بۆچی دەستەبژێرەكانی ڕۆژهەڵات گۆڕانكاری جەوهەرییان پێناكرێت؟

25/02/2021

لوقمان حاجی قادر

ناونیشانی وتارەكە لەبیرو هۆشی زۆرێك لەئێمەدا گوزەری كردووە، بەتایبەتیش كەسانی دەستەبژێرو خوێندەوار كە خەمی گشتییان هەڵگرتووەو بەشێوەیەكی كرداریش كاری بۆ دەكەن، كەچی سەرباری كۆششەكان لەئەرزی واقعدا گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینەی ئەوتۆ نابینن، ئەمەش وایكردووە زۆریان تووشی بێ ئومێدی‌و دەستەوەستانی‌و ڕەشبنی بن لەوەی ڕۆژێك لەڕۆژان بەلایەنی كەمەوە كۆمەڵگاكانیان قۆناغە سەرەتاییەكانی مەدەنییەت تیپەڕێنن‌و بەرەبەرە بەرەو قوڵایی مەدەنیەت هەنگاو بنێن.

بەبەراورد لەگەڵ جیهانی شارستانی‌و مەدەنییەت، وڵاتانی دواكەوتوو بەگشتی‌و ڕۆژهەڵاتییەكانیش بەتایبەتی، بەزیاتر لە500 ساڵ لەدوای جیهانی هاوچەرخەوەن، ئەمە ئەگەر  هەنگاوەكانی چەسپاندنی مەدەنیەت لەشۆڕشە ئاینییەكەی مارتن لۆسەرەوە حساب بكەین‌و سەردەمی ڕابوونی ئەوروپی لێ بەدەربكەین، سەرباری ئەو ماوە دوورودرێژە، كەچی هێشتا ڕۆژهەڵاتییەكان لەقۆناغی بەرایی گۆڕانكاری ڕاستەقینەدان بەرەو مەدەنیەت‌و ژیانێكی هاوچەرخ.

گومانیش لەوەدانییە كە گۆرانكاری ڕاستەقینە بەرەو مەدەنییەت هەمیشە لەسەر دەستی دەستەبژێرەكانی ناو كۆمەڵگا ئەنجامدەدرێت هەروەك لەدونیای شارستانیدا ڕوویداوە، ڕۆژهەڵاتییەكانیش لەهەموو سەردەم‌و كاتێكدا – كەم‌و زۆر- خاوەنی كەسانی دەستەبژێر بوون، كەچی هێشتا ژیان لەو كۆمەڵگایانەدا لەڕووی هزری‌و مەدەنییەتەوە لەقۆناغی بەراییدایە، پرسیارەكەش ئەوەیە: ئاخۆ بۆچی ئەو دەستەبژێرانە نەیانتوانیووە بنەما هزرییەكانی مەدەنیەت بگۆڕن بۆ واقعێكی بەرجەستكراو لەكۆمەڵگاكانیاندا.

وه‌ڵامی ئەو پرسیارە لەلایەن عەلی حەرب-ی نوسەرو بیرمەندو فەیلەسوفی لوبنانی خاوەنی پەرتوكی (وەهمەكانی دەستەبژێر یان ڕەخنەگرتن لەڕۆشنبیر) دراوەتەوە، مامۆستا یوسف حوسێن یوتیوبەری بەناوبانگی لوبنانی ناوئاخنی ئەو پەرتوكەی شیكردۆتەوەو باس لەو پێنج وەهمە دەكات كە نوسەر لەپەرتوكەكەیدا ئاماژەی پێداون.

نوسەر پێیوایە دەستەبژێری عەرەبی گیرۆدەی ئەم پێنج وەهمەی خوارەوەیە:
یەكەم: دەستەبژێرەكان
دەستەبژێرەكان لووتبەرزو لەخۆبایی‌و نێرگزیین، خۆیان بەڕاسپێردراو دەزانن بەسەر هەموو شتەكانەوە، پێیانوایه‌ تەنیا ئەوان ڕاسپێردراون كە پاسەوان بن بەسەر هزرو شۆڕش‌و كۆمەڵگاوە، خۆیان پێ لەهەمووان باڵاترەو باوەڕیان وایە لەسەرووی كۆمەڵگاوەن، نوقمی خەیاڵپڵاوین‌و لەواقع‌و كۆمەڵگا دابڕاون، بۆیە دەبێت ئەو دەسەبژێرانە دەستبەرداری ئەو وەهمەیان بن‌و پێیانوانەبێت تاكە پێشەنگ‌و كەسانی بێ ڕكابەرن.

دووەم: ئازادی
دەستەبژێرەكان باوەڕیانوایە ئەوان تاكە فریادڕەسی كۆمەڵگان‌و لەهەموو شتێك ڕزگاری دەكەن، لەلایەك داوای ئازادی دەكەن‌و لەلایەكی دیكەش ئازادی سەركوتدەكەن، پیادەی ستەمكارییەكی هزری دەكەن‌و زۆر بەتوندی دەستیان بەبیرۆكەكانی خۆیانەوە گرتووەو بەسەر هەمووانیدا دەگشتێنێت، ئەمەش لەخودی خۆیدا دژیەكییەو دژی خودی ئازادییە.

سێیەم: ناسنامەكان
دەستەبژێرەكان پێیانوایە ناسنامەی شتەكان وەك خۆیان دەمێننەوە، بۆیە لەتێگەیشتن لەچەمكی ناسنامەكان دەبنە كەسانێكی كۆنەپارێز، پێناسەی تازە بۆ ناسنامەكان قبوڵناكەن‌و ڕۆدەچنە ناوخۆیانەوە، بەمەش توانستی داهێنان لەدەستدەدەن، چونكە تەنیا بایەخ بەڕەگ‌و بنچینە هزرییەكانی خۆیان دەدەن‌و نایانگۆڕن، خۆبەزلزانن‌و هزرو شێوازی  بیركردنەوەی ئەوانی دیكە ڕەتدەكەنەوە، حەقیقەت بەو شێوەیەی خۆیان لێی تێگەیشتووە پاوان دەكەن‌و ڕازی نیین ڕەخنەیان لێبگیرێت. ئەمەش هەڵەیەكی زەبەلاحە، چونكە ناسنامەی شتەكان بەپێی كات‌و شوێن‌و سروشتی كۆمەڵگاكەكان گۆڕانیان بەسەردادێت‌و وەك خۆیان نامێنن.

چوارەم: وەكیەكی چەمكەكان
تێگەیشتنیان لەناوئاخنی چەمكەكان جێگیرە ناگۆڕێت، پێیانوایە ئەو چەمكانە چۆن هاتوون دەبێت هەروا بڕۆن، بۆ نموونە چەمكی یەكیەتی عەرەبی دەبێت وەك ئەوەبێت كە باسی لێوەكراوە، لەكاتێكدا جیهانی عەرەبی فرەیی‌و جۆراوجۆری تێدایەو تەنیا عەرەبەكان تیایدا ناژین.

پێنجەم: نوێگەری
خراپترین وەهمی دەستەبژێری عەرەبییە كە ڕێگریان لێدەكات داهێنانی هزری بكەن‌و ڕەخنەی ئەوانی  دیكە قبوڵبكەن، ئەوان بەسامپڵێكی ڕۆشنبیری تایبەتەوە گرتوویانەوەو پێی هەڵادەڵێن، پێیانوایە سامپڵی نوێگەرایی دەبێت بەپیرۆز سەیربكرێت‌و قبوڵی نییە ڕەخنەی لێ بگیرێت، واتە ئەوانیش وەك ئەوانی دیكە دەبنە دەستەبژێری لاساییكەرەوەو ڕەخنە قبوڵناكەن، لەكاتێكدا دەبێت ڕەخنەگرتن بەردەوامبێت لەسامپڵە كۆنەكان‌و تەنانەت نوێگەرایش ڕەخنەی لێبگیرێت بخرێتە ژێر وردبینی ئەقڵ‌و لۆژیك‌و ڕۆشنگەرییەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی