نەریتی لێبڕین کەی کۆتایی دێت

26/07/2021

سەردەشت محه‌مه‌د

لە مانگی 2ى 2016 حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە ڕوبەڕوی ببوەوە بڕیاری پاشەکەوتکردنی بەشێک لەمووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی وەک چارەسەرێکی کاتی خستەڕوو، بڕیارەکە بەجۆرێک بوو هەرکات حکومەت توانا دارایەکانی  گەیشت بەئاستی پێویست، ئەوا بڕیاری پاشەکەوتکردن هەڵدەوەشێننەوە، لەئێستاداو دوای تێپەڕبونی شەش ساڵ بەسەر ئەو بڕیارەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان مژدەی ئەوەی بەمووچەخۆران‌و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا کە لەم مانگەوە مووچە بەبێ لێبڕین بەسەر مووچەخۆراندا دابەشدەکرێت، سەرۆکی حکومەت ئەوەشی ڕاگەیاند، هەتاوەکو بەغدا ئامادەبێت ئەو بڕە بودجەیەی کە وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە ڕەوانەبکات ئەوا مووچە بەبێ لێبڕین دابەشدەکرێت.

مەترسیی پشت ئەو لێدوانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم  لێرەدایە کە سەرەڕای ئەوەی هەرێم لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت‌و داهاتی خاڵەسنورییەکان‌و باج‌و ڕسومات‌و سەرچاوەکانی دیکەی داهاتەوە کە مانگانە دەچێتە خەزێنەی حکومەتەوە ناتوانێت دڵنیایی ئەوە بەخەڵک‌و مووچەخۆرانی کوردستان بدات کەئیدی جارێکی دیکە شتێک نابیستنەوە بەناوی بڕیاری پاشکەوتکردن‌و لێبڕینی مووچەوە، بەڵکو خەڵکی دەخەنە دۆخێکی دەرونی ناجێگیرەو بەغداش بەهۆکاری ئەودۆخە نەخوازراوە دەزانن کە ئەگەرهات‌و لەداهاتودا بییەوێت جارێکی دیکە هەرێم ناچاردەکاتەوە بەوەی کە بڕیاری لێبڕین دەربکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە شارەزایانی ئابوریی ئاماژە بەوەدەکەن هەرێم ئەگەر بییەوێت ئەوا دەتوانێت تەنها لەڕێگەی داهاتی ناوخۆوە سەرجەم گرفتە داراییەکانی چارەسەربکات بەبێئەوەی چاوەڕوانی ناردنی بەشە بودجەبێت لەلایەن بەغدادەوە، ئەویش لەڕێگەی دەستپێکردن‌و جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازیی ڕاستەقینەوە کە هەموان دەزانین کاتێک کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەڕێکەوتی 10ى 7ى 2019 متمانەیان پێبەخشرا بڕیاربوو، چاکسازی وەک پرسێکی سەرەکی کاری لەسەربکرێت، بەڵام دوای تێپەڕبونی سێ ساڵ بەسەر وادەی دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمدا  نەک هەرهەنگاوەکانی چاکسازی دەستی پێنەکردوەو ڕێگاکان لەبەهەدەردان‌و بەتاڵانبردنی سەروەت‌و سامانی کورستان دانەخراون، بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕێگای نوێ بۆ بەتاڵانبردنی داهاتی کوردستان کراونەتەوە، هەر ئەمەشە وادەکات سەرۆکی حکومەت نەتوانێت دڵنیایی بەهاوڵاتیانی کوردستان بدات‌و دڵنیایان بکاتەوە لەوەی کە جارێکی دیکە گوێبیستی وشەی پاشەکەوتکردن‌و لێبڕینی مووچە نابەنەوە، سەرۆکی حکومەت بەو وتانەی ئێمەی دڵنیاکردەوە کە لێبڕین‌و پاشەکەوتکردن بووە بەنەریتێک‌و هەرکات ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا سەریانهەڵدایەوە ئەوا لێبڕین دەستپێدەکاتەوەو ئەوکات بەغدا تاوانبارە نەک هەرێم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی