یۆتۆپیاو شکستی سیاسی!

11/10/2021

جەعفەر عەلی

سیاسەت کارکردنە لەسەر ئەرزی واقیع، نەک کارکرن لە نێو یوتۆپیاو خەیاڵی سیاسیدا. لە ٢٠٠٩ (باشترین) سیاسییەکانی یەکێتی دەیانگووت: گۆڕان لە(٣ بۆ ٥) کورسی زیاتر ناهێنێت! بینیمان چەند خەیاڵێکی دوور لەواقیع بوو.

لەم هەڵبژاردنەشدا (٢٠٢١/١٠/١٠)، (باشترین) سیاسییەکانی گۆڕان دەیانگووت: گۆڕان (٧) کورسی دێنێت، دوو دانە کاندیدیش بۆ یەکێتی دەردەچوێنین! ئەوەشمان بینی چەند خەیاڵێکی ناواقیعی بوو.

ئەم دوو دیدگا سیاسییە، چەندیش ناوی حیزب و رەنگی ئاڵاکانیان جودا بێت،  لە رووی خۆدزینەوە لە ریالیتی کۆمەڵایەتی و چاوداخستن لەوەی کە لە واقیعدا بوونی هەیە، هێندەی باریکی تاڵەموویەک جیاوازی لە  نێوانیاندا نییە.

سیاسی ناواقیعی ئەو کارەکتەرەیە بە هەموو هێزییەوە باوەشی بە خەیاڵ و یوتۆپیای سیاسیدا کردووە، خەیاڵ و ئارەزووە سیاسییەکانی وەک واقیع و حەقیقەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبینێت. فیگۆری سیاسی لەمجۆرە بە هەموو هێزییەوە هەوڵدەدات لە راستییەک رابکات، کە سەرەنجام واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەنجامەکەی وەک حەقیقەتێک دەخاتە سەر مێزی کارکردن و دیوەخانە سیاسییەکەیانەوە!

کاتێک سیاسی ناواقیعی دەبێت، یان واقیعێکی ساختە لە خەیاڵی خۆیدا دروستدەکات، بە تەنها باوەش بە یوتۆپیادا ناکات، بەڵکو ئەوە یوتۆپیایە وەک کۆلارە بە ئاسمانی خەیاڵدا تا رادەی شەق و شڕکردنی، جۆلانەی پێدەکات، سەرەنجام ئەو هێزی رەشەبایەی جۆلانەی پێدەکات، وەک شکستخواردوویەک، وەک جەستەیەکی سیاسی بێ رۆح لە چاڵێکدا بە دەنگی بەرز پێیدەڵێت: ئێوە کوڕی ئەو مەیدانە و کارەکتەری ئەو ململانێ و کێبڕکێ سیاسییە نین.

باشترین کارێک بۆ سیاسی، یان گروپێکی سیاسی شکستخواردوو، گەڕانەوەیە بۆ عەقڵانیەتی سیاسی و بینینی واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک ئەوەی کە هەیە، نەک وەک ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ و هەوڵدەدەین بەپێی خواست و خەیاڵی خۆمان دیزاینی بکەینەوە.

بەشێکی گرنگی سیاسەتی واقعیانە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی شکست و ئەنجامەکانی ململانێی دیموکراسییە. هەر گروپێکی سیاسی توانای چوونە ژێرباری ئەو بەرپرسیارێتییە سیاسی و ئەخلاقییەی نەبێت، لە شکستەوە باوەش بە شکستێکی دیکەدا دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی