بەرد...

04/04/2021

پشکۆ ناکام

کاتێ حیزبی سەقەت دەوڵەت ئەبا ئەبا بەڕێوە، حکومەتێکی سەقەت دروست ئەکا کە سیستەمێکی حوکمڕانی سەقەت ئەهێنێتە کایەوە، سیستەمی سەقەتیش کۆمەڵگایەکی سەقەت بەدوای خۆیا ئەهێنێ، بەڵگەی ڕاستی ئەم بۆچوونە نموونەیەکی حازری بەرچاومانە کە ئەویش هەرێمی كوردستانە، لەسیستەمە سەقەتەکەی ئەمڕۆ ناویان لێناوە "قەوارە" زۆربەی شتەکان ئاوەژوو کراونەتەوەو ڕاست‌و چەپ کەوتوە بەسەریەکاو کەم شت هەیە لەشوێنی سروشتیی خۆیا بێ، کە بۆتە مایەی فەوزاو پشێوی‌و دڵەڕاوکێی خەڵک‌و باڵکێشانی نائومێدی بەسەر بیرکردنەوە لەئایندە، جگە لەهەڵکشانی بەکارهێنانی زەبروزەنگ لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ فەرزکردنی ئەمری واقیع بەسەر خەڵکاو مەحکەمکردنی پێگەی خۆی لەڕێی دەزگا ئەمنی‌و چەکدارییەکانی خۆیەوە.....

لەسیستەمێکی سەقەتی وەک ئەوەی هەرێم زۆربەی دامەزراوەکان کارتۆنین، قسە قسەی سەرۆکی حیزب یان بنەماڵەیە، بۆیە کۆمەڵگا تووشی سڕبوون ئەبێ‌و لەکارئەخرێ بەشێوەی ئیفلیجبوون، ئەمەش لەقازانجی دەسەڵاتەو کۆمەڵگا هەر کە شوێنی خۆی ئەبێ‌و تەراویح ئەکا بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە نابینێ.........

لەسیستەمی سەقەتی حکومەتی سەقەت دز ئەبێ بەحاکم، گورگ بەشوان‌و شوانیش بەدەرەبەگ، ڕاوچی ئەبێ بەوەزیر، حەیتە بەپێشنوێژ، موهەڕیج ئەبێ بەئەکتەر، خەباتگێڕی لات‌و لەواری دوێنێی شاخ ئەبێ بەملیاردێر، بزنسمان بەسیاسی، ئیسلام بەپەپوولە، درۆکردن ئەبێ بەخه‌سڵەتێکی ڕۆژانە بەتایبەتی لەمەجالیسی حیزبی‌و حکومی، بیرەوەری ئەبێ بەسیناریۆی فیلمی کوڕە ئازاکە، قاچاخچیش بەسینەماکار، معاش ئەبێ بەمەتەڵی ساڵ، داهات وەک جنۆکە ناوی هەیەو دیارنییە، لەسەر پەندو حیکمەتەکانی سەرۆک!! دکتۆرا وەرئەگیرێت، موستەشارو ئەنفالچی‌و فایلدار هەوییەی نیشتمانپەروەری دابەشئەکەن، چەک وەک تەسبیح بەزۆربەی خەڵکە، ئاشبەتاڵ ئەبێ بەنسکۆ..!!، دوای ڕەمەزان‌و قوربان، 31ى ئابیش بەجەژن، نەخۆێنەوارەکانی حیزب توێژێکی تازەی کۆمەڵگا ئەهێننە کایەوە بەناوی "مشەخۆرەکانی پارلەمان"، حکومەت ئەبێ بەچاودێرو پارلەمانیش فەرمانگەیەکی کەڕو لاڵی جێبەجێکار، موعارەزە دەوری پاشکۆ ئەبینێ‌و لەسەر نەزەرییەی "گوێم لەهیچ نەبوو..هیچم نەدی..هیچم نەوت" بەشداری حکومەتە، دراوسێی داگیرکەر میوانێکی هەمیشە لەسەر چاوانەو کوردیش لەجیاکانی خاکی خۆی ڕاو ئەنرێ، مامۆستا لەنەبونیا ئەبێ بەسایەق تاکسی‌و "ابو القگعتین"ی دوێنێ خاوەنی کۆمپانیای سەیارەیە، مێژوو لەدەستی دەسەڵاتدارەکانا ئەبێ بەکۆنکەن بەئارەزووی خۆیان پێڕی لێ دروستئەکەن‌و وەرەقەی ڕابردوی خیابەت ئەخەنە حەوزەوە، ڕۆژنامە فرۆش تەرفیع ئەکا بۆ ڕۆژنامەنووس، پارە ئەبێ بەکیلۆی کێشی ئەخلاقیات‌و ئینسانیەت، بوغز جێ بەعەشق لێژ ئەکا‌و نزگەرە بەمۆسیقا‌و عەرزوحاڵ بەشیعر، دزی‌و جەردەیی ئەبێ بەپەنجەرەیەکی بێ شووشە چاکسازیش بەبەرد..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی