ڕۆژنامەنووس و مەرگدۆستی

18/05/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لەکاری میدیاییدا کاتێک ڕۆژنامەنووسێک دەبینێت، باڵندەیەک لەگیانەڵادایە، یان مارێک لەچرکەساتی ئەوەدایە کەروێشکێک بگەزێت، یان دەبینێت شێرێک دوای نێچیرێک کەوتووە و دەیەوێت بیخوات ...... هتد، کارێکی میدیاییە و نائەخلاقی نیە ئەم ڕۆژنامەنووسە لەهەوڵی ئەوەدابێت هەرسێ دیمەنەکە لەگۆشەی جیاوازەوە وێنەبگرێت و بیگوازێتەوە بۆ بینەر، ئەم دیمەنانەشمان زۆرجار لەو میدیایانەدا بینیووە کە تایبەتە بە ئاژەڵان، چونکە لەم کاتەدا بەهای هەواڵی ڕووداوەکە گەورەترە یان لانی کەم یەکسانە لەگەڵ ڕووداوەکە. بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتەسەر مەرگی مرۆڤ و خۆسووتاندنی مرۆڤ بەو پیرۆزییەوە، ئەوا بۆ ڕۆژنامەنووس نەک کارێکی پیرۆزو پرۆفیشناڵانەی میدیایی نییە ڕۆژنامەنووس دیمەنەکە بگوازێتەوە، بەڵکو ئەم کارە تەواو دژی بنەماکانی کاری ڕۆژنامەنووسی و میدیاییە و پەیوەستە بە بێئاگایی و نەزانی ڕۆژنامەنووسەوە.

ئەگەرچی سروشت بۆ مرۆڤ گرنگە، بەڵام ناکرێت سووتاندنی درەختەکانی گۆیژەی سلێمانی یەکسان بکرێت بە سوتاندنی مرۆڤ، ناکرێت وەرگەڕانی ئەو هەموو تانکەرە نەوتەی دەروازەی تونێلی دەربەندیخان یەکسان بکرێت بەدیمەنی گەنجێک کە ڕۆشتۆتە بەردەم کامێراو دەیەوێت خۆی بسووتێنێت و ڕۆژنامەنووسێکیش! بەوپەڕی بێدەربەستییەوە تۆماری خۆسووتاندنەکەی دەکات، ئەگەر لەکوردستان یاسایەکی ڕۆژنامەنووسی یان شتێک هەیە بەناوی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان!!، هەقوایە هەر ئەمشەو ئەو کەناڵ و سایتانە دابخات کە بەشدارن لەگواستنەوەی چرکەساتی خۆسووتاندنی گەنجێکدا.

هەموو ڕۆژنامەنووسان!!، چرکەساتەکانی پێش کامێرامان بینیووە لەیەکەمجاردا چەند هەستیارو شەرمهێنە، ڕەنگە ئەم گەنجە پێی شەرم بێت لەقسەکەی پەشیمان ببێتەوەو بەشەرمی زانیبێت سبەی ڤیدیۆکەی بڵاوببێتەوەو دواجار خۆیشی نەسووتێنێت، بۆیە وەک بارێکی دەروونی تێیکەوتووەو بەشێک لەپاڵنەری خۆسووتاندنەکە میدیاکانن کە کردەوەی گەنجەکەیان تۆمارکردووەو خستویانەتە دۆخێکەوە گەنجەکە پێی شەرم بووە پەشیمان ببێتەوە، بۆیە ڕۆژنامەنووسەکان دەیانتوانی ڤیدیۆکەی بسڕنەوەو گەنجەکە پەشیمان بکەنەوە لەو قەناعەتەی کە بە خۆسووتاندنی هەبووە.

گواستنەوەی هەواڵی خۆسووتاندنی گەنجێک و ژنێک یان پیاوێک و کچێک، پێش ئەنجامدانی کارەکە و پاش ئەنجامدانی کارەکە، دوو شتی جیاوازە، بۆ میدیا و میدیاکار کارێکی نائەخلاقییە چرکەساتی دیمەنەکانی ڕاستەوخۆی خۆکوشتن و خۆسووتاندنەکان بگوازێتەوە، بەڵام  کارێکی نامیدیایی نییە بەهەمان ئەندازە ئەگەر لەدوای ڕووداوەکە هەمان هەواڵ و بابەت بگوازرێتەوە، ئەگەرچی حاڵەتی دووەمیش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە و تاک دەبێت و ڕەنگە وێنەی چرکەساتەکانی کوشتن یان خۆکوشتن، سوتاندن و خۆسوتاندن، لەمێشک و بیری تاکەکاندا بچەسپێنێت و هاندەربێت بۆ دروستکردنی کەسێکی پیاوکوژ یان کەسێکی خۆسوتێنەر.

ئەبێت ڕۆژنامەنووس بزانێت ئەركی ئەخلاقی ڕۆژنامەنوس ئەركێكی سەخت و گەلێک دژوارو هەستیارە، نابێت لەخۆوە مامەڵە لەگەڵ هەموو هەواڵێک بکات، ئەگەر حەزی نوسین و ڕۆژنامەنووسی ئاسان سەیر بکرێت، دوور نییە ڕۆژنامەنووس فۆرمێکی شەڕەنگێزی وەربگرێت و دواجار لەكاراكتەری پیاوكوژ نزیك ببێتەوە، لەم ڕوانگەیەوە لەمانای یەکەمدا ئەم بۆچوونە ڕۆژنامەنووس ناباتە ئاستی پیاوکوژ بەڵام لەمانای دووەمدا دەکرێت ڕۆژنامەنووس هاندەربێت بۆ دروستکردنی پیاوکوژ لەڕووی گواستنەوەی کردەی کوشتنەوە وەک بابەتێکی هەڵکشاو و وەک شتێکی ئاسانبووی ڕۆژانەی ناو کۆمەڵگا.

کاتێک گەرمە هەواڵ و وێنە زاڵەکانی ڕووپەڕی میدیا و سەر شاشەکان بووە وێنە و هەواڵی هەمیشەیی ڕۆژنامەنووس، کۆمەڵگە بەردەوام لەم جۆرە هەواڵانە نزیک دەبێت و ئیدی کوشتن یان سوتان، چی خۆکرد بێت یان نا، دەبێتە بابەتێکی ئاسان و سادە، ئیدی ئەو کردەیە هەرکەس بکەری بێت ئاسایی دەبێتەوە لەلای کۆمەڵگە.

گواستنەوەی دیمەنە ڕاستەوخۆکانی خۆسووتاندن لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە، تێماندەگەیەنێت ڕۆژنامەنووسەکان چەند بێئاگان لەکاری میدیایی و چەند بێ بەرپرسانە مامەڵە دەکەن لەگەڵ کۆمەڵگەدا وەک وەرگر. کاتێک ڕۆژنامەنووس دیمەنی ڕاستەوخۆی خۆسووتاندنی گەنجێک بۆ منێکی دیکەی (وەرگر، ڕۆژنامەنووس) دەنێرێت، ئەوا لەم کاتەدا دیدگای من ئەوەیە: یان دەبێت بەلای ڕۆژنامەنووسێکەوە هەواڵێک لە مەرگی مرۆڤێک گەورەتربێت کە ئەمە تەواو هەڵەیە، یان دەبێت ئەم ڕۆژنامەنووسە حەزێکی قوڵی بۆ مەرگ و مەرگدۆستی هەبێت؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی