دوو لەت بوونی وێنەی دوو سەرۆکەکە!!

12/07/2021

دلێر محەمەد نوری


ساڵانێک لە عێراق لە سەردەمی مناڵیمان، هەمیشە وێنەی دوو سەرۆکمان لە شاشەی تیڤی و بەرگی کتێب و ڕووبەری ڕۆژنامەکان بە زەردەخەیەکی درێژەوە ئەبینی. کە ئەوانیش ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام حوسێن بوو. زۆری نەبرد، ئەم وێنەیە، چوون وێنەی ژن و پیاوی جیابووەوە بە مەقەستێک دوو لەت بوون و ئیتر تا ئەمڕۆش وێنەی بەکر بۆ هەتایە لە بەرچاو ون بوو و تەنها وێنەی سەددام مایەوە.


لە چاوپێکەوتنێکدا مێژوونووس و لێکۆڵەری عێڕاقی (شامل عبدالکریم) باس لە پەیوەندی ئەو دوو سەرۆکەی پێشووتری عێراق دەکات، کە کت و مت لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆی سلێمانی ئەچێ. بەڵام تەنها بە گۆڕین ناو و شوێن و کات نەبێت. بە کورتی ئەو وا باس لە بەسەرهاتەکانی ئەو سەردەمە ئەکات:-
...پەیوەندی نێوان سەددام و بەکر بە هاوکاری بێ سنووری یەکتری دەستی پێ کرد و بە ئینقلابی سەددام بۆ سەر بەکر کۆتایی هات. ئەوان بە هۆی خزمایەتی و عەشیرەتگەری لە یەکتری نزیک بوونەوە. سەددام لە بەهێزی بەکر لە نێو حزب دڵنیابوو بۆیە تا سەر ئیسقان هاوکاری کرد بۆ گەیشتنە لوتکەی دەسەڵات. چونکە سەددام ئەیزانی بە گەیشتنی بەکر نەبێ، زەحمەتە خۆیشی بگاتە نێو کۆشکی کۆماری.


لە بەر ئەوەی بەکریش هەمیشە ترسێکی لەوە هەبوو، وەک سەرۆکەکانی پێش خۆی ئینقلابی بە سەردا بکرێت. بۆ پاراستنی پایەکانی خۆی پشتی بە سەددام بەست بوو و دەست کراوەی کردبوو. سەددامیش دەزگایەکی هەواڵگری بە ناوی (جهازحُنین) ەوە دامەزراندبوو. سەددام ئەم جیهازەی لە ڕووکەشدا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بەکر دامەزراند، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ لە نابردنی و گەیشتنی خۆی بوو بە دەسەڵات. سەددام بە هۆی دەزگا هەواڵگرییەکانەوە گەیشتە ئاستێک لە دەسەڵات پەیدا کردن ئیمزا و ڕێکەوتنی ناوخۆیی وئیقلیمی و نێودەوڵەتی بکات بە بێ گەڕانەوە بۆ بەکر، لە وێنەی بەرەی نشتیمانی و پەیماننامەی جەزائیر. سەددام وردە وردە بەکری خستە گۆشەیەکی وەها تەسکەوە، تا ئەوەی زاڵ بوو بە سەریدا. لە کۆتاییشدا بە داواکاری بوو بێت یان دەمانچە خستنە سەر، ناچاری کرد بە دەست لە کارکێشانەوە. ئەگەر بزانین بەکر ئەو هەموو قوربانییەی دابێت بۆ گەیشتن بەم دەسەڵاتە، ئەبێت چۆن چۆنی بە مێشکیدا هاتبێ وا بە سانایی دەست لە کار بکێشێتەوە؟ مەگەر وەک خۆی وتبووی سەددام لە دووتوێی ئەم کورسییە خنکاندوومی...!!


ئەوەی لەم مێژووە بۆمان دەردەکەوێت چەند شتێکە:-
١/ لەم کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییانەدا دەزگای هەواڵگری لای کێ بێت ئەوە زاڵە و لە دەسەڵاتەوە نزیکە و ئەمێنێتەوە.
٢/ دوو کەس بەدەرلە پەیوەندی کۆمەڵایەتی کاتێ هەوڵی دەسەڵات دەدەن لە وێنە دوو برا یان نزیکتر تا ئاستی دوو هاوسەر لە چوارچێوەی یەک وێنەدا شان دەنووسێنن بە یەکەوە و بە زەردەخەنەیەکی درێژەوە وێنە دەچرکێنن و بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام زۆر بە ئاسانی و دوور لە پێشبینی خەڵک، وێنەکە دوو لەت ئەکەن و وێنەی کەسێکمان ئەدەنەوە دەست. ئەمەش کاتێک بەرژەوەندییەکان وا دەخوازن کە تەماعی بە سەنتەرکردنی دەسەڵات لە لای کەسێک گەشە بکات. جا ئەمە بە هەرچ بیانوویەک و لە ژێر هەر دۆخێکدا بێت، پیلانی بۆ دادەڕێژرێت و لە ئینقیلابێکی سپی بێ چەکدا هەوڵی چڕکردنەوەی ئەم دەسەڵاتە لای کەسی ئینقیلابچی دەدرێت. خۆ ئەگەر کەسی گەمارۆدراو مل نەدات ئەوسا زمانی چەک یان تۆمەت داڕشتن دێتە ئاراوە.


کورتەی ئەوەی ڕووی دا بەسەر ئەحمەد حەسەن بەکرد لە لایەن سەددامەوە ئەمە بوو، ئەگەر چی سەددام کەسی دووەم بوو، بە شانی بەکر سەرکەوت بەڵام دواجار گووشارەکانی سەددام لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانەوە وەها زیادیان کرد کە بەکر ناچار بە دەستبەردار بوون لە دەسەڵات ڕابگەیێنێت. هەموو ئەمەش لە فشارێکەوە دەست پێ دەکات. وەک ئەوەی لە دیمانەیەکدا ڕاگەیاندن کار و چاودێری سیاسی کۆن حەسەن عەلەوی کە دەڵێت:- سەددام لیستی ٣٠ کەسی ناو حزب ئەخاتە بەردەستی بەکر تا ئیمزای لە سێدارەدانیان بۆ دەربکات و ئەویش ڕازی نابێت. دواجار سەددام دەڵێت لێمانگەڕی با بزانین کارەکانمان بکەین، واتا چۆڵی بکە بۆ ئێمە و بڕۆرەوە بۆ ماڵەوە. ئا لێرەشەوە وێنەی دوو کەسەکە بۆ ئەبەد بوو بە وێنەی یەک کەس کە سەددامە.


ئەوەی ئەمڕۆ  لە سلێمانی ڕوودەدات هەمان چیرۆکە بەڵام لە قاڵبێکی بچووکتر خۆی دووبارە دەکاتەوە. دوو لاوی پڕ لە وزە و پڕ لە جووڵەی سەربازی و سیاسی، دوو خزمی نزیک، دوو کارەکتەری هەمان عەشیرەت، بە هۆی شەڕی جندولئیسلام و داعش و کەرکووک و کۆبانێ و ئەمریکییەکانەوە دەردەکەون. وەک دوو ئەستێرە، بەڵام هاوکار و هاوبیر و هاو ئامانج دێنە بەرچاو. هەمیشە پێکەوە لە گرتە ڤیدیۆکاندا، لە وێنەکاندا لە دیدارەکاندا یان پشتی یەک ئەگرن یان بە یەکتریدا هەڵ دەدەن. لاهور شێخ جەنگی بە هۆی کۆمەڵایەتی بوون و وتار و ڕاگەیاندن و هەڵوێستە جێگیر و ڕوون و توندەکانی بەرانبەر بە نەیارەکانی وەک پارتی، زیاتر لە نێو خەڵکی دەرکەوتن، لە نێو ڕێکخستنەکاندا ئەسێرەی بەختی زیاتر ئەگەشێتەوە. بەڵام بافڵی کەم دوو  بەڵام دیبلۆماسی لە وتاردانی دوور لە خەڵک لە نێو حزب و کارەکتەرە سیاسی و بەرنامە تەرفیهییەکان دەردەکەوێت. هەر بۆیە کەمتر لە لاهور لە نێو بنکەی جەماوەری حزب دەنگ ئەچنێتەوە.

بە جۆرێک لە دوا کۆنگرەشدا گەر پێشنیاری هاوسەرۆکی نەکرایەتە بنەما، ئەوا ئەمڕۆ لاهور بە دەنگە زۆرە بە دەستهاتووەکانی سکرتێری حزب و بافڵیش لە باشترین حاڵەت جێگر ئەبوو. بەم هاوکێشەیەش کەسێک ئەبێت بە بڕیاردەر تاکە پشت و پەنای دەزگاهەواڵگری و جەماوەری حزبەکەیەتی. وارسی ڕاستەقینەی تاڵەبانی باوکیش بێ دەسەڵات دەبێت، سەرکردە کۆنەکانی حزب نەیارین و لای پارتیش ناحەز و نەیارە. هەر بۆیە لە بنەچەدا بیرۆکەی هاوسەرۆکی بۆ ڕزگار کردنی حزب بوو لە درێژەدان بە پەیوەندییەکانی و ڕازیکردنی بنەماڵەی یەکەمی تاڵەبانی و دروستکردنی زنجیرەی پەیوەندی لە گەڵ پارتی. لە دوای کۆنگرەشەوە هەر زوو دڵداری مام و برازای مەجازی بافڵ و بارزانی لە سەر حیسابی زیاتر تەریک خستنی لاهور دەستی پێکرد. مایەوە لێدان و گۆشەگیرکردنی بوو لە نێو حزبدا بەر لە دەست پێکردنی هەڵبژاردنەکان. کە دواجار بڕیارە لاهور سەرکردایەتی ئەو هاوپەیمانێتییە بکات کە لە گەڵ گۆڕاندا لە ئارادایە و گەلێک وەتەری هەستیاری جەماوەری بەدەستەوە دەبوو یاری پێ بکات و جەماوەری بوونی دوو هێندە هەڵبکشێت. باشترین لێدانیش دەرهێنانی دام و دەزگا هەواڵگرییەکانە لە ژێر دەستی لاهور. ماوەتەوە بڵێین گۆڕینی ئەو نزیکانەی لاهور لە دەزگا هەوڵگرییەکان بە پرسی خۆی و داواکردنی بافڵ بە گەڕانەوە بۆ یەک سەرۆکی و وازهێنانی لاهور، دووبارەبوونەوە سیناریۆی لابردنی بەکر نەبێت لە دەسەڵات، ئەی چییە؟ ئەگەر لە دوای کۆنگرەوە چاومان هەمیشە بە وێنەی دوو هاوسەرۆک ئاشنا بوو، ئیتر بۆ لەمەودوا وێنەی تەنها تاک سەرۆکێک نابینین!؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی