سیاسەت و ئەخلاق
یەکێکە لەو پرس و بابەتانەی کە لە مێژووی فکر و فەلسەفەی سياسيدا پانتاییەکی فراوانی
داگيرکردووە ، بەشێک لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان پێکەوە گرێداوە بەشێکی تریش لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان لێکجیاکردووەتەوە
،ئەرستۆ تاليس دەڵێت: مرۆڤ بە سروشت ئاژەڵێکی سياسيە. کەواتە سياسەت دياردەیەکی مرۆییە
و مرۆڤ ناتوانێت سياسەت نەکات ،سیاسەت بووەتە پێویستی ژیان بۆ ئینسانەکان و کۆمەڵگا
، لەبەرامبەردا فەيلەسوفی ئەڵمانی ئيمانويل
کانت پێی وایە کە مرۆڤ کائينێکی ئەخلاقيە. دیارە مەبەستی کانت لە تێزەکەیدا ئەوەیە
کە مرۆڤ کائينێکی ئازادە و دەتوانێت لە نێوان کاری باش و کاری خەراپ، یەکێکيان بە ئيرادەی
خۆی هەڵبژێرێت ، کەواتە مرۆڤ کائینێکی ئازادەو یەکێک لە مەرجەکانی ئەخلاق بريتييە لە
ئيرادەی ئازاد، ئێستا ئەتوانین بڵێین لە مرۆڤدا سیاسەت و ئەخلاق وجودیان هەیە و لە
پەیوەندی دەرەوەی خۆی و ناوەوەی خۆیدایە .
ئەوەی پێویستە بپرسین
ئەوەیە ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی جیاوازن ؟! زانستی سیاسەت هاوشێوەی زانستە مرۆییەکانی تر پێناسەیەکی
دیاریکراوی بۆ سیاسەت نییە ، چونکە سیاسەت لەکات و لە شوێن و لە قۆناغێکەوە بۆ کاتێک
و شوێنێک و قۆناغێکی تر گۆڕانکاری بەسەردادێت ، بەڵام سیاسەت و زانستی سیاسەت دوو بابەتی
جیاوازن و لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا جیاوازی هەیە ، سياسەت پراکتيکە و زانستی سياسەتیش
تيۆرە، سیاسەت لە واقیع دا مومارەسە دەکرێت بەڵام زانستی سياسەت هەوڵدانە بۆ تەفسير
و تێگەيشتن لەو دياردەیە،یەکێک لە پێناسەکانی
زانستی سیاسەت بۆ سیاسەت بریتی یە لە (هونەری بەڕێوەبردن ) لێرەدا سياسەت دەبەسترێتەوە بە بوونی دەزگاکانی دەوڵەت
و دەستور و سەروەری یاسا کۆمەڵێک ئۆرگانی دەوڵەتی .
با بێینەوە سەروەڵامدانەوەی
پرسیارەکەمان ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی جیاوازن ؟! ئەفلاتون
و ئەرستۆ ئەخلاق بە کۆڵەکەی سیاسەت دادەنین، بەڵام لەڕوانگەی میکیاڤێلییەوە ئەخلاق
و سیاست هیچ پەیوەندیەکیان بە یەکەوە نییە،تێزی میکیاڤێلی بۆسیاسەت و ئەخلاق ئەوەیە
كە هیچ شتێ سیاسەتمەدار پابەند ناکات بە رەوشتە باشەکان، بەڵکو بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات
و مانەوە پەنا بۆ هەموو تەکنیکێکی فێڵ و تەنانەت درۆش دەبردرێت . ئیمانوێڵ کانت لەبارەی
ئەخلاق و سیاسەت دەڵێت: ئەوەی بۆ خۆت بەرەوای دەبینی بۆ خەڵکیش بەرەوای ببینە. کانت پێی وایە مرۆڤی سیاسی دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی
باش و شایستە بێت.
چەمکی ئەخلاقیش لە
کۆمەڵێک بەها و چاکە یان کۆمەڵێک یاساو ڕێنمایی کە ڕەفتاری مرۆڤ ڕێکدەخەن ،چەمک و فەلسەفەی
ئەخلاقیش وەکو سیاسەت لە کۆمەڵگایەک و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت ،ئیمانوێڵ
کانت پێی وایە کە بەها ئەخلاقی و یاسا ئەخلاقيەکان کۆمەڵێک یاسای بابەتی و رەها و گشتين،
لە هەموو سەردەم و لە هەموو شوێنێک بەها ئەخلاقيەکان ئامادەگی هەیە ولە ناو ناچن ،
کەواتە مادام ئەخلاق دەبەسترێتەوە بە بەهاکان و بەهاکانیش لە لقە فەلسەفییەکاندا بەتایبەت
ئاکسیۆلۆژیا فەلسەفەی ئەخلاقی تێدا ڕوون کراوەتەوە ، لای ئەرستۆ بەختەوەری بريتييە
لە چاکەی باڵا و بەختەوەریش دەبەستێتەوە بە حیکمەت و حیکمەتیش باڵاترین فەزیلەتە ،
واتە دۆخێکی عەقلانی و فەلسەفيە ، هەموو ئەم تیۆرانە کە پێشتر باسمان کرد قسە و باسێکی
زیاتری دەوێت،بەڵام لێرەدا تەنها کورتەیەکمان لەبارەیانەوە باس کرد تا بەرچاو ڕوونیەکمان
هەبێت لە بارەی سیاسەت و ئەخلاق ، ئەگەر نا ئەم بابەتە و ئەو چەمک و تێزانەی دەکەونە
ناو ئەم تیۆرانەوە بمانەوێت هەقی خۆیانی بدەينێ پێويستی بە نووسين و کتێبی تايبەت هەیە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی