ژمارەکان گۆڕاون..!!

05/05/2021

محەممەد گەڵاڵەیی

لەهەڵبژاردنەکانى عێراق لەماوەى (2005 ـ 2021) بەتایبەتى لەدواى نووسینەوەى دەستوورى هەمیشەیی عێراق‌و دەنگ لەسەردانى لەلایەن گەل لەڕۆژى 15ى تشرینى یەکەمى 2005دا، یەکەم هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەڕۆژى 15ى کانوونى یەکەمى 2005 لەدواى نووسینەوەو پەسەندکردنى دەستوور بەڕێوەچوو، لەوکاتەوە ژمارەى پاڵێوراوان (کاندیدەیتەکان) بۆ په‌رلەمانى به‌غداد لەبەرزبوونەوەدا بووە، بەڵام بۆ یەکەمجارە لەعێراق ژمارەى پاڵێوراوان بۆ په‌رلەمانى به‌غداد بۆ ڕێژەى نیوە کەمتربۆتەوە، بەبەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنى یەکەم لەساڵى 2005و هەڵبژاردنى کۆتایی لە12ى ئایارى 2018دا.

ئەمەش ژمارەى پاڵێوراون بەپێی ساڵەکانى هەڵبژاردن:
خولى یەکەم: 2005 (6655 پاڵێوراو).
خولى دووەم: 2010 (6281 پاڵێوراو).
خولى سێیەم: 2014 (9039 پاڵێوراو).
خولى چوارەم: 2018 (6904 پاڵێوراو).

خولى پێنجەم: 2021 (3500 پاڵێوراو) كه‌ وا بڕیاره‌ له‌ 10ى 10ى 2021 ئەنجامبدرێت، ئەگەر هەیە ژمارەى پاڵێوراوەکان کەمبکرێتەوە، دواى ئەوەى دەنێردرێن بۆ پرۆسەى لێکۆڵینەوە لەڕووى هەبونى مەرجى قانوونی پاڵێوراوان، هەروەها لێکۆڵینەوەکانى دەستەى نەزاهەو دەستەى دادپەروەریى‌و لێپچینەوەى تایبەت بەڕیشەکێشکردنى حزبی بەعسی قەدەغەکراو‌و هەڵوەشێنراو.

ئەوەى گرنگە چۆنایەتى کارو ژیاننامەى ئەو پاڵێوراوانەیە کە شانسی ئەوەیان دەبێت‌و دەگەنە سەر کورسی پارلەمانى بۆ ماوەى چوارساڵ، کە خۆى لەئەزموونى (سیاسی، قانوونى، جەماوەرى، دەستپاکى لەڕووى کارگێڕیى‌و زانستى، زمانزانین‌و خاوەن ئەتەکێتی پارلەمانى) دەبینێتەوە، نەک ئەندام پارلەمانێک بێت لەفەیسبوک ئامادەیی هەبێت‌و لەناو هۆڵ‌و ڕێڕەوەکانى پارلەمان ونبووبێت، نمونە زۆرە پێویست بەناوهێنان ناکات!..

لێرەدا دوو هۆکار بەدیاردەکەون بۆ ئەم کەمبونەوەیە:
یەکەم: بێئومێدى خەڵک لەعێراق بەگشتى بۆ بەشداریکردن لەپڕۆسەى سیاسی، بەتایبەتى لەنەخشاندنى دەوڵەتێکى دیموکرات‌و دەستاودەستکردنى، کە ئەمە هۆکارێکى بەهێزەو زۆریش مەترسیدارە.
دووەم: سیستەمى هەڵبژاردنى ئەمجارە بەتەواوى گۆڕانکاریى بەسەرداداهاتوە، بۆیە سیستەمى لیستکارى جاران نەماوە لەهەڵبژاردنى یەکەم لە 2005 عێراق یەک بازنە بوو، لەسێ هەڵبژاردنەکەى دواتریدا 18 بازنە بوە، بەڵکو عێراق ئەمجارە بۆتە 83 بازنە، بەڵام هەڵبژاردنى تاکە کەسی هاتۆتە ئاراوە، ئەمەش داهاتوو بەرئەنجامەکانى ئەو هەڵبژاردنە وەڵامدەداتەوە.

با چاوەڕوان بین، بزانین کام لەم دوو هۆکارە نەخشەى نوێی سیاسی عێراق دادەڕێژنەوە، بەهیواى بەختێکى باش بۆ سەرجەم پاڵێوراوان..!!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی