ئێمەو ئەوان ..

16/05/2021

سەلیم رەسول محەمەد

بەدرێژایی مێژوو کورد باجی هەستە ئاینی و مرۆییەکانیداوە ئەگەرچی بەکردار هیچی لەدەستنەهاتوە، ئێمە کەوتوینەتە گۆشەیەک لەکەناری نیشتمانی عەرەبی کە خاوەنی زیاتر لەدووسەد ملیۆن کەسن وەک سەرچاوەی هێزی مرۆیی‌و ژمارەی دەوڵەتەکانیان هێندەی پەنجەکانی دەست‌و قاچە، ئابوریەکی بەهێزو سەرچاوەی دابینکردنی وزەی نیوەی جیهانن، خاوەنی ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبین، چەند دەوڵەتێکیان لەڕوی سەربازییەوە لەڕیزبەندی وڵاتە 10 یەکەمەکانن، تەلارسازی هەندێ دەوڵەتی عەرەبی مایەی سەرسوڕمانە، هەر هەمویان جگە لەبەیاننامەیەکی نەرم بۆ  گەلی فەلەستینی برایان چی تر ناکەن، تائێستا نەگەیشتۆتە هەڵپەساردنی پەیوەندیەکانیش، بەشێک لەو دەوڵەتانە تائێستاش مافی مانەوەیان لەوڵاتەکانیان پێنادەن، بەڵام، ئێمەیەک کەوەک میراتی دەوڵەتی عوسمانی دابەشی چوار دەوڵەت کراوین، زمانەکەمان جگە لەعێراق لەهیچ وڵاتێکی دراوسێ ناسێنراو نیەو بگرە قسە پێکردنیشی تاوانە بەدرێژایی مێژوو جگە لەبەشەکانی تر تەنها لەباشور کیماباران‌و ئەنفال، لەباکور تائێستا کورد دەکوژرێ‌و سڕینەوەی بەردەوامە، لەڕۆژئاوا ناسنامەشیان پێ ڕەوا نەبینرا لەسەردەمی بەشار ئەسەدو ئێستاش مەترسی سڕینەوەی جوگرافیای کوردستان‌و تەعریب‌و تەهجیر پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار، لەڕۆژهەڵاتیش کورد لەبەردەم مەترسی نەمانی زمانەکەشیدایەو جگە لەتێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی‌و دەیان گرفتی شوناسدا بەدەست دەیان گرفتی ترەوە دەناڵێنێ.

هیچ ڕۆژێک لەمێژوودا جگە لەقەزافی هەڵوێستێکی مەردانەم لەهیچ یەکێک لەهاوڵاتیەوە تا حوکمڕانانی عەرەب لەنیشتمانی عەرەبیەوە نەبینی، بەیاننامەیەک، وتەیەک لەگۆنگرەو کۆنفڕانسە نێودەوڵەتیەکان، لەسەر ئەو هەموو زوڵمە لەئێمە کراو دەکرێ، ئێمە سەرەڕای ئەو هەموو کێشەو گرفتە سیاسی‌و یاساییانەی لەعێراق‌و لەهەرێم هەمانەو نە خۆمان پێمان چارە دەکرێ‌و نە فریادڕەسێکیش ماوە بەهانامانەوە بێت‌و ڕۆژبەڕۆژ کەلێنی برایەتیمان پوازی لێدەدەن، کەچی کەوتوینە هەڵوێست وەرگرتن لەسەر کێشەی ئیسرائیل - فەلەستین، وەک ئەوەی ئێمە بێگرفت دەستەو ئەژنۆ دانیشتبین، نوێترین لێدوانی جەنابی کاک سمایل هەنیە لەتورکیا پیاهەڵدانە بەئاغای ئەردۆگان لەسەر داگیرکاری عەفرین، دوعا بۆ تەمەنی درێژی دەکات‌و داواکارە کۆتایی بەئاژاوەی سوریا بێنێت، دەبێ مۆڕاڵی ئێمەو ئەوان بەچ پێوەرێک کێشانەو پێوانە بکرێت.. ئەوە ئەوان‌و ئەوەش ئێمە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی