کێشەی درۆنە جەنگیەکانی تورکیا لەگەڵ دارستانەکانی هەرێمی کوردستان چین؟

30/05/2021

هەڵۆ ساڵح

کێشەی درۆنە جەنگیەکانی تورکیا لەگەڵ دارستانەکانی هەرێمی کوردستان چین؟

درۆنە جەنگی یاخود فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی یان ناوە ڕەسمیه‌کەی کە ( unmanned combat aerial vehicle)  میکانیزمێکی هەوای جەنگیە بەکاردەهێنرێت لەپرۆسەی چاودێری هەواڵگیری، ئامانج پێکانی دەقیق سەربازیی، پشکنینی سەربازی پێش هێرش، هەڵگرتنی کەلوپەلی تەقەمەنی سەربازی وەک مووشەک‌و هاوان‌و بۆمب‌و ئەی تی جی ئێم‌و چەندانی دیکە کە بەلاشەی درۆنەکەوە دەکرێت‌و ئامانجی سەربازیەکان ڕادەپەڕێنێت.

درۆنەی جەنگی ناتوانێت هیچ فڕۆکەوانێک هەڵگرێت، بەڵکو بەتێرمیناڵێکی کۆنترۆڵی کامێرای‌و ڤیدۆی ئیدارە دەدرێت، قەبارەی بچوکەو توانای بەرزبونەوەی زۆرەو خاوەنی کامێرایەکی بەهێزی دیقە بەرزە کە دەتوانێت لەبەرزی چەندان کیلۆمەترەوە بچوکترین ئامانج چاودێری بکات بەبێئەوەی ئامانجەکەی بتوانێت خۆی لێ بزربکات.

تاوەکو ساڵی 2000 سێکتەری سەربازی تورکیا بەتووندی پشتی بەستبوو بەدرۆنی جەنگی ئیسرائیل لەتەواوی شەڕو ناکۆکیە چەکدارەکانی تورکیا لەگەڵ گروپە چەکدارە کوردەکانی باکووری عێراق‌و سوریاو تورکیا لەشێوەی جەنگی نا-هاوسەنگ  بەکاریدەهێنا. تورکیا لەدوای ساڵی 2000وه‌ دەستیکردوه‌ به‌دروستکردنی پیشەسازی درۆنى جەنگی، هەرچەندە دەیوست تەواوی پارچەکانی درۆنەکە لەتورکیا دروستکرێت، بەڵام بەهۆی بەربەستە تەکنەلۆجیەکان‌و نەبوونی شارەزایی لەدروستکردن پارچەکاندا، تورکیا ناچاربوو پارچەی درۆن لەدەرەوە هاوردەبکات وەک بزوێنەری درۆنەکەو دەزگای بەئۆتۆماتیکردنی درۆنەکەو سیستەمی نیشتنەوە درۆنەکە، تەنانەت ناوی "ئەنکا" ناوێکی فارسیە کە لەپیشەسازی درۆنەکەی ناوە.

هەرچۆنێک بێت، لەئێستادا تورکیا دەوڵەتێکی هەناردەکەری درۆنی جەنگیەو چەندەها عەقدی فرۆشتنی درۆنی جەنگی بەبڕی ملیۆنان دۆلار بردۆتەوە، هەریەک لەئۆکرانیاو تونس‌و قەتەر هاوردەکەری درۆنی جەنگی تورکین. ئێستا درۆنەی جەنگی "بەیرەکتاری تی بی 12"و درۆنەی جەنگی ئەنکا عەقدێکی 80 ملیۆن دۆلاری لەتونس‌و 69 ملیۆن دۆلار لەئۆکرانیای بردۆتەوە.

تورکیا لەساڵی 2019، نزیکەی "75" درۆنەی جەنگی بەکارهێنا لەشەڕی گروپە چەکدارەکانی پەکەکەو یەپەگە لەعێراق‌و سوریا کە توانیی بەشێوەیەکی باش ئیدارەی جەنگەکانی پێبدات‌و هاوکێشەکانی شەڕی بۆ خۆی ئاسان‌و خێرابکات، لەئێستادا درۆنەی جەنگی لەهاوکێشە سەربازیەکاندا بووە (game changer-یاری گۆڕەر) کە تورکیا دەتوانێت پەلکێشانی لەسەر حسابى دوژمن خێراتر بکات. تورکیا بژاردەی بەکارهێنانی درۆنەی کردوە بەلەپێشینەترین بژاردەو لەتەواوی هێرشەکانی بۆسەر بنکەی گروپە چەکدارەکانی پەکەکە لەهەرێمی کوردستان بەکاردێنێت. ئەمە سەرباری ئەوەی تەواوی جوگرافیای هەرێمی کوردستانی خستۆتە ژێر کامێرای هەواڵگری درۆنەکانی.

بەگوێرەی قسەکانی محه‌مەد حەسەن پارێزگاری دەڤەری قەندیل کە زانیاریداوە بەئاژانسی فەڕەنسا-24 دەڵێت، "هیچ ڕۆژێک نەبووە درۆنەی جەنگی بەسەرماندا نەفڕێت‌و خەڵکی ناوچەکەش بەئاشکرا دەیبینن کە چۆن لەئاستێکی زۆر نزمدا دەفڕێت". بۆ ماوەیەکی درێژە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە ناوچەی شاخاوی قەندیل‌و بەشێکی دیکەی چیا سەرکەش‌و پڕ لەدرەختەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردوە بەجێگای جاڕدانی شەڕی چەکداری لەگەڵ کۆماری تورکیا.

لەدەستپێکی ساڵی 2018، تورکیا دەستیکردوە بەهێرشی درۆنەی جەنگی بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە لەناوچە شاخاوی‌و پڕ درەختەکانی هەرێمی کوردستان، کە بووە بەهۆی ڕوخان‌و چۆڵکردنی هەزارن گوندو سوتانی باخ‌و ڕەزو زەویەکی بەرفراوانی کشتوکاڵی هاوڵاتیان. بەگوێرەی داتا تازەکان‌و شایەتحاڵان، تورکیا لەئێستادا دەستیکردوە بەپرۆسەی "دیفۆریستزەیشن" واتا بڕینەوەى دارستانەکانی ناوچەی بادینان‌و دەڤەرە شاخاویەکانی دیکە بۆ ئەوەی یارمەتی پرۆسەی هێرشی درۆنە جەنگیەکانی بدات کە دارستانەکانی ئەو دەڤەرە چڕوپڕن ڕێگرن لەبەردەم کامێرای درۆنە جەنگیکان کە بەباشی چەکدارانی پەکەکە بکاتە ئامانج‌و بدات لەبنکەکانیان.

بەگوێرەی وتەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک "تورکیا چەندین ساڵە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک سەرقاڵی داربڕینن لەناوچە شاخاویەکانی هەرێمی کوردستان". چەندین ساڵە پشتێنە سەوزایەکان کە بەزۆری لەداری بەڕوو مازوو قەزوان پێکدێت کە سەرچاوەیەکی خۆراکی‌و دەوای هاوڵاتیانی گوندنشینەکانی ئەو دەڤەرەو لانکەی چەندەها جۆری ئاژەڵەی کێویە، ئێستا کەوتۆتە بەر تەوژمی بڕینەوەى کۆمپانیا داربڕەکانی سەر بەسێکتەری سەربازی تورکیا. 

لەئێستادا لەچیاکانی مەتین‌و زاپ‌و ئاڤاشین بەبەردەوامی داردەبڕدرێت‌و دارستان وێران دەکرێت‌و دەسوتێنرێت، سەرباری ئەوەی چەندین ساڵە دەرکارو سندی‌و گولیا دەربڕینەوە دەستیپێکردوە.

درۆنە جەنگیەکان سەرباری خەسڵەتە باشە سەربازیەکانیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بەکامێرا ڕوماڵ دەکات‌و لەتیرمیناڵی کۆنترۆڵی ڤیدیۆی بەندە، ناتوانێت ڕوماڵی ناوچەی دارستان‌و پشتێنەی سەوزای بکات، چونکە وەک بەربەستێکی خۆی سەیری دەکات‌و هیچ ئامانج‌و چەکدارێکی بۆ بەدیناکرێت لەژێر چڕی دارستانەکاندا، چونکە دارەکان بەر بەڕوماڵی کامێراکان دەگرن. بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە پارتی زاڵی هەرێمی کوردستانە کە (بەگوێرەی ئاژانسی ئەلمۆنیترین ئەمریکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەتەواوی هێرشەکانی تورکیادا بۆ سەر پەکەکە، یارمەتی تورکیا لەڕووی هەواڵگری‌و لۆجستی‌و سەربازیەوە داوە)، هەستاون بەڕێکەوتنێک بۆ بڕینەوە دارستانەکانی دەڤەری ناوچە شاخاویەکان بەپێشکەوترین کەلوپەلی داربڕین کە لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکیەوە دابیندەکرێت لەپێناو ئاسانکردنی هێرشی درۆنەکان بۆ سەر بنکەی گروپە چەکدارەکانی پەکەکە کە بەلای تورکیاو یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکاوە ناسێنراوە بەگروپێکی تیرۆریستی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی