واز لەهەڵبژاردن بێنن!

17/09/2021

د. كامەران مەنتك

16\9\2021 لەساڵی 1920، كاتێك پەیماننامەی سیڤەرئیمزا كرا، دەزگا هەواڵگری ومیدیاكانی رۆژئاوا بەهەموو شێوەیەك هەوڵیاندەدا كورد لەهەموو خەباتێك سارد بكەنەوە، هەركاتێكیش لێرەو لەوێ هەوڵێك لە ئارادابوایە شكستیان پێدەهێنا، پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاودەكردەوە، پێویستە كورد چاوەڕوان بكات كێشەكەی لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە، بەتایبەتیش كۆمەڵەی گەلانەوە چارەسەر بكرێت، بەم چەشنە توانیان بۆ ماوەی سێ ساڵ مەسەلەی كورد بەنج بكەن ودواتریش لەرێگای رێكەوتننامەی لۆزانەوە، گڵۆپی سەوزیان بۆ توركە كەمالیستەكان دایساند، بۆ ئەوەی كورد قڕ بكات، لەدوای ئەو مێژووەوە تاوەكو ئێستا، واتە بەدرێژایی ماوەی نزیكەی سەد ساڵ لەهەموو پارچەكانی كوردستان جینۆسیاید ورەشەكوژی كورد بەردەوامە. لەئێستادا خەریكە هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، لەكاتێكدا زۆرینەی كورد لەرۆژئاوا وباكوور وباشووری كوردستان كەوتۆتە بن نیری توركەكان وبەئاگر وئاسن كوردستان سوتماك دەكات وگەنج ولاو وپیرە كورد تیرۆر دەكات، ئێران رۆژانە كوردستان بۆردومان دەكات وهێزەكانی لەسەر سنوورەكاندا كۆكردووەتەوە وئامادەیی تەواوی كردووە، بۆ ئەوەی ئەو هێڵە تەواو بكات، كە توركیا لەسەر سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە دەستیپێكردووە، لەباشووری كوردستان خەڵكیان بە گەمەیەكی قێزەون، كە پێی دەگوترێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق خەریك كردووە، ئەو ئێراقەی لەژێرەوە لەگەڵ توركیا وئێران رێككەوتووە ودەرگای بۆ سووتاندن وكوشتنی كوردان بۆ خستوونەتە سەر پشت! ئەو هەڵبژاردنە لەكاتێكدا بەڕێوە دەچێت، كە هێزە سەرەكیەكانی كورد لەداهێزران وتەسلیمبوونێكی تەواودا دەژین، دەبینین وەزعی یەكێتی چۆنە، لەململانێی حزبێكی سیاسی بۆتە ململانێی نێوان قاچاخچی ومافیاكان، پارتی لەكاتێكدا ماسوولكەكە پووكاوەكانی خۆی نیشانی خەڵكی كوردستان دەدا ودەیەوێت وەك قارەمانێك خۆی نیشانی گەلەكەی بدات، بوێری ئەوەی نیە وەكو دەڵێن بەرامبەر توركەكان فزەی لێوە بێت، كە رۆژ بەرۆژ ناوچەكانی ژێردەستی ئەو زیاتر وزیاتر داگیر دەكات!. هەڵبژاردن لەدۆخێكی ئاوادا چ بەهایەكی هەیە، كە مەبەست تەنیا خاوكردنەوە ودوورخستنەوەی نیگاكانی كوردە لەسەر مەسەلە بنەڕەتی ومافەرەواكانی! پێویستە رۆشنبیران وشۆرشگێڕانی كورد چیتر بەو سیناریۆیە قێزەوانە فریو نەخۆن ولەجیانی ئەوەی پێنووسەكانیان بەو گاڵتەجاریە خەریك بكەن، لەجیاتی ئەوەی قسە لەسەر پارتی ویەكێتی بكرێت، كە ئەوان هەموو ئامانجەكانی خۆیان بەدەستهێناوەو بوونەتە خاوەنی دەیان ملیاردۆلار وچاوەڕێی نەمانی ئەو هەرێمە دەكەن، بۆئەوەی، ئەوەی لەماوەی سی ساڵی رابردوودا دزیویانە بە ئارامی لەو كۆشك وتەلارانە خەرجی بكەن، كە لەخۆشترین وڵاتەكانی جیهان كڕیویانە، پێویستە لەدەرەوەی ئەوانەوە بیر لە چارەسەریەك بكرێتەوە! با واز لەو گەمە قێزەونەی هەڵبژاردن بێنین وبەدوای رێگا چارەیەكی ستراتیژیدا بگەڕێین، لێیان گەڕێن با خۆیان هەڵبژێرن وپڕوپاگەندە بۆ خۆیان بكەن ودەنگ بەخۆیان بدەن وساختەكاری بكەن، ئەو هەڵبژاردنە هیچ پەیوەندیەكی بە خەون وهیواكانی خەڵكی كوردستانەوە نیە، با هەمان هەڵەی قۆناغی دوای سیڤەر دووبارە نەكەینەوە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی