ئەمڕۆ ڕۆژی هەشتی مارسە، ڕۆژێکە بۆ ژن!!!! ئێستا تۆ لەمە ناگەیت کە دەینووسم، بەڵام ڕۆژێک دێت دەبیتە نەونەمامێک، گوڵێکی خەمڵیوو ئافرەتێکی کامڵ، ئەمەی دەیڵێم ئامۆژگاری نییە تەنها ئەزموونی ئافرەتێکی ترە، کە کەشتی ژیانی بەزۆر وێستگەدا تێپەڕیوە زۆر حکایەتی بیستوەو هەندێکیشیان بۆی خاڵی وەرچەرخان بووەو هەندێکیشیان چیرۆکی بەردەم ئاگردان بوون بیریشت نەچێت، گەر تەمەن بوار بدات هێشتا شتگەلێک ماون لەگەشتەکەمدا بیبینم، بەڵام ئەمجارە تەنها نابم پێکەوە ئەزموونی مێینەبوون دەکەین.
گوڵئەندامەکەم
ڕۆژێک نییە تایبەت بێت بەژن، چونکە ژن یادێک نییە بیربکەوێتەوەو ئاهەنگی بۆ بگێڕێت، ژن تەلیسمێکە هەزارەها خوێندنەوەی بۆ دەکرێت هەریەک لەگۆشەنیگایەکەوە لێیدەڕوانێت، بەڵام ئەمانە هیچی ژن نین، ماهیەتی ژن زۆر گەورەترە لەوەی بەڕۆژەکان بپێورێت یان بەزۆر مافەکانی لەڕۆژێک بئاخنرێت، چییەتی ژن لەمرۆڤبوونیدایە، لەچاکەی بوونیدایە لەوەدایە بتوانێت خۆی بێت بێئەوەی بچێتە قاڵبی ئەوانی ترەوە .
ڕۆژدڵەکەم
ئافرەتی ئەم وڵاتە بەهەموو جۆرێک لەزیندانە کە من ئەوانەی دەتوانن وەک ئەوەی کە دەیانەوێت، بژین بتوانن بەپێوە بمێننەوەو نەچەمێنەوە، لێرە دۆزەخی کلتورو سیاسەتو ناهۆشیاری تاک ژنی سیخناخ کردوە جا یەکێک خۆی دەکات بەقوربانی یاساو ڕێسا کۆمەڵایەتیو.....هەتا دواییەکانو یەکێک بەناوی ئازادی شۆڕشێکی موزەیەف بەرپادەکاتو یەکێکی تر جەستەی خۆی دەکات بەقەقنەسو هەرگیز لەخۆڵەمێشەکەی هەڵناستێتەوە ..
نارگوڵەکەم
هەموو یادەکان ناتوانن شتێک لەئازاری ژنەکان کەمبکەنەوە یاخود ناتوانن خۆشییەک بخەنەسەر ماندووبوونەکانی تەنها کاتێک دەتوانیت بەر ئافرەتێتی خۆت بکەویت، کە ئەقڵت تەجەلای کردبێت، کە ڕۆحت لەگەڵ خۆت لەئاشتیدا بێت، ئەزانم ئەمە گرانەو لێناگەرێن بەسانای لەدایکببێت، بەڵام دەبێت تۆ لەبارودۆخەکان بەهێزتربیت ڕۆژەکان بخەیتە ژێر دەسەڵاتی خۆت ئازارێکو دوان کۆڵتپێنەدەن، چونکە تۆ ئافرەتیتو تۆ هەیت بۆی خۆتبیت.
چەمانەکەم
ژیان ئەزموونێکی گرانە جوانی بکە بەبوونی چاکت، خۆش بژیو چرکەکان لەدەستمەدە، هیچ شتێک مەحاڵ نییەو تەنها بڕیاربدە ئەوانیش ملکەچت دەبن، ڕێگاکان بگۆڕە کە ناتگەیەننە ئەنجام، هەموو ڕۆژێک بدرەوشێرەوە وەک ئەوەی کۆتاجار بێت، ئەگەر ژیان ئەسپێکی سەرکێش بوو بەخۆشیو ناخۆشییەکانییەوە تێیبگەیەنە دەستە نەرمەکانتو هزرە پڕ هۆشەکەت دەتوانێت ڕامیبکات، چونکە تۆ ئافرەتیت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی