داخرانی عەقڵ

06/06/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ڕۆشنبیر ئەوکەسە نییە تەنها بنووسێت‌و بخوێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ڕۆشنبیر ئەوەیە ڕۆشنایی بیری بکەوێتەسەر کۆی بوارە جیاوازەکانی ژیان‌و لەبەر ڕۆشنایی بیریدا شیتەڵیان بکات‌و قبوڵیان بکات بەجیاوازیەکانیشیانەوە، وەزیفەی ڕۆشنبیرە وەک چۆن بەچاوی لایەنگری دەڕوانێتە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی یان دینی، لەبەرامبەردا ئایدۆلۆژیا دژەکانیش بخوێنێتەوەو پێی قبوڵ بێت‌و وەک جودێک لێی تێبگات نەک کردار.

هەرگیز جیهان لەیەک ئایدۆلۆژی‌و بیرکردنەوەدا یەکناگرێتەوە، وەک چۆن لەسیاسەت‌و هێزدا جیهان دابەشی قوتبی جیاوازو بەرەی جیاواز بووەتەوە، ئەوا لەڕووی ئایدۆلۆژیایشەوە جیهان لەبەرداشی ئایدۆلۆژیا جیاوازەکاندایە، هەرکەسێک پێیوابێت جیهان دەبێتە یەک جۆر بیرکردنەوە یان هەموو مرۆڤەکان لەسەریەک جۆر بیرکردنەوەی دڵخواز دەچنە یەک بەرەوە، ئەوە شتێکی دیماگۆجی خۆخەڵەتێنەرە، ئەوی چەپ ئەگەر ئەویتری ڕاستی پێ قبوڵناکرێت، ئەوا بەردەوام لەباری داخرانی عەقڵیدایە.

هەموو مرۆڤێک لەباری داخرانی عەقڵدایە، تەنها ئەوەی خۆی دەیڵێت بەڕاست‌و دروست دەزانێت، یان تەنها ئەو دەقانە دەخوێنێتەوە کە سودێک بەئەو دەگەیەنن، چونکە داخرانی عەقڵ لەو چرکەساتەدا بەتەواوی هەستی پێدەکرێت کە ئەو داخرانە ناهێڵێت شتێکی جیاواز لەبیرکردنەوەی خۆی بچێتە سنووری بیرکردنەوەی ئەوەوەو پێکدادان دروستبێت.

هەر کۆمەڵگەیەک گەیشتە قۆناغی داخرانی عەقڵی، ئەوا سود لەهیچ بیرکردنەوەیەکی ترو عەقڵێکی نوێ وەرناگرێت، داخرانی عەقڵ پێچەوانەی کرانەوەی عەقڵە، لەکاتێکدا داخرانی عەقڵی ئەوەیە کە ناهێڵێت هیچ بیرکردنەوەیەکی جیاواز لەناو هەمان مرۆڤدا سەر هەڵبدات کە لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەو یەکناگرێتەوە، ئەوا کرانەوەی عەقڵ تەواوی ئایدۆلۆژیەکانی دیکەی قبوڵەو ڕۆژانەش لەگەڵیاندا مامەڵە دەکات.

ساموئێل هانتینگتۆن نوسەری کتێبی "پێکدادانی شارستانیەتەکان" باس لەوەدەکات شارستانیەتی ئیسلامی زۆر لەشارستانیەتی خۆرئاوایی دەوڵەمەندترەو چۆن ئەوروپیەکان توانیوویانە سوود لەشارستانیەتی ئیسلامی وەربگرن، لەکاتێکدا ئیسلامیەکان نەیانتوانیووە سوود لەشارستانیەتی خۆرئاوایی وەربگرن‌و تێکەڵبوون بەشارستانیەتی خۆرئاوایی بەکوفر ناودەبەن.

بەپێچەوانەی ئیسلامییەکانی خۆرهەڵات کە ناتوانن سوود لەشارستانیەتی خۆرئاوایی وەربگرن‌و لەقۆناغی داخرانی عەقڵیدان، هاوکات بەناو!! عەلمانیەکانی خۆرهەڵاتیش هەمان داخرانی عەقڵیان هەیە، نە خاوەن بیرێکی کراوەی خاوەن تۆلێرانسن وەک عەلمانیەکانی ئەوروپاو خۆرئاوا، نە ئەوەندەش عەقڵ کراوەن بتوانن سوود لەشارستانیەت‌و کەلەپووری ئیسلامی وەربگرن وەک چۆن خۆرئاواییەکان سوودیان لێوەرگرتووە.

ئەگەر بۆ عەقڵی ئیسلامی‌و بیری ئیسلامی سیاسی یەکجار عەیبە بێت نەتوانن هەندێک کرانەوە و نوێخوازی قبوڵ بکەن، ئەوا بۆ بەناو عەلمانی‌و عەقڵەکراوەکان دەیانجار عەیبە‌و کەمووکورتی‌و داخرانی عەقڵ‌و ژەنگهەڵهێنانی عەقڵە کە نەتوانێت بیرکردنەوەیەکی جیاوازتر قبوڵبکات‌و لەگەڵیدا هەڵبکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی