ئامانجی سەردانە مەكۆكییەكەی دكتۆر بەرهەم چی بوو؟

01/05/2021

د.حیلمى ڕەسوڵ ڕەزا

گەر وەك تاكە سەرچاوەی نزیك لەكۆبوونەوەكان شیكاریی لەسەر سەردانەكەی سەرۆك كۆمار دكتۆر بەرهەم بكەین، پێویستە لەتویت‌و قسەى ڕەسمى سەرکردەکانەوە دەستپێبكەین، هەر لەکاک مەسعودەوە تاکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان‌و جێگرى ئەنجومەنى وەزیران‌و بەڕێزان مامۆستا عەلى باپیرو مامۆستا سەڵاحەدین، هەموویان باسیان لەوەکردوە، دکتۆر بەرهەم سەردانى کردون‌و کۆى پرسەکانى سەر گۆڕەپانى عێراقى لەگەڵ تاوتوێکردون. هەر دەربارەى کارو جوڵانەکانى دکتۆر بەرهەم ساڵح؛ کاک نێچیرڤان بارزانی‌و کاک قوباد تاڵەبانیش وەک کەسى بەرپرس ئەوەیان نەشاردۆتەوە كە سەرۆك كۆمار لەسەر ڕێكخستنی پرسی پەیوەندیەكانی هەرێم‌و بەغدادو پرسی مووچە؛ هەرچى لەتواناى ئەودا بوبێت درێغى نەکردوە، جا بەدەر لەوەى هەندێك بەئەنقەست‌و مەبەست‌و خۆگێلکردن‌و هەندێكى دیکەش بەنەزانی‌و بێ لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون،  بەدواى هەڵا دەکەون‌و هەوڵدەدەن سەردانەكەی دكتۆر بەرهەم ببەستنەوە بەپرسی پۆستی سەرۆك كۆماریەوە، بەڵام ئەوەنە بەسە کە سەردانیکردنەکەى سەرۆک بۆ لاى هەموان بوو؛ کەسى لێ بەدەرنەبوو، هاوکات کۆبونەوەکان بەدەرنەبوون لەئامادەبووانى کەسانى دیکەى لایەنەکان، بۆیە بەتەحەداوەو بەبێ سڵکردنەوە لەهیچ بەرپرس‌و نابەرپرس‌و میدیاو کەناڵێک گومان لەوەدانییە، تەنها بەیەك خاڵیش چ لەڕاگەیاندن‌و تویتە تایبەتەكانی خۆیانداو چ لەکۆڕو مەجلیسە تایبەتى‌و گشتیەکاندا دورو نزیك باسی ئەوەیان کردبێت كە ئامانجی سەردانەكە پەیوەست بێت بەپرسی پۆستەوە یان باسی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كرابێت.

ئەوانەى کاریان کا بەباکردنەو لەپشتی ئەو درۆو بوختانە شاخدارەوە وەستاون‌و سەبارەت بەو پرسە ڕمڵی بوغز لێدەدەن، بەشێكی زۆریان لەڕابردودا بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، سەرۆك كۆمار گرنگی بەدۆخی هەرێمی كوردستان نادات، یان دەنگیان بەرزدەکردەوە گوایە لەهەولێر پێشوازی لێناكرێت، ئێستا كە دكتۆر بەرهەم سەردانی لایەنەكان‌و دەزگا ڕەسمیەکانى هەرێم دەكات‌و مەترسییەكانی سەر هەرێم‌و دۆخی ئێستایان دەخاتە پێشچاو، بەڕێزەوەو بەگرنگیەوە لەسەردانەكەی دەڕوانن، سەرۆکیش ڕاشكاوانە هۆشداریان لەسەر دۆخە گشتیەكە دەداتێ‌و میكانیزمی  چارەسەری نیشتمانی دەخاتەڕوو بۆ دروستكردنی تەبایی‌و خۆ ئامادەكردن بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو، ئاخۆ ئێستا کارێکى دیکە ماوە دکتۆر بەرهەم ئەنجامى بدات‌و وەک کەسێکى نێو کایەى سیاسى ئێستاى عێراق‌و ناوچەکەش درێغى کردبێت، بەڵام ئەوانەی كە پێشوەختە بڕیاری ئەوەیانداوە هەردژبن‌و لەچاویلكەی بەرژەوەندیە شەخسیەکانى خۆیانەوە بڕواننە ڕووداوەكان، ئەگەر هیچیان پێنەكرێت دەبنە درۆزانێك بۆ شیكاری سیاسی واعزی ئەخلاقی‌و فشەو هەڵوێست وەرگرتن‌و دەیانەوێت لەبازاڕی كڕین‌و  فرۆشتندا مامەڵەی پێوەبكەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی