شکست و ئیسلامییەکان و تونس

30/07/2021

ئیبراهیم مەلازادە

بەکورتی، سەدەیەکە قەومییەکان بەهەموو ئاڕاستەکانییانەوە دەستەڵاتی وڵاتانی عەرەبی و هەندێك وڵاتی دیکەی زۆرینە موسوڵمانییان لەدەستە، وڵاتییان لەشکستێکە و بۆ شکستێکی دیکە بردووە، دوور و نزیک ئامادەنەبوون پێداچوونەوە بە شکستەکانی خۆیان و بەو هەموو سەرگەردانییەی دونیای خۆیاندا بکەن. ئیسلامییەکانیش، بەتەنها یا بەبەشداری ئەوانی دیکە لەو بیست تا سی ساڵەی دوایی ئەوە چەندین جارە بچنە دەستەڵات، ئەوانیش بەهەمان عەقڵییەتەوە نایانەوێت بستێك بەخۆیاندا بچنەوە.
لەپۆستی دوێنێمدا باسم لە شەڕ کردبوو، دیققەتی ئەوەمدا کە زۆربەی ئەو وڵاتانەی شەڕییان تێدایە یا موسوڵمانن یا زیاتر دونیای سێیەمن. ئاخر ئەو دەستەڵاتدارانە بێچاووڕووانە بیر لەوە ناکەنەوە هەر پەنابەرێك کە شوناسی وڵاتەکەی خۆی هەڵگرتبێت، ئابڕوچوونە بۆ دەستەڵاتی ئەو وڵاتە. پەنابەر بەمانای ناسەقامگیری وڵات، گەندەڵی یا دیکتاتۆرییەت و وێرانی خزمەتگوزارییەکان.
لەدوێنێوە چەند نوسینێکی ئیسلامییەکانی کوردم دیتوون لەسەر دۆخی سیاسی تونس. هەموویان بەرگری لە ئیسلامییەکانی تونس دەکەن و پاساوی بۆ دێننەوە. یەکێك ئاماژە بە کێشەکانی ئەو وڵاتە ناکات. یەکێك ناڵێت ئاخر ئەوە لە 2011 ئیخوانەکان بەتەنها یا بەهاوبەشی حیزبەکانی دیکە لە دەستەڵاتن، بۆ نەیانتوانی جۆرێك لە سەقامگیری سیاسی بۆ وڵات دابین بکەن و خۆیان لە جەماوەر نزیك بکەنەوە و خزمەتگوزارییەکان بەجوانی دابین بکەن؟ تا ئێستاش تونس لەپێشەوەی هەموو وڵاتە موسوڵمانەکانە بۆ چوونەڕیزی گروپە توندڕەوەکان!
بێگومان، چۆن ئەوان کێشەیان بۆ حیزبەکانی دیکە دروست دەکرد کە لەدەستەڵات بوون، ماقوڵ نیە بڵێن ئاخر ئەوانی دیکە کێشە بۆ ئیسلامییەکان دروست دەکەن یا پیلان لەدژییان بەڕێوە دەچێت. ئاخر کەی ماقوڵە تۆ بتەوێت دەوڵەتداری بکەیت و کەسیش پێت نەڵێت پێت خوار دانا. یا کەس دژایەتییان نەکات؟ دەوڵەتداری و سەرکەوتن و نزیکبوونەوە لە جەماوەر و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەناو زەحمەتی و کێشەکاندا هونەرە.
برادەرێك بۆی گێڕامەوە، گوتی لەگەڵ برادەرێکم سواری ئۆتۆمبێل بووین لە سوێد. لەشەقامێکی پان و بەریندا ئۆتۆمبێلی دەهاژۆت و لێشی دەپرسیم؛ ئەری شوفێرییەکەم چۆنە؟
گوتی، منیش پێم گوت؛ لەو جاددە پان و بۆڕە ئۆتۆمبێل بدەیە دەست نەزانێکیش دەزاێت باژوات، من چوزانم شوفێرییەکەت چۆنە!
ئیسلامییەکانیش ڕێك وادەکەن، هەمیشە لەجیاتی ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوە، لەجیاتی ئەوەی لەوەتێبگەن کە دونیا گۆڕاوە و جیاوازە لەسەردەمی مەککە و مەدینە. پێوەرەکانی ژیان گۆڕاون، سەردەمی جیهانگیری و تەکنۆلۆژیای زیرەکە. دەرگا و پەنجەرەکانیش بگرن، لەڕێی هەواوە زانیاری نوێ دێتە ژوورەوە، نەوەی نوێ و نەوەکانی داهاتوو وەکو ئێمە بیرناکەنەوە. چۆن عەقڵی قەومی و بەناو عەلمانییەکان شکستی هێناوە، هی ئەوانیش سواوە و شکستی هێناوە، هەمووشییان شکستەکانی خۆیان لەوانی دیکە بار دەکەن.
کەسییان بیر لەوەناکاتەوە بۆچی خەڵك بە کۆمەڵ وڵات بەجێدێڵن؟ ئاخر، تاڵیبان کە نوخبەی مەلایەکانی ئەفگانستان و پاکستان لەپشتییانەوەن، ساڵانێکییان لەدەستەڵات بەڕێکرد، دوایی لایاندان، ئێستاش هەر تێناگەن لەوەی کە دوژمنی خەڵكی وڵاتی خۆیان نەبن، فرەیی قبوڵ بکەن، ئەوە ڕابگەیەنن کە تاڵیبانی ئێستا هی ساڵانی پێشوو نیە، لەجیاتی ئەوە، بە (نەڕەیی تەکبیر) شارەکان داگیردەکەن، بەڵام ناتوانن دڵی خەڵك داگیربکەن. ئەوە ئێستا شەپۆڵێکی دیکەی پەنابەری ئەفگانی لەناو دەریاکان خەریکی خکانن، بەرەو بەهەشتی ڕۆژئاوا، ڕێك وەکو سوری، تورکی، ئێرانی، سودانی، عێراقی، لوبنانی، میسری، یەمەنی، لیبی و مۆرۆکانی و پاکستانی و تاد. هەمووشییان دژی ڕۆژئاوان و بە سەدان و هەزارانیشییان لەدەریاکان گیریان خواردووە بەرەو بەهەشتی ڕۆژئاوا.
ئێستا لە هەر ئیسلامییەکی کورد بپرسیت، بۆ تاڵیبان عاقڵ نابن، دەڵێن ئاخر دوژمنییان وازییان لێ ناهێنن، بێ ئەوەی بستێك بیر لە قەیرانی عەقڵی ئیسلامییەکان بکەنەوە. بێ ئەوەی بستێك چووبنە پێشەوە و بڵێن ئێمەش شکستمان هێناوە و کاتی بەخۆداچوونەوەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی