بەرھەم ساڵح وای کرد

29/04/2021

none

پێش پەسەندکردنی بودجەی عێراقی فیدڕاڵ، بابەتێکی رەخنەیم ئاراستەی سەرۆککۆمار، د.بەرھەم ساڵح کرد، لە بابەتەکەدا داوایەکم ھەبوو کا ئایا بە ئەرکی خۆی ھەڵدەستێ لەم پۆستەدا؟ ئایا لە ئێشوئازاری خەڵکی کوردستان تێدەگات کە لەم پۆستەدا سەرۆککۆمارە؟ خەمی خەڵکی لا گرینگە یان کورسیەکە؟ من چاوەڕێم نەکرد بە تەلەفۆن یان نامە وەڵامم بدرێتەوە، بەڵکوو لە بابەتەکەدا ئامانجم بوو ھەنگاوی کرداری لە د.بەرھەم ساڵح ببێنین.
زۆری نەبرد لە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ، بەتایبەت بۆ پشکی کورد د.بەرھەم ساڵح کەوتە جوڵەی جیدی و ڕۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لە پاڵپشتیکردنی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت و شاندی حکوومەت لە بەغدا لەو داوایەی کە ھەرێم بۆ پشکی خۆی لە بودجەدا ھەیبوو..لەدوای ئەم ھەنگاوە د.بەرھەم لە ئێستادا کە لە ھەولێرە بۆ دوو مەبەستی سەرەکی ھاتووە؛

یەکەم، کۆنگرەیەکی ئاشتەوایی ھێزە عێراقییەکان کە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەم کارە ھەڵسن.
دووەم، لێکنزیکبوونەوەی ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کە بۆ ئەم مەبەستە رای جەنابی سەرۆک بارزانی وەردەگرێت.
وەک نێچیرڤان بارزانی گوتی کە بەغدا قوڵایی ستراتیژییە، ئەم قوڵاییە لای سەرۆککۆمار و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بنەمای فیدڕاڵی لە عیراقدا خۆی دەبێنێتەوە کە ھاوسەنگی لە بڕیاری سیاسی و کارگێڕیدا ببێتە شەراکەتێکی حەقیقی.

بەرھەم ساڵح ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت بۆ نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و بەھێزکردنی پێگەی کورد بە کۆدەنگی لە بەغدا کە ئەم ھەنگاوە لە تەوقیتێکی گونجاودایە و لە دەورانی خۆیدایە، ئەمە بە دڵنیاییەوە جارێکی تر و بۆخولێکی تر ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم ئۆکەی ئەم پۆستە بە د.بەرھەم دەدەنەوە، چونکە کاتێک خەمی خەڵک ھەڵبژێری، کورسی خۆی بانگت دەکاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی