ئەنفال؛ چەند سەرنجێک لە دوای 33 ساڵ

13/04/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



لەدوای 33 ساڵ لە تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد، لەوە تێدەگەین هێشتا هێندەی گەورەیی تاوانەکە و قوڵی و ماناکانی لەناو زمان و دین و زۆر شتی دیکەدا، کار لەسەر ئەم تاوانە نەکراوە و تێگەشتنە باوەکەش بۆ ئەنفال نەگۆڕدراوە.
تەنانەت بەمەبەستێکی ئەرێنی دەڵێم: گەلی کورد لەکاتێکدا گەورەترین ڕووداوی سەدەی 20ی ڕووبەڕوو بووەتەوە، کارێکی کەم و ناپێویستی لەئاست تاوانەکەدا کردووە، بەجۆرێک یٔەگەر هەر وڵات و دامەزراوەیەک لەچاوی هەوڵەکانی گەلی کوردەوە بڕوانێتە تاوانەکە، ئەوا بەبچووک تاوانەکە دەبینێت.

لەدوای 33 ساڵ لەتاوانی ئەنفال، پێویستە لەسەر چەند یٔاستێکی گرنگ دووبارە ئەنفال لێکبدرێتەوەو خوێندنەوەی نوێی بۆ بکرێت، پێویستە ئەنفال وەک بابەت و یادێک و ڕۆژێک لێی نەڕوانرێت و وەک بابەتی هەمووسەردەم و ڕۆژگارێک پێناسە بکرێت و تێگەشتنی نوێی بدرێتێ.

لەسەر ئاستی زمان:

بەگشتی لەسەر ئاستی زمان، تاوانی ئەنفال نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست و لەناو زمانی کوردیدا دوای 33 ساڵ تاکی کورد هێشتا بە تاوانی جینۆسایدی کورد دەڵێت (ڕووداوی ئەنفال) یان (کارەساتی ئەنفال) لەکاتێکدا ناکرێت تاوانی جینۆسادی ئەنفال وەک ڕووداو لێی بڕوانرێت و ناو بهێنرێت.

لەپانتایی زماندا چەمکی (ڕووداو) گەلێک بچووکترو ماوە کەمترە لەچەمکی تاوان و جینۆساید، بەکارهێنەرانی تاوانی جینۆسایدی کورد بەشێوەیەکی بێئاگایانە وشەی (کارەسات و ڕووداو) دەخنەپاڵ ئەنفال و ئەمەش بچووککردنەوەی تاوانەکەیە لەڕووی هێزی وشەو ماناوە، بۆیە دەبێت پێش هەر دەزگاو دامەزراوەیەکی حکومەت، نوخبەی ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووسان و نوسەران لەکاتی قسەکردندا لەسەر ئەنفال، ئەنفال وەک تاوان و جینۆساید ناوببەن و ئەم چەمکانە لای خوێنەر و گوێگر "وەرگر" بچەسپێنن.

هاوکات ئەم تێگەشتنە لەسەر یٔاستی زمان لەنێوان (بەجێماوەکانی ئەنفال) و (پاشماوەکانی ئەنفال)دا هەیە و تاکو ئێستا زۆرێکی تاکی کورد وشەی (پاشماوە) بەکاردێنێت، کە هەڵەیە، بەڵکو دەبێت (بەجێماوەکان) بکرێتە وشەی ناو سیاقی نووسین لەسەر تاوانی جینۆسایدی ئەنفال.

لەسەر ئاستی دینی:

بەبۆچوونی (ئەلفرێد بلوێتز) هۆڵۆکۆست و تاوانە گەورەکان دژی مرۆڤایەتی و قڕکردنیان، پێی دەوترێت (نەهێشتنی نەوەی خراپ). بەڵام تاکو ئێستا کورد بەگشتی، ئەنفال وەک تاوانێک لەناو دیندا دەبینێت و بەبەرهەمی سورەتی هەشتەمی قورئانی دەزانێت کە لەجەنگی بەدری گەورەدا بۆ پێغەمبەر هاتەخوارەوە.

قسەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە، کورد نە توانیوویەتی بەشرۆڤەی ڕاست و دروست ئەنفال وەک چەمکێکی (دینی) ڕوون بکاتەوە، نە توانیویشێتی وەک چەمکێکی (بەدینی کراو) پیشان بدات و هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی کورد تایپی دینیان هەیە ئەم هەڵەیەیان دەکەوێتە ئەستۆ کە بێدەنگی ئەوان وایکردووە تاکو ئێستاش ئەنفال بەبەرهەمی دین بزانرێت، هاوکات هەموو ئەو ڕۆشنبیرو نووسەرانەیشی لەدەرەوەی تایپە دینییەکەن نەیانتوانیووە ڕاستی دینی و نادینی تاوانی ئەنفال شرۆڤە بکەن. بەپێچەوانەیشەوە هەردوو تایپەکەی ڕۆشنبیری کورد نەیانتوانی سوود لەدین وەربگرن بۆ بەشەیتانکردنی تاوانبارانی تاوانی جینۆسایدی کورد وەک چۆن یٔەتاتورکی تورکەکان و سەدام حسێنی بەعسی و ئەسەدی باوک، دژی کورد قورئانیان بەکاردەهێنا.

لەسەر ئاستی زانستی:

شەرمە! لەدوای 33 ساڵ لەتاوانی ئەنفال، هێشتا زانکۆکانی کوردستان و ناوەندە زانستییەکانی کورد وەک یاد و بۆنە، ڕۆژێک دەکەنە پشوو بۆ تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و خوێندکاران دێننە دەرەوەی پۆلەکان و لەئاست تاوانەکەدا دەقیقەیەک بۆ ڕۆحی پاکی ئەنفالکراوان ڕایاندەوەستێنن.
لەوە شەرمتر! ئەوەیە؛ هیچ کتێبێکی مەنهەجی تێروتەسەل لەقوتابخانەکانی کوردستاندا نییە بۆ خوێندن وەک هەر وانەیەکی دیکەی مێژو و جوگرافیاو ئاین و کۆمەڵناسی و ....هتد، بەڵکو تاوانی ئەنفال وەک بەشێک یان وەرزێکی خوێندن هەیە و ئەویش زیاتر بۆ خوێندکارانی وێژەییە نەک زانستی. لەسەر ئاستی زانستی هەرچەندە کار بکرێت لەسەر تاوانی ئەنفال هێشتا کەمە و خاڵێک نییە وەک خاڵی کۆتایی لێیبڕوانرێت.

لەسەر ئاستی میدیایی:

میدیای کوردی لەماوەی 33 ساڵی ڕابردوودا، یەک جۆر کارکردن و یەک جۆر بەرنامە و دیدار و گفتوگۆی لەسەر تاوانی ئەنفال هەبووە، دەتوانین بڵێین ئەم جۆرە کارکردنەش تەقلیدی بووە و ئەوەندەی ماندووکردن و ئازاردانی ڕۆحی بەجێماوەکانی ئەنفال و میللەتی کورد بووە هێندە خزمەتکردن نەبووە بەتاوانەکە خۆی و گەلی کورد بەگشتی.

دەبوو لەسەر ئاستی میدیایی، میدیای کوردیش بەهەمان نەفەسی (میدیای جولەکە لەسەر هۆڵۆکۆست) کاریان بکردایە کە هەموو چرکەساتێکی ئیشکردنیان ڕووبەڕووبوونەوەی بیری نازیەت و تاوانبارێکی وەک (ئەدۆلف یٔیخمان) ئەنجامدەری تاوانەکەیە، لەکاتێکدا میدیای کوردی تاکو ئێستا بنکۆڵکاری نییە بۆ ماڵ و ژیان و ئەمنیەت و موچە و ....هتدی ئەو کەسانەی دەستیان لەتاوانی ئەنفالدابووەو ئێستا لەکوردستان دەژین، ئەمەش پێچەوانەی میدیای ئیسرایٔیلییە کە هاوشانی دەزگای مۆساد، تاوانباری هۆڵەکۆستەکەیان لەئەرجەنتین ڕاگەیاندو لە ئیسرایٔیل لەسێدارەیان دا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی