گرێی ھاوسەنگی!.

07/05/2021

نەبەز جەلال:


                                
گەر بە ئازار و مێژوی نزیکی پڕ برینی ھێزی چەکداری باشوردا ڕۆچینە خوارەوەو سەرنج بدەین، ئەوا تێدەگەین کە تێنەگەیشتن و نەبونی زمانی لەیەکگەیشتن بۆ دروستکردنی ھاوسەنگییەکی بەھێز و تۆکمە، یەکێکە لە ھۆکارە سەختەکانی سەرنەکەوتن و بەردەوامبوونی کێشەو ململانێکانیشە بۆ شەڕی خۆ بە خۆ.
لە نێوان بەرکاربوون و بەرکەوتنی ئاوەزی زانستی ڕامیاری و پارسەنگی ڕامیاری ھێزی بۆماوەی ناو ھێزەچەکدارەکانی شۆڕشی ئەم ھەرێمە، کەلە دامێنی کین و بوغزی کۆن و پەروەردەی پارت و سەرکردەی لوتبەرزی کاڵفام و شەڕی بچوکەوە خوڵقاوەو گواستراوەتەوە بۆ سەفرەو خوانی ئێستامان، وە دوورە لە زانست و خواستی پێکەوەیی کارکردن و خەباتی ھاوکاری و ھاوسەنگی، بۆ پێکەوەژیانی گشتی و ئاسودەیی بۆ کورد.

بێگومان سەرەتای شەڕی سەنگ و پارسەنگ، ئەم ناوچەو  مژارە دەکەوێتە سەرەتای بەرکەوتنی ھێزە چەک بەدەستەکانی ئەیلولی باڵی مەکتەبی سیاسی و بارزانی، دوایی باڵی جەلالی و مەلایی!.
« ئاش بەتاڵ و ئاش بە خاڵ»، بۆ جێگرەوەو دەستکەوتی گرتنەوەدەستی دەسەڵاتی ھێزی قیادە موقەتەو شۆڕی نوێ.
ھەردوو بە ناو ( یەکێتی نیشتیمانی و شۆڕشی گوڵانی پارتی ). ساڵانێک دژە تیرو مەچەکی ململانێی ھێزبوون بۆ سەرکەوتن و قبوڵکردنی بەرامبەر بە بچوکی و پارسەنگی یان بەشە جێگرەوە!.

نەھامەتییەکانی برسێتی گوندو ڕاوەدوونان و ڕاگواستن و ئەنفال و کیمیاباران و شەڕی ھەزارن شەھید و قوربانی تەنھا بۆ سەرکەوتنی ھێزی یەکەم بوو وەک براوەی فوتێکراوی قیت و قۆڵ کە نەبای دیبێت نە باران!. نەک نۆ ئازادی و سەرکەوتنی ووڵات و ڕزگارکردنی خاک، بەوەدا کە پاداشتی شەھیدو قوربانیەکانیان خستۆتە بەردەستو ھەموان ژیانیان دەنینین بە ئازادییەکانەوە!.

لای ھەموان ڕوونە، کە کورد بێ ھاوکاری نەیتوانیوە بەردێک بجوڵێنێ و بھاوێ!. 
ھەمووان بەرچاومان لەو ڕووەوە ڕوونە،کەسمان ناتوانین ڕاستی بشارینەوە، ھەر لە وەختی ھەرەس و ئاشبەتاڵی شۆڕشەوە تا ئێستاشی لەسەربێ؛ جگە لەو کۆمەکە شاراوەو چەپەکانەی بەنھێنی کراوون و دەکرێن و ھەمووی لای میللەتی ڕوونە.

بۆیە تا ئەم شێوازی ئاوەزی پاڵەوان بازییە سەبارەت بە بردنەوەو سەرکەوتن لە سەرانی پارتی ڕامیاری کورد دوور نەخرێتەوەو، ئەو ئاڵۆشانە دانەمرکێنرێن، لەو خەون و خەیاڵە پووچە نەیەنە دەرەوەو، ھاوسەنگی نەبینن و کوردبون نەخەنەوە بەردەممان، ھەر بە " کورتی " دەمێنینەوەو، نابین بە " کورد " و دەربازمان نابێ.

ھەڵە تێگەیشتنی سەنگ و پارسەنگی ھێزبوو، شەڕی خوێناوی ناوخۆی بەو ئاکارەدا برد!.
نەبوونی ھاوسەنگی ھێزەکانی ئێران و تورکیابوو «٣١ ئاب» ی خوڵقاندو، پارتی کردە براوەی بڕیار و خاوەن ھێز لە ناوچەکەو، پشتگرو گرێدراوی ناڕاستەوخۆی ئەمریکاو، دۆستی نزیکی تورکیا.

ئەمریکا بەزەبری ھێز، وویستی ھاوسەنگی گونجاوی خۆی سەپاندو، زۆنی سەوز و زەردی بە باڵاماندا وەک ئاودامانی نەفامی بڕی و پێیپۆشین، بڕیاری کۆتایی خستە دەست پارتی و، یەکێتیش ئەوکات باجی نزیکدۆستی خۆی لەگەڵ ئێراندا بەرکەوت.

پارتی لێرەوە کەوشی یاخیبوونی پارسەنگی و ھێزگەلی لەخۆ بایی و ھەواشانیی بێمنەتی زیاتر لێ ھەڵکێشاو، کردیە پلان و کارینەکردەی بەردەست و، بە ھەنگاو و ڕێنوێنی وردەوە، لەگەڵ دۆخ و سەرکەوتنی قۆناغەکانی ناوچەکە چووە پێش و بوە لێخوڕەری بێ پسوڵەو، پێشەوایەکی خۆسەپێنی نەگەڕاوە بۆ ویستی خەڵک و، ئارەزوەکانی لە سنورەکە!.

لێدانی ڕژێمی ئێراق و ئازادکردنی کەرکوک و خێرا دابەشکردنی ھێزەکانی زەرد و سەوز و، داگیرکردنی گەڕەک و ناوچەکانی کەرکوک بەنیەتی سەنگ و لاسەنگ، بەرھەمەکەی کردنە دەرەوەی کورد و ھەڵە تێگەیشتن و بێ متمانەیی ھێزە ھاوپەیمانەکان بوو بە کورد.
دورخستنەوی ھێزە کوردییەکان بۆ دەرەوەی شار و، بێ بەریکردنییان لە شارەکە، دەرئەنجامی ئەو تێگەیشتنە بوو کە کورد لە کاتێکدا نەیدەتوانی ھاوسەنگی خۆیی خۆی وەک کورد لە جێنشینی خۆی بپارێزێ،چۆن دەتوانێ نوێنەرایەتی و ھاوسەنگی ھێزی کەمەنەتەواییەتییەکانی تر لە کەرکوک بپارێزێ.!

ئێراق بەرەو دامەزراندنەوە، لە کاتی دروستبوونی مەجلیسی حوکمدا، داواکاری سەرانی ھێزە کوردییە باڵاکانی ئەودەم تەنھا تێچوو ، خەرجی و  ویستەمادییەکانی خۆیان خستۆتە بەردەم.
برێمەر بە کورتی دەڵێت: سەرانی کورد لە ھەمووشت زیاتر خەمی پارەیان بوو!؟.
بێگومان ھەموان دەزانین کە پارەیان بۆ مەسەلەی پارسەنگی سیاسی بووە، نەک پێکەوەیی و ھاوسەنگی نیشتیمانی و سەرکەوتن بۆ ھەموان، کە ئێستا بەرھەمەکەیمان لەبەردەستە.

کاتێک سەرککۆمار بەر کورد دەکەوێت تاڵەبانی دەچێتە بەغداد و بارزانیش دەبێتە سەرۆکی ھەرێم ئەمەش لە دیدگای سەنگ و لاسەنگی خۆ بە براوەو گەورەو بچوکەوە سەیرکراوە، لە کاتێکدا دەبوو تەواوکار و ھاوکاری یەکبن و  بۆ یەکبن و پاداشتی چاکەی ئەو بەرکەوتنە حیزبیانەی بە زۆنی سەوز و مافەکانی ئەو ناوچەیەی لە دابڕان و نەبونی تاڵەبانی سەرککۆماردا بڕاوە بدرێن و وەربگیرێنەوە نەک فەرامۆش و بێدەسەڵات و کارتۆنی سەیربکرێن.!

کاتێک کە کێشە دەکەوێتە نێوان ئێراق و ھەرێمەوە «مالیکی و بارزانی»یەوە بودجە و موچە دەبڕدرێت و بارزانی نەوت بە پیشتیوانی تورکیا و چاو نوقاندنی زلھێزەکانی ناوچەکە دەفرۆشێ، کورد باجی قورسی لە نەبونی ھاوسەنگی بڕیاری پێکەوەیدا دا، کە لە ڕاستیدا ئەمانە ھەمووی ھەنگاوی ڕێکخراوی ئامادەکاری و ڕێگا بەستێن بوون بۆ ھەموان و ، ڕاپێچکردنی بێ ویستی گشت لایەنی سیاسی و شەقامی کوردی بوو، بۆ ژێر چەترو پەلکێشکردنی چەند بڕیارێکی کارگێڕی بەیاساییکراوی نەبینراو و نەزانراو، کە بارزانی وەک سیاسەتێکی نوێی لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکان و کوردا بۆ یەکەم جارو لە کاتێکی ڕووگیری نەتەوەییداکاری پێبکاو وەک دەسەڵاتێکی یاسایش بەکاریبھێنێ لە پێگەی  پۆستەکەیدا.
کە دواجار بە پێچەوانەوەو لاسنگیەوە بە ڕوودارییەکی زۆرەوەو بێ گوێدانە یاسا ھەمان ڕێکار و جۆر لە بەکارھێنانی بڕیاری یاسای بە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و خۆی بەکارھێنراو وەک خۆبەسنگێک قبوڵی نەفەرموو!.

شەڕی پارسەنگی و دەسەڵاتی سەنگ لە بەرەکانی جەنگ و دابەشکردنی پێداویستی و کۆمەک و شەڕگەکاندا بە ڕوونی دیارو بەرچابوون، لە پۆستە باڵاکانی حکومەتدا لە نوێنەرایەتی ووڵاتان و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکاندا، لە بودجەو موچەدا،لە ئەنجومەنی داد و دادوەریدا، لە مەلای مزگەوت و مینبەردا لەھەموو شوێنێکدا بوونی ھەبووە!.

کێشەی سەنگ و ئاوەزی لاسەنگی قورسایی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی بوو، بارزانی سەرۆکایەتی ھەرێمی جێ نەدەھێشت، کاتێک کار لەکار ترازا ئیتر گێچەڵ و شەڕی قبوڵنەکردنی ھاوسەنگی دەستی پێکردوو، لە پێناو ڕازینەبوونی ھێزەکان و دەنگ بەرزکردنەوەیان لەو دۆخی مانەوەیەو شکستی بارزانی لە سەرکەوتن، ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند و شەڕی مانەوەو بەرگری بە تاکدەسەڵاتی ڕەھا و بە پشتیوانی گشت پیشتیوانە شاراوەو سێبەرەکان بەسەر خەڵکدا سەپاند.

دانەنانی سەرۆککۆمار لەپارتی، تێکچوونی باری سەنگی پارتی بوو بۆیە نەیدەتوانی قبوڵی بکات، بردنەوەی ھاوسەرۆکە گەنجەکانی یەکێتی لە حیزبدا، لاسەنگی سەرۆکایەتی پارتی و بارزانی بوو ، بۆیە نەیدەتوانی سەردانیان بکات و پیرۆزبایی بەدڵیان لێبکات، لاسەنگی گەورەیی و دەسەڵاتە کە کاتێک سەرۆکی پارتە سیاسییەکان کۆ دەبنەو باسی کێشەکانی ناوخۆی ھرێم دەکەن و بارزانی ناچێ.!
گرێی دەروونی «سەنگ و لاسەنگ و پارسەنگە » کە پەرلەمان بە زۆرینە بڕیار دەچووێنێ و، ویستی خەڵک و پرۆژەی کەمینە ژێرپێ دەنرێ!.
کێشەی لاسەنگی و پارسەنگیە پۆستی تەواوکاری لە شوێن پایەی بڕیاردەرو باڵا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەدرێتە نوێنەری نوێنەرایەتی چەند سەت دەنگێکی نادیار.!
لاسەنگی و کەم سەنگییە بە بڕگەکانی یاسا و ڕێ و شوێنی کارگێڕییەوە خواستەکانی خەڵک درێژ و کورت دەکرێنەوەو فەرامۆشدەکرێن و بەخواست و ئارەوز باسیاندەکرێ.
لاسەنگی و پارسەنگییە حیزبێک زۆرینەی دەسەڵاتەکانی لابێ و یاساش بە ویستی خۆی بەرقەراربێ.
لاسەنگی و بێ سەنگییە لە کۆتا دەسەڵاتی بڕیارداندا سێ کەسیان پارتی و دووکەسیان خەڵکبێ، پیشانیشمان بدەن کە ئەوان خاوەن بڕیار و وڵات و بەدەستن و دەبێت لەوانەوە سەڕی دێڕی نوێ بنوسرێ.!

پارتی بە ڕوونی لە کۆبەرھەمی سیاسی ئەو سەنگ و لاسنگ و پارسەنگەوە بە ڕاشکاوی و بێ کێشە بەھەموان و ناوچەکە دەڵێن : تا ئێوە نەتوانن ھاوسەنگی ڕاستەقینە دروست بکەن و، لاسەنگی ڕێکبکەنەوە، ئەوا ئێمە پلەی سەنگ و پارسەنگی دەستمان بەوانە دەبەخشین کە دەمانەوێ، کە لەڕاستیدا بەم جۆرە بیرکردنەوەیە جگە لە نەیاری گرێی زیاتر، یار بە خۆیەوە ناگرێ و کوردیش نابێ بەھیچ، بێگومان بەرەی بەرامبەریش لێناگەڕێ شەوچەرەی خەونی درێژ و ڕابوردویان بێ ڕێککردنەوەو ھاوبەشی خەڵک بخۆن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی