جەستەی بێ ڕۆحی سیاسیەکان!

11/04/2021

ئارام سەعید

سیاسەت ئەگەر بریتی بێت لەململانێی فیکرو بەهاکان، یان سیاسیەکان ئەگەر ئەوە ئەرکیان بێت ئەوبەهایانە بێننە دی کە بەڵێنیان بەهاونیشتمانیەکانیانداوە جیبەجێبکەن ئەوا لەکوردستاندا سیاسەت  لای دەسەڵاتداران بە ئاراستەیەکی تردا دەڕوات، ئەوەی ئەمڕۆ لەناو سیاسیەکاندا هەیە ململانێەک نیە لەسەر بەهاکان، کە سیاسەت بێ فیکر وبەها بێت چی ئەمێنێتەوە بۆ کاری سیاسیەکان؟ ئەوکات  دەبنە جەستەیەکی مردوو کە هیچ رۆحێکیان تێدا نیە و گوتارەکانیان زۆر کرچ‌و کاڵ دەبێت.

ئەمجۆرە لەسیاسیی پێویستی بەچەند کارامەییەک هەیە بۆئەوەی بگاتە دەسەڵات، بۆ نمونە فێڵکردن بۆ دورخستنەوەی رکابەرەکانیان، ماستاوکردن بۆبەدەستهێنانی پشتگیری سەرۆک یان هاوسەرۆک، درۆ بۆ بەدەستهێنانی دەنگی هەڵبژاردن، بەڵام پێویستیان بە کارامەیی سیاسی نیە چونکە بریار لەسەر سیاسەت دەدەن بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان. هەر بۆیە ساڵانێکە گوتارێکی سیاسی نیە خەلک سەرسام بکاو خەڵک تینوی قسەکردن‌و لێدوانی ئەم سیاسیانە بێت.

ئەجنداو گوتاری سیاسی ئەمڕۆی حزبەکان ناتوانێت لەگەل واقیعی ئێستاو گۆرانکاریە خێراکانی بگونجێت کاتێک سەرنجی گوتارەکانیان دەدەیت راستەوخۆ دەردەکەوێت هیج ئامانجێکی گۆڕانکاری لە پشتەوە نیە جگە لە هەڵخەلەتاندن و بەلاڕێدابردنی راستیەکان، هاوڵاتی بەباشیی دەزانێت کەئەم سیستمە سیاسیە ناتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات چونکە حکومەت دەستی کۆمپانیاکانی واڵا کردوە بۆ چارەسەری تەندروستی، پەروەردە، وبەم زوانە کەرتی کارەبا و ئەوانی تریشی دێتە پاڵ. هاوڵاتی بۆئەوەی مندالەکەی خوێندنی باش بیت ئەبێت بینێریتە خویندنی تایبەت، بۆ ئەوەی فریای تەندروستی بکەوێت باشترە رووبکاتە کەرتی تایبەت، بۆیە ئیتر چیتر حکومەت وردە وردە ئەو گرنگیەی لەدەست دەدات کە دەبێت هەیبێت.هاوڵاتیانیش لەوە گەیشتون چیتر حکومەت ئەو باوکە نیە کە دەیانپارێزێت.

ئایا بەڵگە ماوە بخریتە روو لەسەر ئەوەی ئەم سیستمە ناتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات؟ 

ئایا ئەم قەوارەیە لە توانایدا ماوە بۆ هەموو کێشەکان هاوڵاتیان بگەڕێنەوە لای تا چارەسەریان بکات؟ 

ئایا لەبەرئەوەی ئەم سیستمە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی کێشەکان بێت، دەبێت ئەوانەی لەو دۆخە ناڕازین دەست لە بەشداری سیاسی هەڵگرن؟ یان دەبێت دەسەڵات بەئاگا بهێنرێتەوە لەوەی سیستمەکەیان نزیک بۆتەوە لە کۆتایی؟ بەڵام ئاخۆ پردێک ماوە بۆئەو دیالۆگەی نێوان دەسەڵات ودەنگدەرەکانیان؟

لەکۆتاییدا ئەوانەی ئایندەی ئەم هەریمەیان بەلاوە گرنگە،باشترە خۆیان کۆبکەنەوەو وزەوتوانای خۆیان خەرج بکەن لەبونیادنانی ستراتیژێکی کاریگەر بۆ دەستنیشانکردنی ئەولەویەت و کۆکردنەوەی تواناکان ، بۆبڕیاردان لەسەر کات و شوینی ئەو کارکردنە، بێگومان ئەمەش ئاسان نیە چونکە لەم جەنگەدا دەبێت شەڕی رۆژانەی ئەوجەستە مردوانە بکرێت، شەری پۆپۆلیزم بکرێت، تواناکان یەکبخرێن و ئەولەویەت دەستنیشان بکرێت. گەر وانەکرێت ئەوا ئەو هێزانەی خۆیان بە نارازی دەزانن لەناو تەکتیکی کاری رۆژانەدا نقوم دەبن بەبێ تێروانینێکی ستراتیژیانە ئامانجەکانی خۆیان لەدەستدەدەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی