هێزی پێشمەرگەش، وەکو حکومەت یەکدەگرێتەوە ؟

16/06/2021

هەژار سدیق

لەتێکەڵکردنەوەو یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێردا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم نیازپاکیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی زۆر خراپ قۆستەوە.
یەکێتیی بەرژەوەندی باڵاو ڕەهەندە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانی، کردە پلانی ستراتیژی خۆی بۆ یەکگرتنەوەی حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و لەهەمان کاتیشدا نیشانی دۆست و نەیارەکانی کوردی دا،  کە هێزە سیاسیەکان، سازو ئامادەن، بۆ سەردەمی عیراقی نوێ.
بەڵام بەداخەوە، پارتی بەپێچەوانەی هەموو ئەم نیازپاکیەی ئەوێ ڕۆژێی یەکێتیی، بیری تەسکی حیزبایەتی لەخۆی دانەماڵی و بەچاوی تەسلیم بوون لەیەکێتیی و نیازپاکیەکەی دەڕوانی.

لەماوەی شازدە ساڵی یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێردا، تەنیا دوو ساڵ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم، لای یەکێتیی بووە، بەشایەدی موچەخۆران و ئەهلی بازاڕو بازرگانیش، ئەم دوو ساڵە، ساڵی زێڕینی دەوڵەتداری کورد بووە، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس.

بۆ ئەوەی لەیەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشدا، هەمان هەڵە ڕوو نەداتەوە، پێشنیاز دەکەم، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان، تا بیست ساڵی داهاتوو بەدەست هێزی هاوپەیمانان، بەتایبەت ڕاوێژکارە سەربازیەکانی ئەمریکاوە بێت، بۆ ئەوەی ئەم هێزە قارەمان و لەخۆبوردووەی کوردستان، هەمان پەروەردەو ڕەوشتی سوپای میسرو تونس و ئوردنی هەبێت، لەیەکلایی کردنەوەی ڕێگەی ڕاست و هەڵەو هەڵپەی دیکتاتۆرە خۆسەپێنەکان. بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە، بەقانون، کاری سەرەتاو کۆتاییەکەی، تەنیا پارێزەری خەڵك و خاکی کوردستان بێت، نەك جێبەجێکردنی بڕیاری بێ پەروای ئەوانەی هەر کاتێك بیانەوێ، خەڵك و خاکی کوردستان بکەنە قوربانی بەرژەوەندیە تایبەتەکانیان.
زۆرمان چەشت بەدەست فەرماندەی میلیشا، ئیتر نامانەوێ شتی دیکە ببینین و سەردەمەکەش تەواو گۆڕاوە.



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی