێرییەوە بەکوردیەکی هەرە ڕەوان و خاوێن و نایابەوە دەرگەی چونە ناو باخی یادەوەریەکانت بۆ دەخاتە سەر پشت.خوێنەر لەدەستپێکەوە بۆلای خۆیەوە ڕادەکێشێت.چونکە بابەتەکان ئەوەندە هەستیار و کەلێنگر و تیشک هاوێژن وبەکورتی و پوختی داڕێژراون وەک زنجیرە درامایەکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی سەرکەوتو و دەرکەوتو دێنە بەرچاو .
‌هەڵوێست و کوردایەتیی بێگەرد
تێکڕای ناونیشان و ناخی بابەتەکان شێوازی پەند لێوەرگرتن و چێژی ئاخاوتنی هونەریە. خوێنەر بەهۆی کامێرای بەرجەستەی نوسەرەوە دەچیتە ناو گوژمی ئەو ڕوداوە کاریگەرانەی کە تیایدا ژیاوە و لێیان دواوە. لەو سۆنگەیەوە شکۆی ئینسانەتی وخزمەت و هەڵوێست و کوردایەتی بێگەرد هەست پێدەکەیت.لێرەوە دەردەکەوێت بیرەوەرییەکانی لە سەنگەری ڕاستگۆیی و پابەندبوون بە غیرەت و چاوە گەشەکانی ویژدانەوە گیرساونەتەوە.لەولاوە مێژو دەست بە سنگەوە دەگرێت بۆ پشتگیریی ئەو ڕاز ونهێنیانە کە پێویستن بوترێن و ئینجا بنوسرێن تا نەوەی ئەمڕۆ و سبەی لێیان بە ئاگا بن. دوکتۆر هەژار بۆ کورد و بۆ دیرۆکی ڕەوا و کێشەی هەڵواسراوی گەلێکی داماو و خێر لە خۆنەدیو و ماندوی ڕۆژگارە یەک لەدوا یەکەکان دەڕوانێت و دەنوسێت. نمونەی پزیشکێکی کارامە و قەڵەمێکی خاوەن ئەزمون و ڕۆشنبیرێکی نگین و کارێزما و کوردێکی بیرو باوەڕ پۆڵایین دەدوێ و کاردەکات .   هۆکاری برینە قوڵەکان و چۆنیتی چارەسەرکردن و ساڕێژ بونیان لای د.هەژار ڕونە و دەزانێ کە بە پیادە کردنی بنەماکانی ئازادی و چونە ژێر سێبەری دیموکراسی و دور کەوتنەوە لەکورسی پەرستی و گەندڵی و خزم خزمێنەو تارمایی کلکایەتی و خۆشباوەڕی دەبێت. دیارە بەسەرهات نوسین توانا و بڕیاری جەربەزەی دەوێ. شەن و کەو و وردەکاری و بیر تیژی وتۆمارکردنی شتە گرنگەکانی کات و سەرەقەڵەم و لێزانینی فراوانی دەوێ. دوکتۆر هەژار ساردی و گەرمیی رۆژگاری زۆر بینیوە، لەو ڕوەوە تاقانەی ناو هەمو پزیشکەکانە ، هەمیشە لەکاتی پێویستدا فریاد ڕەس و ئامادە بوە بۆ فریاکەوتن وچارەسەری دەیان و سەدان (پ.م) و بریندار و لێقەوماو و نەخۆش، بێ گوێدانە جیاوازی بیروڕا.
قەڵەمێکی هەراش و دەوڵەمەند
ئەڵبەتە دەماودەم دەگێڕدرێتەوە، ئەمە مەدالیایەکی درەوشاوە و پیرۆزە پێی بەخشراوە.          لە وەسف و پیاهەڵدانی کەسانی موستەحەق و گومناو و جوگرافیای گوند و ناوچەکان و تەپکەی تۆقێنەر ومەرگەساتی سەختی ژیانەوە قەڵەمێکی هەراش و دەوڵەمەندە . خۆ ئەگەر شاعیر بوایە ئەڵبەتە بەشاگردێکی سەرکەوتوی (عەبدوڵاگۆران)ی گەورە دادەنرا و ناوبانگی دەردەکرد. ئەو لەهەر کۆڕو دانیشتنێک دا بوبێت ڕێنمایی و قسەی تایبەتی خۆی هەبوە. وەک کەسێکی واقیعی ئەگەر هەڵەیەکی کردبێت، یان بەسەریدا ڕابوردبێت ، یەکسەر پێی لێناوە و داوای لێبوردنی کردوە و ڕەخنەی لەخۆی گرتوە . بێگومان بەو هاوکاری وهەنگاوانەی لەو پێناوەدا ناوێتی ، بۆتە یەکێک لە پێشڕەوان و سەرقافڵەی ئەو مێژوەی کە تیایدا ژیاوە و تێپەڕیوە و ئێستەیش خەمخۆرێکی دۆزی رەوای گەلەکەیەتی. بە پێچەوانەی هەندێ لەوانەی لەپلەی باڵادابوون ، واتا بیرەوەری نوسی وامان هەیە نەیوێراوە ڕوداوەکان چەشنی خۆیان بخاتە ڕو بەڵکو ناشکوری نەبێ لەترسا ژێوان بۆتەوە و ئەوەندە زیڕەی کردوە بەڕادەیەک واز لە هەڵوێستی جاران و تروسکەی خەباتەکەی هێناوە لەتاو (خاتر )گرتن و چاو سورکردنەوەی بەرامبەرەکەی ، یان بەدیوێکی تردا لاپەڕەیەکی پێچەوانە هەڵدەداتەوە.بێگومان ئەمانە نابنە سەرچاوەی باوەڕ پێکراو و لەدادگای مێژودا قەرزار باردەبن .بێ پێچ و پەنا دەقەکان پڕن لە نمونەی ئەو خاڵانەی بەکورتی دەرکمان پێکردوە. ڕەنجی فەرهادەکان، فێنکایی و ئاهێک دەبەخشێت بە دەرونە تینوەکان.لە دواییدا دەڵێین: یادەوەری وەها دەمێنێتەوە وەک سەرچاوەیەکی بەبڕشت، دەمێنێتەوە وەک بەرهەمێکی زیندو ، دەمێنێتەوە وەک نیمچە خەرمانێ لە داڕشتن و ڕیزبەندی ملوانکەی وشەی کوردیی ڕەسەن و چەپکێ زاراوەی لەبار ، دەمێنێتەوە و تابلۆی لەبەر چاوان دەبێت، وەکو ئاسۆگەلی چیای گۆیژە و کوڕەکاژاو و بەرانان و بەمۆ و پیرەمەگرون..
 بەهیوای تەمەن درێژی و تەندروستی چاک بۆ نوسەر،دوکتۆرهەژار ی خۆشەویست.