حکومەتی مێینە یان نێرینەیەکی بێوێنە

31/03/2021

سەردەشت محمد

 

تائێستاش تێڕوانینی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی لەمەڕ کائینێکی وەک ژن ، تێڕوانینێکی هەڵە و ناجۆرە، بەجۆرێک تائێستاش هەڵسەنگاندن بۆ ژنان لەڕوی دابونەریت و تێڕوانینە پیاو سالاریەکەوە بۆ ژنان دەکرێت و هەرئەم تێڕوانینەشە کەوای کردووە ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا بۆ مرۆڤی پلە دوو بگرە لەهەندێک شوێن و ناوچەش کەمتر لەو پلەیە تەماشا دەکرێت، تائێستاش لە تێڕوانینی بەشێک لە پیاوان، ژن بریتییە لە کائینێک کە توانای خۆبەڕێوەبردنی نییە و وەک مرۆڤێکی بێ دەسەڵات و بێئیرادە و لاواز و کەم توانا وێنا دەکرێت.

ئەمە پێچەوانەی بونەوەرێکی وەک پیاو کە کائینێکی بەهێز و خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوەیە ، ئەم دوو وێنەیە بۆ دوو مرۆڤ کە یەکیان پیاو و ئەوی دیکەشیان ژن، وایکردووە هەرکاتێک هێزێک گروپێک کەسێک نەتوانێت بەباشی کارەکانی ئەنجام بدات و بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات وەک سوکایەتی پێکردنێک ووشەی ژنی لەبەرامبەردا بەکار دەهێنرێت وەک چۆن لەنێو هۆڵی پەڕلەماندا ئەندامێکی پەڕلەمان لەبەرامبەر سەرۆکی پەڕلەماندا حکومەتی هەرێمی وەکو حکومەتێکی ڕەگەز مێینە وەسف کرد، ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی کە ئەم حکومەتە توانایی بڕیاردانی دروست و جێبەجێکردنی ئەرکو کارەکانی نەماوە، توانای ئەوەی نییە کە قسە لەبارەی گیروگرفتە سەرەکیەکانی کۆمەڵگاوە بکات.

دێت لەڕێگەی پەڕلەمانەوە دەست بۆ ئەو پرس و بابەتانە دەبات کەلاوەکی و بێبایەخن ئەم حکومەتە ئەوەندەی بایەخ بەژنانی مۆدێل دەدات ئەوەندە لەخەمی ژیان و گوزەرانی خەڵکدانییە، بەڵام پرسیارەکە لێردا ئەوەیە ئایە بەڕاست حکومەتی هەرێم حکومەتێکی مێیینەیە یان نێرێکی بێوێنەیە؟ حکومەتێک بەدرێژایی دەیان ساڵی دامەزراندنی هەمیشە لەکێشەو قەیران و شەڕ و ململانێدابێت، حکومەتێک بێگوێدانە ژیان و گوزەرانی خەڵکی دەستی بۆبڕینی بەشێک لە موچەی سەرجەم چین و توێژەکانی بردبێت، حکومەتێک تەنها لەبری دابین کردنی هەلی کار بۆ گەنجان کەچی هەزاران گەنجی بەبێکاری هێشتبێتەوە، حکومەتێک سەرەڕای ئەم هەموداهاتەی سەرزەوی و ژێرزەوییەی کە لەبەردەستیایەتی کەچی ئێستا بەدەیان ملیۆن دۆلار قەرزداربێت، حکومەتێک هەرخەریکی زیادکردنی باج و ڕوتانەوەی باخەڵی هاوڵاتیەکانی بێت و لەبەرامبەردا ئامادە نەبێت سەرەتایترین مافیان بۆ دابین بکات.

حکومەتێک بەبەردەوامی و لەڕێگەی بڕیارە لەناکەوەکانییەوە کار لەسەر تێکشکاندنی دەرونی هاوڵاتیەکانی و هەڵتەکاندنی کەرتی پەروەردەو سەرجەم کەرتەکانی دیکەبکات، حکومەتێک بەدرێژایی دەیان ساڵی دەسەڵاتدارێتی تەنها لەخزمەت کەمینەیەکدابێت و زۆرینەیەکی فەرامۆشکردبێت ئەمانە و دەیان بێ باکی ئەم حکومەتە بەرامبەر بەزۆرینەی گەلەکەی ئایە دەتوانین بەم حکومەتە بڵێین حکومەتی مێینە یان باشتروایە بڵێین حکومەتێکی نێرینەی بێوێنە؟ بەدڵنییاییەوە ئەوە حکومەتێکی نێرینەیە کە ئامادەیە هەرچی لەبەرژەوەندی خۆیدابێت لە چرکەیەکدا بۆخی بڕیاری لێدەدات و جێبەجێی دەکات، ئەوەیشی کەدژی بەرژەوەندیەکانی بێت، پشتگوێی دەخات و فەرامۆشی دەکات.

ئەگەربێت و ئەم حکومەتە کە ناودەبرێت بەحکومەتی هەرێمی کوردستان بەراورد بکەین بە هەرچی ئەو حکومەتانەیە کە لەچواردەورێتی ئەوا دەگەین بەو ڕاستییەی کە بەڵێ ئەم حکومەتە حکومەتێکی نێرینەی بێوێنەیە لەناوچەکەدا، چونکە بەدرێژای ئەم دەیان ساڵەی کە ئەم حکومەتی هەرێمە دروست بووە تائێستا ڕێک نەکەوتووە نەک تەنها لەناوچەکەدا، بەڵکو لە هەموو دنیادا حکومەتێکی هاوشێوەی دروست ببێت کە ئامادەبێت دەست ببات بۆ بڕینی موچەی سەربازێکی کە خۆی لەپێناویدا کردبێتە قوربانی، کەچی ئەم حکومەتی هەرێمە بەبێگوێدانە ئەو هەمو قوربانی و ماندوبونەی کە گەلی کورد لەپێناو دروستبونیدا داوێتی دێت و بەبڕیارێک هەرچی خۆزگەو هیوا و ئاواتیان هەیە بەبای دەدات و ئامادەش نیە لەبەرامبەردا داوای لێبوردن لە گەلەکەی بکات

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی