بە ناشکووری نەبێ

05/06/2021

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

زۆر دوور مەڕۆ، تورکیا و تایلەند سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵاتەکانیان لەسەر گەشتوگوزارە، ئێمەیش شوێنی گەشتوگوزار و گەشتیاریشمان هەیە.
بەشێکی زۆری داهاتی وڵاتی چین.. دێوە تێر نەبووەکە... لەسەر بەردی خەڵووز و کانزاکانی ترە، ئێمەیش لەچاو بچووکییەکەمان، زیاتر لە چین کانزامان هەیە. بۆ نموونە گەچ و چیمەنتۆی تەواوی عێراق تەقریبەن سلێمانی دابینی دەکات!
سعودیە و قەتەر بەهۆی سامانی نەوتەوە، بوونەتە وڵاتانی درەوشاوەی وڵاتە عەرەبییەکان. ئێمەیش بەقەدەر ئەوان نەوتمان هەیە.
روسیای دەستوپێ شکاوی سەردەمی سۆڤێت، بەهۆی هەبوون و هەناردەی غازەوە دیسان هەستایەوەو خۆی کردەوە بە ژمارە گەورەکەی دنیا. کوردستانی ئێمەیش بەسەر چینێکی زۆر دەوڵەمەندی غازەوە لەنگەری گرتووە... چەمچەماڵ و گەرمیان بە قەدەر روسیا دەوڵەمەندن لە غازدا.
وڵات هەیە تەنیا بە وەرگرتنی باج دەوڵەتەکەی بەڕێوە دەبات، ئێمە باجی هەواو جادە و  پێکەنین و گریان و قەبریش دەدەین. تەنیا ئەوە ماوە باجی گیانکێشانمان لەسەر زیاد بکەن!
چین بەو گەورەیی و زەبەلاحییەی خۆی یەک حزبی هەیە، ئەمریکا کە دوای سەر عەرز دەیەوێ بۆشایی ئاسمانیش کۆنترۆڵ بکات، دوو حزبی هەیە. کەچی ئێمە لەو بازنە تەسکەی هەرێمدا، نزیک بە هەژدە حزبی گەورە و قەبارە ناوەند و گچکۆکەمان هەیە!
باوەڕ ناکەم هیچ میللەتێک هەبێ لە دنیادا کە بەهاران بازاڕی تایبەت بە فرۆشتنی کنگر و رێواس و تۆڵەکە و کوزەڵەی هەبێ، ئێمە ئەوەیشمان هەیە.
یەعنی ئەو نیعمەتانەی کە میللەت هەیە تەنیا یەک جۆریان هەیە، ئەم کوردستانەی ئێمە بە ئەندازەی خۆی هەموو نیعمەتەکانی هەیە.
کەچی تابێ قەرزار و ریسوا و زەلیلتر دەبین. تابێ بچووک و بچووکتر و سەرشۆڕتڕ دەبین.
حکومەتی ئێمە تەنیا موچە و هەندێ خزمەتگوزاری بچووک جێبەجێ دەکات، نە دەریامان هەیە تا بیپەرژێتە سەر پێویستییەکانی دەریا. نە سوپا و موشەک و چەک و ئەسڵەحەی گەورەمان هەیە تا بودجەی زەبەلاحی تیا خەرج بکات. نە قیتار و میترۆ و تراموایمان هەیە، نە دامەزراوەی ئەتۆمیی تابڵێین هەر فریای ئەوانە دەکەوێ، هیچکام لەو شتە زەخمانەمان نییە، کەچی ئەوە حاڵی میللەت و حکومەتەکەمانە!
ئەوەی میللەتانی دەوڵەمەندی دنیا هەیانە، ئێمەیش هەمانە تەنیا شتێک نەبێ: سەرکردەی بە ئەخلاق و عاقڵ.
ئێمە هەموو شتێکمان هەیە عەقڵ و ئەخلاقی بەڕێوەبردن نەبێ...
زۆر حەیف بۆ ئەو هەموو بچووکیی و  ریسواییەی هەمانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی