داهاتوی هەرێمی كوردستان

05/05/2021

كه‌مال محه‌مه‌د

لەمێژوی نزیكەی 30 ساڵی دروستبونی هەرێمی باشورەوە كە خرایە ژێر چاودێری هێزە نێودەوڵەتییەكان فۆرمێكی نوێی بەڕێوەبەری‌و حكومەتێكی كوردی ڕاگەیەندرا بەئومێدی ئەوەی لەم پارچەیە سیستەمێكی دیموكراسی‌و فرەیی‌و هاوڵاتیبون بهێنێتە كایەوەو هەنگاوی جددی‌و كردارەكی بنرێت بەئاراستەی لەناوبردن‌و كەمكردنەوەی قەیرانە ئابوری‌و سیاسی‌و جوگرافی‌و كۆمەڵایەتیەكان، بەڵام دواجار ئەوەی بینرا نەتوانینی تەجاوزی سەنتراڵیزمی دەوڵەت نەتەوە بوو لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی كوردیەوە، یەكێكی دیكە لەكێشەكان  نەبونی ئیرادەیەكی مەعریفی‌و ئایدۆلۆژی‌و سیاسی بوو لەم هەرێمە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن‌و دادوەری‌و یاسادانان كە دواجار ئەم فۆڕمە لەحكومڕانی  نەیتوانی بەشداربونی دیموكراسی لەدەسەڵات فەراهەمبكات‌و ئەم فۆڕمە لەبەڕێوەبردنی دامەزراوەكانیش سیستەمێكی سەنتراڵیزمی تۆتالیتاری بەرهەمهێنا.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ كێماسییەكانی عێراق خۆی ئەبینین بەدرێژایی 90 ساڵی ڕابردوو ئەم دەوڵەتە بەدەست چەندین گرێ كوێرەوە ئەناڵێنێت‌و هیچكات نەیتوانیوە سود لەدەستورێك وەربگرێت بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی  عێراقێكی نوێ، دواین دەستوری عێراقیش كە ژێر فشاری ئەمریكا نوسرایەوەو كوردیش بەشداربوو لەنوسینەوەو دەنگپێدانی لە 15ى ئۆكتۆبەری 2005 نەیتوانیوە عێراق بكاتە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆی سەروەری، بەڵام ئەوەی مەبەستمە لێرەدا داهاتوی كوردو هەرێمەكەیەتی كە ئەبێت دەسەڵاتی سیاسی كوردی كە خۆی ببێتە هۆكار بۆ چارەسەركردنی تەنگەژە سیاسی‌و ئیداریی‌و ئابوریی‌و نەتەوەییەكانی‌و بتوانن بەرنامەیەكی نیشتمانی‌و بەرەیەكی سیاسی نیشتمانی بكەنە بناغەیەك بۆ پاراستنی ئامانجی نیشتمانی‌و لەدەرنجامە خراپ‌و ناهەموارەكانی بەردەمی بیپارێزن.

كۆبونەوەكانی سەرۆك كۆماری عێراق‌و هێزو لایەنە سیاسیەكانی كورد ئەتوانرێت تەنها كۆبونەوە نەبێت‌و لەڕوانگەی پێزانینیانەوە بێت لەبەردەم عێراقی داهاتوو ئەگەرو پێشهاتەكانیدا، ئەكرێت ئەم كۆبونەوانە هەستكردن بێت بەبەرپرسیارێتی بۆ ئەوەی چیدی گەنده‌ڵی سیاسی‌و ئیداریی‌و ئابوری نەبێتە هۆكاری تێكشانی پێكهاتەو پەیكەری ئەم هەرێمەو زیاتر پەرتكردنی كۆمەڵگاو هۆكاری لەناوبردنی پلۆرالیزم‌و لێبوردەیی.

ئەكرێت پڕۆژەكە هۆكارێك بێت بۆ دروستكردنی ناسنامەیەكی نیشتمانی كە هەموو خەڵك‌و هەرێمەكەش لەژێر چەترێكدا كۆبكاتەوە، كەواتە ئەوەی لێرەدا پێویستە هەستی پێبكرێت چەمك‌و تێگەی فیدراڵیزم‌و داهاتوی هەرێمەكەیە لەلایەن سیاسییەكانییەوە كە لەسیاسەت‌و دەستورێكی نیشتمانیدا ڕەنگبداتەوە، دەستورێك كە دوربێت لەململانێی خواستی دەڤەرو حیزب‌و بنەماڵەیەك.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی