ئەوکاتەی شۆڕش دەوەستێت‌و شۆڕشگێڕ دەمرێت

03/06/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لەدوای ساڵی 1991ەوە تاکو ئەمڕۆ کە ساڵی 2021ە، خەبات و شۆڕشی کورد بۆ بە دەستهێنانی ماف و گەیشتن بە سیستمێکی دیموکراسی و ئازادی و دەسەڵاتێکی ڕەشید، وەستاوەو هیچ پێشوەچوونێکی تێدا نابینرێت، زۆرینەی شۆڕشگێڕەکانیش بەشێوەی واتایی مردن، ئەوەی لەئەمڕۆی باشووری کوردستاندا هەیە بەردەوامی خەبات نییە لەپێناو چنینەوەی بەرهەمەکانی شۆڕشدا؛ بەڵکو ژیانکردن و خۆ دەوڵەمەندکردن و خۆ نمایشکردنە لەسەر خەباتی ڕابردوو، ئێستا ئەگەر ئەو بەشەی خەباتی ڕابردوو لەمێژووی کورد دەربهێنین، کورد مێژوویەکی نوێی لەخەبات و تێکۆشان نییە، چونکە ڕاپەڕینمان کردە نوقتەی نیهائی شۆڕش و لەسەر ڕاپەڕین پاڵماندایەوە!، یان لانی کەم خەباتی مەدەنی شار  وەک قۆناغێکی ئاسانتر لەخەباتی سەختی شاخ سەیر دەکرێت.

کارەساتی سیاسی و ڕۆشنبیری بەرپرسانی کورد لەو خاڵەدایە پێیانوابێت خەباتی سەختی شاخ؛ قۆناغە سەختەکەی خەبات بووە و ئەوان بڕیویانە و خەباتی مەدەنی و دیموکراسیانەی شار ئاسانترە و زۆر ماندووبوونی ناوێت، لەوەش کارەساتبارتر ئەوەیە هەمیشە فەزڵی خەباتی شاخ و پارتیزانی بدرێت بەسەر خەباتی مەدەنی شاردا کە ئەمەش لەلای کاربەدەستە کوردەکان بەڕوونی دەبینرێت. تەنها لەناو کورددا بووەتە مۆدێل و باوە و هەیە کە؛ خەباتی شاخ ڕەواتی بەگروپ و دەستە و تاقمێک بدات؛ لەخەباتی مەدەنی شاریشدا هەر ئەوان پێشەوایەتی دۆزێکی ڕەوا بکەن و ڕانەندی ئەو شۆمۆندۆفێرە بن.

ئەگەر بەشێوەیەکی مەجازی بەراوردێک لەنێوان خەباتی سەختی شاخ و سەختی شاردا بکەین، ئەوا دەبوو بڵێین خەباتی "سەختی شار" نەک سەختی شاخ، چونکە خەباتی شار زۆر لەخەباتی شاخ سەختترە لەڕووی کرانەوەی جیهان و بەجیهانیبوونی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستانەوە. لەخەباتی شاخدا خەباتکاران و شۆڕشگێڕان تەنها شەڕی دوژمنیان دەکرد و تەنها یەک بەرەیان هەبوو دژی بووەستنەوە کە دوژمن بوو، بەڵام لەخەباتی شاردا ئێستا کاربەدەستان دوو بەرەیان هەیە لەپێناویدا تێبکۆشن و شەڕی بکەن، یەکێکیان هەر نەیارەکانی جارانە و دەبێت بەردەوام لەدژیان خەبات بکەن تاکو ئەم ئەزموونە و بەرهەمی خەباتی شاخ تێک نەدەن و لەباری نەبەن. دووەمیشیان بەرەی میللەتە کە ئەم بەرەیەیان دەبێت کاربەدەستان لەڕێگەی خزمەت و دابینکردنی مافەکانیانەوە ڕازیان بکەن و دژیان نەوەستنەوە، بەڵام مەخابن، کاربەدەستەکان ئەم بەرەیەیان دۆڕاندووە.

هەر شۆڕش و ڕاپەڕینێک خاڵێکی وەستاوی بۆ خۆی دانا و چوونەپێشەوەی نەما و پاشەکشێی کرد، ئەوا هەمیشە ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینە ڕابردووەکەی جوانترە لەداهاتووەکەی، وەک ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستان دەبینرێت کە کورد قۆناغی شۆڕشی تاکو دەمی ڕاپەڕین جوانترە لەقۆناغی دوای ڕاپەڕین. ئەم بۆچوونە لەشۆڕشی ئێرانی 1979دا بەجوانی دەبینرێت، قۆناغی پێش شۆڕشی ئێرانی، ئێران گەلێک جوانتربوو لەئێستا؛ بەڵام کە شۆڕشی ئێرانی نەیتوانی ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی "شا" جوانتر بکات، ئەوا ئێستا دەبینین، ئێران بۆ چەندان دەیەو سەدە گەڕاوەتە دواوە. هاوکات ئەم بۆچوونە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کە دانیشتووی ئەوروپا بوون ڕاستە، هەتا ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی نەگەشتبوونە دەسەڵات لەساڵی 2003 گەلێک دروشمی جوان و پڕ واتاو دڵخۆشکەریان هەڵگرتبوو، بەڵام کە گەیشتنە دەسەڵات، شتێکی نوێیان دانەهێنا بۆ عێراقییەکان و نەیانتوانی ئەزموونی ئەوروپایان بۆ بگوازنەوە عێراق، بۆیە ئەوانیش ڕابردوویان گەلێک جوانترە لەئێستا و لەتەواوی هوتاف و بەڵێنەکانیان پاشەکشێیان کرد.

بۆ ئەوەی شۆڕشی کوردی بەگەڕبخرێتەوە و ئەم پاشەکشێیە بووەستێنرێت و شۆڕشگێڕی زیندوو! بێتە بوون، دەبێت خەباتی شاخ و خەباتی شار بدرێتەوە بەدەم یەکتر، ئەمەش لەڕێگەی بەکرداریکردنی تەواوی هوتاف و دروشمەکانی شاخەوە لە واقیعی کۆمەڵگەدا و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. لەبەرامبەردا هەر دوورکەوتنەوەو لادانێکی زیاتر لەو پەیوەندییە ساردو سڕەی ئێستا لەنێوان پیاوانی دەسەڵات (شۆڕشگێڕەکانی دوێنێی شاخ)و میللەتدا بێتە گۆڕێ، پێش هەموو شتێک مایەپووچبوونی خەباتی شاخە ئینجا لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتە نیوە فەرمییەی ئەمڕۆ لەباشووری کوردستاندا هەیە.