خوێندنەوەیەکی تر بۆ لەناکاو پەسەندکردنی بودجەو سفربونەوەی کێشەکان لەعێراق..!!

10/04/2021

دڵشاد مه‌جید

(بەشی پێنجەم‌و کۆتایی)

🔴 ئایا ئێران لەبەرامبەر ئەمریکا لەپاشەکشەیە لەعێراق..یا بەپێچەوانەیە؟

زۆربەمان بەگوێرەی ڕێڕەووی رووداوەکان‌و کارو کاردانەوەکان، وا بەرجەستەی دەکەین کە یٔەمریکا لەبەرامبەر یٔێران لەساحەی عێراق لەپاشەکشەیە.. ڕۆژانەش ئەو ڕەخنەیەم ئاراستە دەکرێ کە دەڵێم ئێران لەپاشەکشەیەو ئەمریکا ئامادەیی زیاترە لەعێراق..!!

دەڵێن: (وێنەکە پێچەوانەیە بەتایبەتی دوای دەستبەکاربوونی ئیدرەی نوێی بایدن لەئەمریکا..!!)

🔺ھەرچەندە ئیداری نوێی ئەمریکا تائێستا پلانی سیاسی‌و ستراتیجی خۆی سەبارەت بەعێراق‌و ئێران  بەتایبەتی‌و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی ڕانەگەیاندووە، لەحاڵی حازر ئەو پلانە لەلێکۆڵینەوەو توێژینەوەدایەو نیازوایە لەناوەڕاستی مانگی پێنجی داھاتوو ڕابگەیەندرێ.

🔺بەڵام بەڕای من ئیدارەی نوێ بەنیازە سیاسەتێکی جیاواز لەپێشووتر لەعێراق پیادەبکات، تەواو جیاواز لەسیاسەتی پێشووتری (ئۆباماو ترەمپ) ئەویش دەرھێنانی عێراقە لەململانێ‌و کێشەکانی نێوان (ئێران‌و ئەمریکا).

واتە بۆ سزادانی ئێران عێراق بەکارنەھێنێ، بۆ لێدانی ئێرانیش خاکی عێراق بەکارنەھێنێ، بەدەلیلی ئەوەی دوای ئەوەی چەند ھێرشێک بۆسەر ئەمریکیەکان ڕوویدا، ئەم ئیدارەیە چوو بنکه‌كانی ھەندێ ھێزی حەشدی شەعبی لەسووریا بۆردوومانکرد، جگەلەوە لەبواری ئابووریش عێراقی لەسزدانی ئێران بێ تەرەفکردوە، بەتایبەتی دوای نێوەندگیری فەرەنسیەکان، دواتر ھەر لەم بەشە باسیدەکەین.

🔺 ئەمەش بەومانایە نایەت پشت لەعێراق دەکات، بەڵکو ڕێکەوتنی ستراتیجی لەگەڵ عیراق پەرەپێبدات‌و ھانی وڵاتانى عەرەبی‌و تورکیاو ئەوروپیەکان دەدات کە زیاتر پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق باشتربکەن کە ببنە ھێزێک بۆ دروستکردنەوەی باڵانس‌و بەرژەوەندیە جیاوازەکان لەناو عێراق.

🔺 ڕەنگە ئەمریکیەکان بۆ نەھێشتنی ڕوبەرووبونەوەو (حجەت دان) بەئێران‌و ھێزەکانی سەر بەئێران تەواوی سەربازگەکانی لەخواروو ناوەڕاستی عێراق دابخا، بەمەش ڕێگا بەحکومەتی عێراق دەدات کە ھێزە میلیشیاکانی بەناوی بەرگری‌و مقاوەمەت، ھەڵبوەشێنێتەوە، لەدوا تویتە هه‌شت خاڵیەکەی (موقتەدا سەدر) ئەمە دووپاتدەکرێتەوە، ھەربۆیەشە دەبینین یٔەمریکیەکان لەڕووی سەربازی‌و دبلۆماسی، کەمتر لەخواروو  ناوەڕاستی عێراق دەردەکەون، بەڵام لەھەرێم‌و سەر سنوورەکانی سوریاو جێگا ناکۆکەکان ڕۆژانە جوڵەو کردەوەی سەربازیان ھەیە..  

🔺 خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە یٔەمریکا یٔامادەگی تەواوو بەھێزی بەسەر سیاسەتی یٔابووری عێراق ھەیە کە لەوێوە نەھێڵێت ھێزەکانی سەربەئێران جڵەوی دەسەڵات  بگرنەدەست‌و سەرەڕۆیی بکەن‌و تەسلیمی قەراری ئێران ببن.

بۆ نموونە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بڕیارێکی یٔەمریکیە، لێدان بوو لەو سەرچاوە ئابووریەی ئێران بۆ دراوی قورس، ئەم بڕیارە کازمی جێبەجێیکرد و سەدریەکانیش تاکە لایەنی شیعەکان بوو کە  پشتگیری یٔەو بڕیارەیان کردو دواتر سەپاندیان.

🔺یٔەمرکیەکان بەتەواوی پشتگیریی حکومەتەکەی کازمی دەکەن، بایدن ھەر لەگەڵ  دەستبەکاربوونی، یەکەم پەیوەندی دەرەوەی لەنێو سەرجەم سەرۆکەکانی وڵاتانی عەرەب‌و ناوچەکە، بەکازمی بوو.

🔺 لەکاتی پەسەندکردنی بوودجە، سەفیری یٔەمریکی  ھەوڵی زۆریدا کە پڕۆژەیاسای بوودجە جێبەجێبکرێ، تاکە مەرجی یٔەمریکیەکان یٔەبوو کە نابێ بوودجە بەبێ ڕێکەوتن لەگەڵ کورد تێپەرێ، بەڵام بەو مانایە نا کە کورد چی بوێت بۆی بکرێ، بەڵام ڕێکەوتنێک بکرێ کە ھەردوولا پێی ڕازیبن.

🔴 ڕۆڵی فەرەنسا بۆ ڕازیکردنی ئێران بۆ بەڕێکردنی بوودجە.!!
سەفەرەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا لەپاڵ چەند پرسێک، ئەم دوو پرسەش لەلایەن بارزانی خرایە بەردەم ماکرۆن..

١- بەعێراقیەکان ڕابگەیەنێ کە تورکیا ئامادەیی ھەیە ھاوکاری عێراق لەمەسەلەی ئاوو بەرھەمھێنان‌و بازرگانی بکات، لەبەرامبەر دواخستنی سکاڵایەکەی دادگای پاریس.
٢- ھەروەھا داوا لەئێران بکات کە ھێزەکانی سەر بەئێران دەنگ بەپرۆژە یاساکە بدەن.

چونکە فەرەنسا پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئێران ھەیە، دەتوانێت ببێتە ناوبژیوانێک لەنێوان ئێران‌و ئەمریکا..

بەخوێندنەوەی  خۆم فەرەنسا بۆ قەناعەتھێنان بەئێرانیەکان، ئەو دوو داوایەی بۆ ئێران جێبەجێکردووە.. 
   
🔺فەرەنسا داوای  لەئەمریکیەکان کردووە کە مۆڵەتی درێژکردنەوەی کڕینی سووتەمەنی وزە لەئێران لەلایەن عێراق درێژبکاتەوە، ئەوەبوو ئەمریکا لەڕۆژی٣/٣١ ئەمریکا لەھەمان رۆژی بەسندکردنی بوودجە بۆ چوار مانگی تر ئەو گرێبەستەی درێژکردەوە.

🔺ھەروەھا فەرەنسا ھەوڵیداوە ئەمریکیەکان ڕازی بکەن کە وەجبەیەک لەو پارەیەی ئێران لای عێراقە بەدۆلار بیداتە ئێران، ئەوەبوو ئەو داواکاریەشی لەلایەن ئەمریکیەکان  جێبەجێکرا ھەروەک (مەزھەر محه‌مه‌د ساڵح ڕاوێژکاری کازمی) لەلێدوانێکی بۆ کەناڵی جەزیرە دەڵێت: بەڵێ دوای ڕەزامەندی ئەمریکیەکان وەجبەیەک لەو پارانە درایە ئێران.

بۆیە دەبینین لە٣/٣١ بەزۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بەئامادەبوونی 210 ئەندام  پەرلەمان پەسەندکرا، ئەم ھەڵسوکەوتە نوێیەی ئەمریکا لەگەڵ عێراق، نیشانەی ئەوەیە کەچیتر ئەمریکا، بۆ ململانێکانی لەئێران، عێراق بارمتە ناکات، بەمەش وا لەئێران  دەکات بەحەزەرەوە، مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی