کـەرکوك لەسەر پردی سیراتی ھەڵبژاردن!

08/09/2021

سـەفا مـحـمـد ژاراوەیی

مێژوو ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق سەلماندویەتی ھەرکاتێ کورد لە کەرکوک یەک ریز بووبێت و بەیەک لیست بەشداری ھەلبژاردنەکانی کردبێت لەبەرژەوەندی کورد بووە و دەنگدەری کورد بەپەرۆشەوە و بەگیانێکی بەرزی کوردانەوە بەشداری پرۆسەی ھەلبژاردنەکانی کردووە.
ئەم ھەڵبژاردنەی ئەمجارەش ھەڵبژاردنێکی ئێجار چارەنوسساز و یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ چارەنوسی کورد لە ٤ ساڵی داھاتوو لەکەرکوک، کە یٔەگەربێت و کورد لەنیوە کەمتری کورسییەکان بێنێت کە ئەگەرێکی زۆر دوورنیە ئەوا کوردستانی بوونی کەرکوک دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و دەرئەنجامەکەی پێشھاتی زۆر خراپ بۆ کورد دێنێت لەو ناچانە.

ھەرچەندە دۆخی ناوخۆی کورد لەناوچە جێناکۆکەکان بەگشتی و بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکوک مایەی شەرم و پەژارەیە و ھەڕەشەی گەورەیە بۆ سەر داھاتووی کورد لەو ناوچایە، بەتایبەت ئەو ناکۆکی و ململانێیانەی نێوان پارتی و یەکێتی و ھەروەھا ئەو ژمارە زۆرەی بەشداری حزب و کەسایەتییە کوردانە بەجیا لەو ناوچانە، بەلام تاڕادەیەک یەکێتی ئەو ھەنگاوەی ناویەتی بە پێکھێنانی لیستی ھاوپەیمانی لەگەل گۆڕان و لێکتێگەشتنی ھاوبەش لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵ جێگەی دەستخۆشییە کە دڵنیام بەرھەمی ئەو لێکتێگەشتنەیە کە یەکگرتوو و کۆمەڵ بەربژێریان نیە لەو ناوچانە.

دیارە یاسای نوێی ھەلبژاردنی خولی پێنجەم کەلە ١٩ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ دەرچوو، لەژێر گوشاری خوپیشاندانەکانی تشرین سیستەمی زۆرینەی رێژەیی پەسەندکرد،چونکە خواستی خۆپیشاندەران چڕ بووبووەوە لە بەشداری فەردی پاڵێوراوان. ھەربۆیە یاساکە نوێیە و یٔەزموون نەکراوە لە عێراقدا، بارودۆخی ئەمنی و سیاسیش لەعێراقدا ئاستەنگی گەورەی بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردنن، لەسەرووی ئەوانەشەوە بایکۆت ھەڕەشەیەکی جددی و گەورەیە لە سەر پرۆسەی ھەڵبژاردنەکە کە گومان دەکرێت شەرعیەتی ھەڵبژاردنەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە!
لێرەدا دەبێت بپرسین سەرباری ئەم ئاڵنگارییانە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەت دۆخی کەرکوک لەم کاتەی نزیک لە ھەڵبژاردنەکان لەچ ئاستێکدایە؟

پارێزگای کەرکوک بەھەمان شێوەی ھەڵبژاردنی رابردوو ١٢ کورسی بۆ دیاریکراوە و دابەشبووە بۆ ٣ بازنەی ھەڵبژاردن کە رێژەی ١.٦٨٦.٠٠٠ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، ١٠٣ بەربژێر کێبرکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ئەو ١٢ کورسییە کە ٥٦ بەربژێریان سەربەخۆن و ٧٤ بەربژێریان سەربە لیست و ھاوپەیمانی و حزبەکانن، ١٧ بەربژێریان سەربە لیستە کوردییەکانن کە لەورێژەیە ٨ بەربژێریان سەربە لیستی ھاوپەیمانی کوردستانیە(یەکێتی و گۆران) و ٣ بەربژێریان سەربە نەوەی نوێ و ٢ بەربژێریان پارتی دیموکراتی کوردستان و ٢ بەربژێریان پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و بەربژێرێکیشیان سەربە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانە و بەربژێرێکیش سەربە بزووتنەوەی ئیسلامییە.

بازنەکانی پارێزگای کەرکوک بەگوێرەی شوێنی جوگرافی دابەشکراون، ھەرچی بازنەی یەکە ٥ کورسی بۆ دانراوە و کە پێشبینی دەکرێت سەرجەمیان بۆ کورد بێت، بازنەی ٣ش کە پێکھاتووە لە ٣ کورسی بەھەمان شێوە یەکلابۆتەوە بۆ عەرەب، بەلام کێبڕکێ و ململانێکان لەسەر بازنەی ٢ی پارێزگای کەرکوکە کە پێکھاتووە لە ٦ کورسی، پێشبینی دەکرێت ٢ کورسی بۆ تورکمان و ٢ کورسی بۆ عەرەب و کۆتای ژنانیش بۆ کورد بێت.
بەلام ئەوەی جێگەی داخە پەرتەوازەیی کورد و ئەو ململانێ و ملشکاندنەوەی کوردە لەو ناوچانە کە ھەرەشەیەکی گەورەیە لەسەر یٔەنجامی ھەڵبژاردنەکە، بۆنمونە لەبازنەی ٢ کورد چانسی یٔەوەی ھەیە کورسییەک مسۆگەر بکات ئەگەر کورسی کۆتای ژنانیش بێت، بەلام یەکێتی دوو بەربژێری ھەیە کە یەکێکیان ژنە و ئەوی دیکەشیان پیاوە، پارتیش بەربژێرێکی ژنی ھەیە، کە بەراستی ئەمە ھەرەشەیەکی گەورەیە کە کورد ھیچ کورسی لەو بازنەیە بەدەست نەھێنێت، بەلام ھێشتا درەنگ نەبووە یٔەو دوولایەنە رێبکەون و یەکێکیان بەربژێرەکەیان بکشێننەوە.

ھەروەھا ھەرەشەیەکی دیکە ئەوەیە لەبازنەی ١ ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی سەربەخۆی کورد و لیستی کوردی لە کێبڕکێدان بۆ بەدەستھێنانی کورسی، کە مەترسی ئەوە ھەیە کورد لەم ململانێیەدا رێگە خۆشبکات و چانس بداتە کاندیدێکی غەیرە کورد بۆ بردنەوەی کورسییەک کەھیچ دوورنیە، چونکە نزیکەی ٦٠ ھەزار دەنگدەری عەرەب لەسنوری بازنەی یەکدان.
کەواتە مەترسی زۆرە لەبازنەی یەک کورد ٤ کورسی بەدەستبھێنێت و لەبازنەی ٢ش ھیچ کورسی بەدەست نەھێنێت و لەبازنەی ٣ش یٔەوە کورد بەربژێری نیە(جگە لەنەوەی نوێ تاکە بەربژێرێکی ھەیە)، ئەوا لەو ١٢ کورسیە کورد تەنھا ٤ کورسی بەدەستدەھێنێت!
لەکاتێکدا لەھەڵبژاردنی خولی چوارەم کورد ٦ کورسی و لە ھەڵبژاردنی خولی سێیەم کورد ٨ کورسی بەدەستھێناوە!
لێرەدا بەکورتی مەترسییەکان دەخەمەروو:
— بایکۆت: لەپاش ١٦ی ئۆکتۆبەر کورد لەپارێزگای کەرکوک تووشی بیٔ ئومێدییەکی زۆر بووەتەوە لەبەرانبەر حزبە کورددیەکان و متمانەیان بەنوێنەرانی کورد نەماوە، بەوھۆیەشەوە رێژەیەکی زۆر بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان دەکات.
— راگوێزان: لەپاش ١٦ ی ئۆکتۆبەر رێژەیەکی زۆر ھاولاتی ئەوناوچانە روویان لە پارێزگای ھەولێر و سلێمانی کردووە و ھیچ یٔومێدێک نیە بگەرێنەوە بۆ دەنگدان. بەپێچەوانەوە عەرەبێکی زۆر ھێنراوەتە کەرکوک.
— تەزویر و رێگری: لەرووی ئەمنیەوە لەژێر رەحمی پۆساڵەکانی حەشدی شەعبیدا ھەڵبژاردن بەرێوە دەچێت، ئەگەری تەزویر و خروقات و چاوسورکردنەوە و رێگریکردن و ھەڵکوتانە سەر ناوەندەکانی دەنگدانی ناوچە کوردییەکانن گریمانەیەکی پێشبینیکراوە.
— ستەمی یاساکە: خودی یاساکە رێگە خۆشکەرە بۆ پەرتکردن و بەھەدەردانی ژمارەیەکی زۆری دەنگەکان و رێگەنادات دەنگەکان لەبەربژێرێکەوە بگوازرێتەوە بۆ بەربژێرێکی دیکە.
— ملشکاندنەوە لەنێوان لایەن و بەربژێرە کوردەکان: ململانێی نا تەندرووستی نێوان لیست و بەربژێرە کوردەکان چانس دەدات بە بەربژێری سێیەم، جگەلەوەی ھەندێ کەسایەتی سەربەخۆی کوردی بە پشتیوانی حزبە غەیرە کوردییەکان خۆیان بەربژێر کردووە خودی حزبەکان خەریکی ملشکاندنی یەکدین کە لەرقی یەکدی دەنگ بەبەربژێری سێیەم دەدەن.

سەرباری ھەموو ئەو مەترسی و یٔاستەنگانە، ھێشتا کات ماوە یٔەگەر کورد بکەوێتەخۆ بەلایەنی کەمەوە ٦ کورسیەکەی خۆی مسۆگەر دەکات و یٔیدارە و پارێزگاری داھاتووی کەرکوک مسۆگەر دەکات، ئەگەر بەپێچەوانەوە کەمتر لەنیوەی کورسییەکان ببات ئەوا ھیوایەک بۆ مانەوە و ژیانکردنی کورد لەو ناوچانە لەبار دەبرێت!


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی