كوردستان لە چاوەڕوانی گەمەیەكی ئاڵۆزو ترسناكدا!

31/03/2021

د.كامەران مەنتك

تەختەی شەترەنجی كوردستان لە ئێستادا چەند جوولەیەكی ترسناكی لەسەر دەگوزەرێت، لەلایەك بەیانی دوا مۆڵەتی سوپای ئێراق بۆ هێزەكانی پاراستنی شەنگال تەواو دەبێت، كە خەڵكەكەی بڕیاری مانەوەو بەرگریان داوە، لەلایەكی تر سەرۆكی هەرێم بانگهێشتی فەرەنسا كراو یەكێك لە بابەتەكانیان وەك لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەیدا ئاماژەی پێكرد سوریا بوو، كە دیارە مەبەستیان لە رۆژئاوای كوردستانە، لەبەرئەوەی شەنگال لەرووی ستراتیژیەوە كاریگەری لەسەر باشورو رۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەو سەردانە لەكاتێكدایە، كە نزیكبوونەوەیەك لەنێوان توركیاو فەرەنسا هاتۆتە ئاراو وەك دیارە فەرەنسا دەیەوێت بەلێدان و بچووككردنەوەی كورد دڵی توركەكان رازی بكات!.

بۆیە لەلایەك كەوتۆتە راوەدوونانی رۆشنبیران و نیشتمان پەروەرانی كورد لەوڵاتەكەی و لەلایەكیتر خەریكی چنینی تەونی پلانگێڕیەكە دژی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، كە رەنگ بێت یەكێك لەئەگەرەكانی شەڕێكی تری كوردی كوردی بێت، بەشێوەیەكی وردتر شەڕێك لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان، كە ئەگەری ئەوەش هەیە یەكێتی و گۆڕان لەرووی سیاسی و سەربازیەوە لەو شەڕە تێوە بگلێن، بەتایبەتیش ئەگەر توركیا رووێكیان بەروودا بكاتەوە. لەبەرئەوەی شەڕ لەشەنگال بەگوێرەی رێكەوتننامەی هەولێرو بەغدا، واتە حكومەتەكەی كازمی بەڕێوە دەچێت، كە ئەمریكا پاڵپشتی دەكات، كە ئەمە وا دەكات ئەو هێزە شیعیانەی دژی ئەمریكان و هاوپەیمانی ئێرانن تەگلێنە ناو شەڕێكی لەم جۆرە، بەتایبەتیش ئەگەر زانیمان لە تێپەڕاندنی بۆجەی ئێراقیش ئەمڕۆ رۆڵی ئەو هێزانە پەڕاوێز خراو پلانەكەی ئەمریكا سەریگرت (كورد + سونە+ بەشێك لەو شیعانەی، كە وەك شیعە ئێراقیەكان دەناسرێن) بۆجەی تێپەڕاندو هێزە گەورەكانی شیعە، كە نزیكن لەئێران وەك فەتح و دەوڵەتی و یاساو ... هتد،

لەهاوكێشەكە خرانە دەرەوە، دیارە ئەمەش رێگا خۆش دەكات بۆئەوەی لە مەسەلەی شەنگال هەڵوێستێكی توندو پێچەوانەی سوپای ئێراقیان هەبێت، بە تایبەتی ئەگەر زانیمان ئەو هەنگاوە زیانێكی گەورە بەئێران دەگەیەنێت و رێگای گەیشتن بەسوریای لێ ئاڵۆزو سەختتر دەكات!. بۆیە ئەگەر حكومەتی ئێراقی جدی بێت لەو مۆڵەتەی بۆ دەرچوونی هێزەكانی پاراستنی شەنگال لە شەنگال دایناوە، ئەوە واتای ئەوەیە شەڕێكی هەرێمی ترسناك لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ناوچەی زەرد دادەگیرسێت و ئەگەری زۆرە ئەو شەڕە فراوان بێت، لەبەرئەوەی یەكیك لەئەگەرەكان ئەوەیە توركیا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كار بۆ درێژەپیدان و بەردەوامبوونی ئەو شەرە بدات، تا لەكۆتایی ناوچەكە دەخاتە ژێر كۆنتڕۆلی خۆیەوە، چونكە بەشێوەیەك لەشێوەكان ئەو شەڕە درێژكراوەی ئەو پلانەی توركیایە، كە لەزستانی ئەمساڵەوە خۆی بۆ ئامادەكات،

هەنگاوی یەكەم لەگارە شكستی هێناو دەیەوێت لە شەنگال قەرەبووی شكستەكەی بكاتەوە، لەلایەكتیریش كاتێك ئەو گەلە كۆمە دەكرێت، پارتی كرێكارانی كوردستانیش دەستەوەستان نابێت و رەنگ بێت شەڕەكە بگوازێتەوە ناو شارەكانی ناوچەی زەرد، ئەو كاتە شەڕەكە بەتەنیا لەنێوان هێزە چەكدارەكان نامێنیتەوەو دەپەڕیتەوە ناو شارەكانیش. ئەگەری هەرە مەترسیداریش ئەوەیە شەڕەكە گەورەتر بێت و بكەوێتە نێوان هەردوو بەشی رۆژئاوا باشووری كوردستان، كە دیارە ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر مەترسیدار دەبێت لەشەڕی ناوەخۆی كوردی و لو قۆناغە هەستیارەدا زیانێكی زۆر گەورە بە مەسەلەی كورد دەگەیەنێت. 

ئەوەی دۆخەكە مەترسیدارتر دەكات، وا پێدەچێت جۆرە ریككەوتنیكیش لەمبارەیەوە لەگەڵ روسیا كرابێت، لەبەرئەوەی ماوەیەكە ئەمریكیەكان بە ئاشكرا رایدەگەینن، كە ئەوان چیتر بەتەنیا ناتوانن كاروباری جیهانی بەڕێوەبەرن وپێویستە روسیاش بە بەرپرسیارەتی جیهانی خۆی هەڵسێت، دیارە ئەمەش واتای گەڕانەوەیە بۆ پێش قۆناغی سیستەمی تاكجەمسەری، بە واتایەكی تر هەمدیس بوونەوەی كوردستانە بە ناوچەیەكی تامپیۆنی و دیسان كێشەكان لەسەر حیسابی بەرژەوەندی كورد چارەسەر دەكرێن، كە بەداخەوە ئەمە رێگا خۆش دەكات دوا پەردەش بەسەر ئەزموونی هەریمی كوردستانیش دابدرێتەوە.

كەواتە ئەوەی نیگەرانیەكە زیاتر دەكات، ئەوەیە، كە زلهێزەكان دەیانەوێت لەسەر حیسابی مەسەلەی كورد سازش لەگەڵ توركیا بكەن، چۆن روسیا گڵۆپی سەوزی بۆ داگیركدنی عەفرین دایساندو ئێستا ئەمریكیەكانیش بە رزگاركردنی عەفرینی لەقەلەم دەدەن، لەكاتێكدا ئەوان خۆیان بە هاوپەیمانی یەكینەكانی پاراستنی كوردی نیشان دەدا، كە ئەو شارەی لەژیر دەستدابوو، بە هەمان شێوە ئەمجارەیان شەنگال بخەنەوە بەردەستی ئێراق و روسیاش گڵۆپی سەوزیان بۆ دابگیرسێنێت، كە دیارە ئەم هەنگاوەش ئەگەر سەربگرێت دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی ئێراق و بەشێوەیەك لەشێوەكان گەڕاندنەوەی هەنگاوێكی سەرەتاییە بۆ گەڕاندنەوەی ئێراق بۆ دۆخی بەر لەداگیر كردنی كوێت.

كە بەداخەوە لە هەموو ئەو گۆڕانكاریانە وا پێدەچێت بەهۆی پەرتەوازەیی و نارێكی ناو ماڵیەوە كوردستان و كورد زەرەرمەندی یەكەم بێت. بۆیە دەبێت كورد لەهەموو پارچەكان گەورەترو قووڵتر سەیری ئەو هاوكێشە ئاڵۆزە بكات و ئیرادەی نیشتمانی خۆی بپارێزێت، چونكە ئەو بزمارەی ئەو جارەیان لە قەوارەی كوردی بدرێت، زۆر ترسناكترو كەمەر شكێنترە لەهەموو ئەوانەی پێشووتر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی