هەڵبژاردن‌و قۆستنەوەی هەلەكان

09/10/2021

د. سەیران تەھا

بەدەر لەئەنجامدانی هەڵبژاردن‌و لایەنە ئەرێنیەكانی بۆ پرۆسەی دیموكراسی‌و پێشخستنی كۆمەڵگاكان كە بەڕێگەیەكی دروست ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەم وڵاتانەی ئێمەدا لایەنی نەرێتی گەورەترین کاریگەری خراپی لەسەر لایەنی دەرونی‌و بۆچونی تاكەكان دروستدەكات؟ چونكە ئەوەی بینیومانە هەر لەساڵی 1992وە تائێستا هەڵبژاردن بۆ كەسانی هەلپەرست گەورەترین فرسەت بوە، بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی مادی‌و گەندەڵی لەسەر حسابی كەسانی هەژارو كەمدەرامەت.

لەسایەی هەڵبژاردنەكاندا گەورەترین فرسەت بوە بۆ كاری نایاسایی دەستبردن بۆ موڵكی گشتیی، هەر لەدروستكردنی خانوی زیادەڕۆیی كە لەئەنجامدا گەڕەكی زیادەڕۆیی‌و شێواندنی شارو شارۆچكەكانی لێكەوتەوە، هەروەها داگیركردنی زەویی‌و زاری كشتوكاڵی بەتایبەتی دۆنمە زەوییە بەردەڵانیەكان (صخری)وە لەسەر (محرماتی شەقامی سەرەكی) لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بەخێرایی خانوو دروستدەكرێت لەبەرچاوی شارەوانی‌و یەكەی ئیداریی‌و بەڕێوه‌بەری ناحیە، كەچی چاوپۆشیان لێدەكەن‌و كەس بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت.

داگیركردنی زەویی‌و زارو موڵكی گشتی زۆرجار دەرئەنجامی خراپتری لێكەوتوەتەوە كە بەئاشكرا ڕۆژانە لەشاشەی تیفیەكانەوە دەیان هەواڵی شەڕی دەستەویەخەی چەكداری كە كوژراو بڕینداربوون لەنێوان عەشیرەت‌و بنەماڵەكاندا ڕودەدەن‌و دەیان بیستین، بەڵام دوای 30 ساڵ لەحوكمڕانی كوردی لەبری چارەسەركردن، بەڵکو بوون بەدیاردەو لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا دووبارە دەبنەوەو پێشێلكاری زیاتر دەكرێت لەئەنجامی چاوپۆشی لێكردنیان بۆ كۆكردنەوەی دەنگێكی زیاتر؟
      
قێزەونترین دیاردە كە بەتایبەتی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا زیاتر سەرهەڵدەدات، سەنگەر گواستنەوەو تەراتێنی حیزبایەتیە، كە كێ زۆرترین نرخیان لەسەر دابنێت؟ كە چۆن بتوانن سود لەم فرسەتە وەربگرن لەپێناو پۆست‌و پلەو پارەی زیاتر بەدەستبهێنێت، جا ئەم دیاردەیە نەك هەر لەناوسیاسیەكاندا باوە (لەئەندامی باڵای حزبەكان تا دەگاتە وەزیرو ئەندام پەرلەمان‌و ڕاوێژکارەكانیان)، بەڵکو تەنانەی هونەرمەندو میدیاكارانیشی گرتۆتەوە؟ كە بێئەوەی شەرم لەخودو ڕابردووی خۆیان بكەن، دەكەونە پیاهەڵدان بەحیزب‌و ئەوكەسانەی كە ڕۆژانێك هەرخۆیان بون زۆرترین دوژمنایەتی‌و قێزەونترین وشەو دەستەواژەیان بەرامبەریان بەكارهێنابێت.

كارەساتە كە سەوزەو میوەفرۆش لەناوەڕاستی شەقامە سەرەكیە پڕ لەمەترسیەكاندا لەبەرچاوی پۆلیس‌و فەرمانگەی هاتوچۆوە وەك پێشانگا میوەكانیان دەخەنەڕوو، بەناوی پەیداكردنی بژێوی ژیان دەستدرێژیدەكەنەسەر مافی گشتی هاتوچۆو مەترسی بۆ سەر سەلامەتی ژیانی خەڵکانی تر دروستدەكەن، بەڵام لەپێناو هەڵبژاردن بێدەنگی لێدەكرێت‌و هیچ ڕێكارێك بەرامبەریان ناكرێت؟ ئەمانە لەپێناو كۆكردنەوەی دەنگێكی زیاتر بۆ ئەو ئەندام پەرمانانەی كە سبەینێ دەوڵەمەند دەبن كە تیاندایە دوایی بەیەك وشەش بەشداری دانیشتنێكی پەرلەمان ناكەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی