دەستكەوتێكی گرنگ بۆ توێژێكی ستەملێكراو

09/03/2021

ئاكۆ عەبدوڵا ئاڵی

پڕۆژە یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە لە لایەن سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و بە هاریكاری چەند لایەنیكی حكومی و مەدەنی گەڵاڵە كرا و لە (1/3/2021) لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە خۆشبەختانە پەسەند كرا، ئەمڕۆش (8 مارس) بە فەرمی لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە واژۆ كرا.

یاساكە دەستكەوتێكی گەورە و گرنگی ماددی و مەعنەوی و دانپێدانانێكی یاساییە بۆ قوربانیانی كارەساتەكە، پێگەیەكی یاسایی بە قوربانیان دەبەخشێت لە سوودمەندەبن لەو ماف وزیدەمافانەی لە یاساكەدا جێگیر كراون، كتومت لەو ماف و زێدە مافانە دەچێت كە لە كابینەكەی دكتۆر بەرهەم (ئیدارەی سلێمانی) بۆ قوربانیانی ئەنفال و كیمیاباران دابینكرا كە تا ئەو كات كەس لای لێ نەكردبوونەوە، بۆیە هەردووكیان بوونە دوانەیەكی لكاو بە ناوی دكتۆر بەرهەم ساڵحەوە. 

پڕۆژەكە هەرچەندە بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكانە، بەڵام بۆ خۆشی دەچێتە خانەی دادپەروەریەوە و لا لێكردنەوەی قوربانییەكانی دەستی داعشەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك كە لایەنی پەیوەندیدار و حكومەت بەرەوام چاویان لەسەر ئەوە بێت، قوربانییەكانی ڕووداوە نەخوازراوەكانی ئەم وڵاتە پەراوێز نەخرێن و بەشێوەیەكی كاتی و ڕاگوزەریش تەنها لە بۆنە و مەراسیمەكاندا بكرێنە دروشم و بگوترێنەوە. 

چوارچێوەی یاسایی پڕۆژەیاسا پەسەندكراوەكە پشت بە بەندی یەكەمی ماددەی61 و بەندی سێیەمی ماددەی 73 دەستور دەبەستێت، ناوئاخنی پرۆژەكەش كۆك و تەبایە لەگەڵ بڕیاری ژمارە (1242) ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كە تەواوكەری بڕیاری ژمارە (1325) كە عێراق پەسەندی كردووە. 

پڕۆژەكە هەموو قوربانیانی ژنان و كچانی ئێزدی و توركمان و مەسیحی و شەبەك دەگرێتەوە كە بوونە قوربانی دەستی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش و ڕیفێنران و دواتر ئازادكراون، ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە كە لە خوار تەمەنی 18 ساڵی بوون و بەر شاڵاوی تیرۆرستانی داعش كەوتوون. 

هەنگاوی كرداری و بەردەوامیش ئەوەیە كە بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی بۆ كاروباری ژنان و كچانی ئێزدی و ئەوانی دیكە لە موسڵ دادەمەزرێت كە خاوەن سەربەخۆیی كارگێڕێ و دارایی و خۆی دەبێت، ئەركەكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە بریتی دەبن لە (ئامادەكردنی ئامار و داتا قوربانیان، پێشكەشكردنی چاودێری پێویست، شوێنی حەوانەوەی گونجاو، چارەسەری یاسایی و دەرونی بۆ دۆخی ئەو منداڵانەی لەو ژن و كچانەوە لە دایك بوون، دەستەبەركردنی هەلی فێربوون بۆ قوربانیان و منداڵەكانیان، دابینكردنی هەلی كار و كردنەوەی بنكە تەندروستی و نۆڕینگەی تایبەتی تەندروستی بۆ چارەسەركردنی قوربانیان لە ڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتی و پیشەییەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكە هاریكاری و هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم ڕێكخراوە حكومی و ناحكومی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەكات بۆ پشتیوانیكردن لە كەیسی قوربانیان.

لەسەر ئاستی دەرەكیش وەزارەتی دەرەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت پێناسەیەك بۆ ئەو تاوانە بكات كە دەرهەق بە قوربانیانی كارەساتەكە ئەنجامدراوە، هەروەها داواكاری یاسایی تاوانكاری دەخاتە بەردەم دەزگا پەیوەندیدارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بۆ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانەكە لە بەردەم دادگا تایبەتمەندەكاندا.

هەر بە گوێرەی یاساكە؛ ڕۆژی 3-8 ی هەموو ساڵێك دەكرێتە ڕۆژێكی نیشتمانی بۆ گوزارشتكردن لە مەرگەساتی قوربانیان، نابێت بكەرانی ئەو تاوانە قێزەوونە هیچ جۆرە لێبووردنێكی گشتی یان تایبەت بیانگرێتەوە، لایەنە پەیوەندیدارە دادوەری و كارگێڕییەكانیش ڕاسپێردراون هەموو بكەرانی تاوانەكە و هاوبەشەكانیان دەستگیر بكەن، دەبێت گەواهیدەر و قوربانیانی كارەساتەكەش بپارێزن، هەروەها یاساكە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە كە ژێرخانی ئابووری ناوچەكانی قوربانییەكان ببوژێنێتەوە.  

وەزارەتی دەرەوە و كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا ئەركی ناساندنی تاوانەكە وەك تاوانی كوشتنی بە كۆمەڵ دەگرنە ئەستۆ، هەروەها دەستگیركردنی بكەرانی تاوانەكە و هێنانەوەیان بۆ عێراق و دادگاییكردنیان .

پوختەی قسە ئەوەیە: 
ئەمە یەكێكە لەو یاسا باشانەی كە دەكرێت سەر بەهەر تێروانینێكی سیاسی جیاواز بیت،دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە بكرێت كە ئەم یاسایەیان بەم ناوەرۆكەوە دەركردوە، چونكە یاساكە دەستكەوتێكی یاسایی و مەعنەوی گرنگە بۆ قوربانیانییەكان، بە كوردی یاساكە تەكانێكی گەورەی بەرپرسیارێتی و ئەخلاقییە و قاڵبێكی مرۆیی و ئاینی و ئاكارناسی لەخۆگرتووە، ئەمە جگە لەوەی دەكرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەبەرهێنانی تێدا بكرێت و بكرێتە سیمبول و مەتەرێز و سەنگەرێكی دیكەی داكۆكیكردن لە ستەملێكراوی گەلی كورد بۆ شادبوون بە ماف و ئازادییە شەرعییەكانی لە چوارچێوەی بەڵگەنامە و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی مافەكانی مرۆڤدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی