یەكێتی ئەو هێزەی پێویستی بەڕەخنەگرتن‌و هەڵسەنگاندن هەیە

02/08/2021

كەمال محەمەد

لەدونیای سیاسی ئێمەدا كەم هێز هەیە پێویستی بەپاڵاوتن‌و خاوێنكردنەوەی لەلایەنە نەرێنییەكانی‌و ڕزگاركردنی نەبێت لەهەڵەو چەوتییەكانی، یەكێتی ئەو هێزەی ئەگەر لەبنەمادا گەوهەری هەڵوێست‌و ڕاوەستەكانی سەردانەواندن نەبوبێت بەرامبەر دوژمنەكانی‌و پێیوابێت ڕێكخستنێك ئاوا ئەكات كە دوژمن پێی نەگات، بەڵام دەرەنجام نەیتوانیوە ڕێكخستنێك ئاوابكات بەردەوامی بەدوای خۆیدا بهێنێت، هەموو ئەمانەش بەهۆی تێپەڕنەكردنی كەموكورتی‌و كێشە نێوخۆییەكانیەوە بوە.

مژاری ڕێكخستن‌و گۆڕانی سیاسی بۆ هەر هێزێك گرنگەو پێویستە، خۆنەكردنی كادرو ئەندامان بەئیرادەو نیشان نەدانی ئیرادەی كارو كارابون لای ئەندامان  كێشەیەكی گەورەیە، ئەندامی كارا ئەوەیە سۆزی بێزكردنەوە لەلاوازییەكانی گرنگ‌و بەهێزتربێت لەسۆزی بەرژەوەندییەكانی، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوه‌یە كە خۆی قانع بكات لەپرەنسیب‌و دیسپلینە حزبییەی كە لەبنەڕەتدا بۆی دانراوە.

یەكێتی وەك بڵێی زۆر پێویستی بەڕەخنەگرتن‌و هەڵسەنگاندن نییە تائێستا نەیتوانیوە زۆرینەیەك لەئەندامە باڵاكانی وا ڕابهێنێت كەپرسیاری ئەوە بكەن كە هەبونی ئێمە لەبەرامبەر سیاسەت‌و پرەنسیپە حیزبییەكە چیمان لێ دروستئەكات‌و چۆن بمانكات بەئەندامێكی سودبەخش بۆ حزب‌و دواجار كۆمەڵگه‌ش‌و دواجار چارە بۆ حزب‌و كۆمەڵگاكەش بدۆزنەوە، چون لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ خۆت دەكەوێتەسەر ڕێگای گشتگیری بون كە ئەوەیە پێی ئەڵێن واتاو تێگەشتنە سەبارەت بەهەبوون!

یەكێتی لەهەموو قۆناغەكاندا ڕوبەروی كێشەو بۆچونی جیاوازی نێوخۆیی بۆتەوە دواینترینیان ڕوداوەكانی هەشتی تەموزی ڕابردوو بوو كە بینرا ئەندامەكانی سەركردایەتیتەكەی ئەوەندەی خۆیانیان لێ ڕزگاركرد هەڵوێست‌و دەستپێكێكیان نەبوو بۆ ڕزگاری حیزبەكەیان چون زۆرینەی ئەندامان بەبێ ڕەنج‌و موستەحەق نەبون بون بەئەندامی باڵا هەر ئەمەشە وایكردوە بەرگریكردن لەبەرژەوەندییەكانیان لەكوێبن ئەوانیش لەوێن‌و ئەمجۆرە ئەندامانەش لەبنەمادا بیریان بۆ ئەوەیە ئەو تایبەتمەندیانەی لەتۆدا ڕەنگدەداتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانمان تا ئەو ڕادەیە لەگەڵتین هەر ئەمەشە سەرەنجام مژاری بێ ڕێبازی هێناوەتە ئاراوەو ئامانج شوێنی ڕێبازەكەی گرتۆتەوە.

كێشەی سەرەكی یەكێتی ئەوەیە كە ئەندامانی زیاتر لەخەمی پێگەی خۆیانن لەپێكهاتەی نوێدا نەوەك بون بەئەندام‌و كادیرێكی ئەكادیمیك بۆیە خۆناڕەحەتنەكردن لەكێشەكان‌و  ڕاحەتخوازییان لەئەندامێتیان‌و دابڕاوێتیان لەئامانجەكانی حیزب‌و جددی نەبون لەئەركەكانیان هەموو ئەمانە كۆسپی بنەڕەتی بەردەم یەكێتی بوەو ئەبێت، چون هەموو بەرجەستەكردنێكی هەبون لەناو ڕێكخستنەكانی حیزبیدا جدییەتی ئەوێت كەلەناو یەكێتیدا بەئەستەم ئەبینرێت.

یەكێتی ئەو هێزەی تائێستا نەبۆتە حیزبی ئاوێتەكردنی فیكرو وتەو كردارو بەكارهێنانی هەندێ دەستەواژەی لەجێگەی خۆیاد نییە بەنمونە حیزبی شەهیدان‌و ڕەنجدەرانی كە ئێستا بەپێی پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، یان دەوترێت یەكێتی حیزبی جەماوەرەكەیەتی، ئەمە لەكاتێكدایە كە جەماوەری خۆی بەڕێوەنابات‌و گەڵاكانی ئەم حیزبەش لەشوێنی خۆیان ناشەكێنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی