هەنگاوێک بۆ پێشەوەو دوو هەنگاو بۆ دواوە هەڵبژاردن لەکوردستان وەک نمونە

04/05/2021

سەردەشت محه‌مه‌د

چەمکی هەڵبژاردن وەک هەر چەمک و پرسێکی دیکە  چەندین پێناسەو ناساندنی جۆراوجۆری بۆکراوە، ئەگەر لەنێو ئەو پێناسانەدا  بێن‌و دەستبخەینە سەر ئەو پێناسەیەی کە دەڵێت هەڵبژاردن هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی هەندێک کۆمەڵگا، لەکۆمەڵگایەکی خێڵەکی‌و سەرەتاییەوە، بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی‌و شارستانی، ئەوا لێرەدا  ئێمە دەکەوینە نێو نائومێدییەکی قوڵەوە، چونکە هەڵبژاردن وەک ئەو پرۆسەیەیی کەماوەی چەند دەیەیەکە لەهەرێمی کوردستاندا  ئەنجامدەدرێت هێشتا نەیتوانییەوە گۆرانکارییەکی ئەوتۆ بێنێتەکاییەوە کە هیوابەخشبێت بۆ کۆمەڵگایی کوردی، بەڵکو بەپێچەوانە خودی هەڵبژاردن بووە بەئامرازی زیندوکردنەوەی گیانی خێڵگەرایی و ڕاکێشانی کۆمەڵگا لە کۆمەڵگایەکی ئارەزومەند بۆ کرانەوە و  نوێبونەوە بەرە و کۆمەڵگایەک کە گرنگی و بایەخ بە هێشتنەوەی دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵە بدات، هەر ئەمەشە وایی کردووە بۆ هەر  و وەخت و سەردەمێک کە هەڵبژاردن بێتە گۆڕێ ئامادەکارییەکان بۆ نزیک بونەوە و یەکتربینین و سەردانی کردنی کوڕانی خێڵ وبنەماڵە گەرموگوڕییەکی زیاتر بەخۆوە ببینێ، کەواتە لەم جۆرە هەڵبژاردنانەدا ناتوانرێت ئامانج و مەهامەکانی هەڵبژاردن وەک خۆی بێتەدی، هەرئەمەشە وادەکات کۆمەڵگا لەبری ئەوەی بییەوێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە هەنگاوێک بۆ پێشەوە بچێت ئەوابە پێچەوانەوە دوو هەنگاو بۆدواوە دەگەڕێتەوە،  دیار لە کۆمەڵگایەکی خێڵگەرایی وەک نەتەوەی کوردا مەبەست لەدرێژەدان و ئەنجامدانی ئەم جۆرە لەهەڵبژاردن بۆچییەو کێ سود لەم پرۆسەی هەڵبژاردنە دەبینێت.

لەکۆمەڵگایی کوردیدا ئەوەی گرنگی بەزیند و هێشتنەوەی خێڵ‌و بنەماڵە دەدات‌و ڕێگرە لەبەردەم ئەو گۆڕانکاریانەیی کە دەتوانرێت هەڵبژاردن لەکۆمەڵگادا ئەنجامیبدات ڕوونە کە ئەو هێزە سیاسیانەن کە لەئێستاو ڕابردوشدا لەنێو ساحەی سیاسی هەرێمدا ڕۆڵی کاریگەرو باڵایان هەبووە لەئاراستەکردن‌و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، چونکە خود ئەم هێزانە خۆیان هەڵقوڵاوی نێو خێڵ‌و بنەماڵەن‌و بڕوایانوایە دەرچونی کۆمەڵگا لەقاوغی خێڵگەرایەتی‌و هەنگاونان بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی‌و شارستانی زیان بەهەیمەنەو دەسەڵاتی ئەوان دەگەیەنێت‌و هەر خودی ئەو هەڵبژاردنەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن دەبێت بەمۆتەکەیەک بەسەریانەوە‌و زۆرنابات لەنێو ساحەی سیاسیدا پەراوێزیان دەخات‌و لەهێزی یەکەم‌و دووهەمەوە  ئەگەر لەناوییان نەبات ئەوادەیانکات بەهاوڕێ‌و هاوئاستی ئەو هێزانەی کە ماوەی چەند ساڵێکە نەیانتوانییەوە ببن بەخاوەنی کورسییەکی پەڕلەمان.

کەواتە لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هەڵبژاردن لەئێستادا ئەوەندەی ئامانجی  هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردییە لەنێوبازنەی خێڵدا نیو هێندە بەلایەوە گرنگ نییە کە کۆمەڵگابەرەو مەدەنیبون‌و شارستانیبوون ئاراستە بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی