سەدام نەما..تۆش نامێنێ؟

25/11/2021

یەحیا بەرزنجی

کە سەدام نەما، ڕژێمەکەی ڕوخێنرا، دەستمکرد بەگریان، بەڵام لەخۆشیدا بوو، لەوەش کە بەخەونیش بڕوام نەدەکرد ئەوە ڕووبدات، سەدام  نەما! بیرمە لە 1995 کە یەکەم منداڵم، ڕۆزا لەدایکبوو، تەنها ئەو ڕستەیەم لەخەیاڵدا بوو، "بمبورە هێنامی بۆ دنیایەک سبەینێ تۆش پیر دەبیت، بەدەستی حوکمی عودەی، دوای ئەو قوسەی، یان حەلای کچی سەدامەوە، یان کوڕەزاو بنەچەی ئەو تایەفە تکریتیەوە، هەرچەندە ئەو دەمە شارەکەنی باکوری عێراق بەدەست ئەو حزبە کوردیانەوە بوو کە لەدوای شەڕی کەنداوەوە لەتاراوگەوە، لەکەرەج‌و دیمەشق‌و ئەوروپاوە گەڕانەوە، دیمەنیان چەند سەیر بوو، لاتوو پووت، ئێستا لەو ناوچە سەربەخۆیەی پێی دەڵێن هەرێمی کوردستانی عێراق، شالیارەکانی سەردەمن، ئەو دەمەش هەرگیز بڕوام بەوەنەبوو، ئەم سەرکردانەی کورد هی ئەوە بن بمێننەوە، لای من وەها کەوتنە بەرچاو کە پارەی بانقەکە تەواوبوو، غەنیمەیان دابەشکرد، دەڕۆن‌و جارێکی دی سەدام دێتەوە، چونکە مایەی بڕواکردن نەبوو، بەناوشۆرشگێڕ، دوای ئەو هەموو ساڵە وا لەکوردستان بکات! ئیدی زەمەن‌و سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەم گۆڕانەی هێنایە کایەوە، ئەوە 30 ساڵی ڕەبەقە حوکمڕانن".

ڕاستە سەدامی گۆڕبەگۆڕ نەماوە وەلێ سیاسەتەکانی هەرماوە، لەو دەسەڵاتەوە بۆ سەرکردەی بنەماڵەیی‌و سیستمی تایەفەگەری، بۆ کۆمەڵێک گیرفان کون، لەوەتەی دەیان بینین ڕۆژ بەڕۆژ دەبێت بێژی خۆزگەم بەپار، سیاسییەک هەر گیرفانی خۆیی‌و کەسوکارو بنەماڵەکەی دەبینێت، قسەی مام حاجیشم بیردێتەوە کە لەگرتەیەکی ڤیدیۆیی دەڵێت:"ئەم دەسەڵاتە بەخوتو خۆڕا خەڵک برسی دەکەن، سەد خۆزگەم بەسەردەمی سەدام".

ئێستا کە باوکێکی کورد منداڵێکی ببێت ڕەنگە هەمان ڕای هەبێت، بڵێ ببورە کۆرپەکەم هێنامیتەسەر زەمینێک، دەبێت چاوەڕوانی منداڵی مەلۆتکەی ماڵی مەسعود بارزانی‌و ماڵی تاڵەبانی‌و ماڵی برایم ئەحمەدو شانازو کۆسرەت ڕەسوڵ‌و نەوشیروان موستەفاو دنیایەک سەرکردەی هەڵتۆقاوی تر بکەیت، حوکمت بکەن؛ ئای  چۆن ئەو کۆرپەیەش تەمەن پیری دەکات.

لە1991وە ئەم بەناو دڵسۆزو سیاسیانە یەکەم شت کردیان داڕوتانەوەی سامانی ژێرخان‌و بنخانی ئەو سێ پارێزگایە بوو، پردی بێخمە بەواژۆی مەسعود بارزانی‌و مام جەلال بەکۆنە موستەشارێک فرۆشرا.. ئیتر تاقەتم نییە شتی تر بنوسم، بڕواناکەم لەکوردستان دەوڵەمەندوو خانەدان هەبێت، لەلایەن ئەمانەوە، سەرانەو سوکایەتیان پێنەکرابێت، جا چیان نەکردووە، شەڕی نێوخۆو کوژرانی ئەو هەموو کوردە، لەدواجاردا نە تاڵەبانی‌و نە بارزانی خۆیان بەتاوانبار نەدەزانی... ئێ خۆ کورد زاکیرەی کوێرەو هەرگیز دادگای گەلیشی نابینێت، ئەوە تاڵەبانی‌و نەوشیروان لەبارەگای خوادان، مەسعود بارزانی‌و ئەوانی دیکەش جارێ سەریان زیندوە، ئەو دەمەش خەڵک هەر زوو لەماهیەتی ئەم بەناو شۆڕشگێڕانە گەیشت، وەلێ بەدیل سەدام دەبوو، ئەو دەمە خەڵکی کورد لەنێوان سەدام‌و ئەم دەسەڵاتە کوردییە، ئەمانیان هەڵبژارد، وەلێ ئێستا بەدیلی ئەمان سەدام نییەو ڕەنگە بەدیل زۆربن! ئای بێشکچی ئازیز هەرگیز وانییە دەسەڵاتێکی خراپی کوردی، لەدەسەڵاتی داگیرکەر بۆ خەڵکی کورد باشتربێت، 30 ساڵی ڕەبەقە خەڵک دڵی گوشراوە بەدەست ئەم دەسەڵاتە کوردییەی عێراقەوە، ئای کە غەدری دەسەڵاتی کوردی بۆ کورد بەسوێو بەئازارە، ئەزانی بێشکچی بەڕێز، ئەو کێبڵەی سەردەمی بەعس خۆپیشاندەری پێ شینو مۆر دەکرایەوە، ئێستێ لەوە خراپترە، ئێستا فیشەکی زیندوی دەسەڵاتی کوردییە، لەهەمبەر خەڵکی سیڤیڵدا بەکاریدێنن، گەنجە ناڕازییەکان، ئەوانەی داوای ماف دەکەن، خەڵتانی خوێنیان دەکەن، کێ 17 شوبات، خوێنی ڕێژوانەکانی لەیادکردوە؟ ئایا دەزانی بێشکچی چەند ڕۆژنامەنوسیان تیرۆرکرد، ئا هەر دەسەڵاتی کوردی بوو؟ سەردەشت عوسمان‌و سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی‌و عەبدولستار تاهیر شەریف‌و ڕەئوف ئاکرەیی‌و ویداد حسێن، زۆری تر، ئایا دەزانی لەدەڤەری بادینان لەسەر ڕای جیاواز ڕەشبگیریی دەکەن، ئەزانی گەر دەرفەتت هەبوو، تکادەکەم لەو ڕستەیە پەشیمان بەرەوە.

لەوەتەی ئێوەمان ناسیوە، خەریکی کۆکردنەوەو کەڵکەڵە کردنی سامانن، لەچەند بانکی دنیا پارە کەڵکەڵە دەکەن‌و پارە سپی دەکەنەوە، لەکام وڵات خاوەنی ڤێلاو ئاپارتمانی گران بەهانین، لەوەتەی دەستی مامەو کاکە بەسوکانی هەناردەکردنی نەوت گیرسایەوە، دەوڵەمەندی زیاتر بۆ ئەوان‌و چەوسانەوەو بەش مەینەتیش بۆ دانیشتوانی هەرێمەکە؛ بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئەم دۆخە بەکوێدەگات؟.
 
ڕەنگە دەسەڵاتی خۆبەزلزانی هەرێمەکە بەکردنەوەی ئەو هەموو میدیا سێبەرو ماڵپەڕو نوسەری دەربارو گوێڕایەڵ‌و سەرشۆڕە بیەوێ ڕای گشتیی خەڵکی بەلاڕێداببات، ئەوەتا دەیبینن، کێ توانی جڵەوی خوێندکارانی زانکۆکاکانی هەرێم بکات، یان بینیتان کۆچی بەلێشاوی بێلاڕوس چەند شەرمهێن بوو، ئەی خەڵک ڕابپەڕێت ئێوە لەکوێدەبن؟

ڕۆژگارێک بوو جاش، موستەشار، ئەوانەی سەر بەموخابەرات بون، ئەو کوردانەی لەئەمن بون، پیاوی ئەڵقە لەگوێی ڕژێمێکی سەرکوتکەری وەکو سەدام بون، بڕواناکەم کەس بەبیریداهاتبێت، ئەوانە لەسەدام‌و دارودەستەکەی هەڵگەڕێنەوە، بیرمە لەڕاپەڕینی 1991 ئەو موستەشارەی نزیک گەڕەکەکەمان بوو، نەمان دەوێرا سەیری ماڵەکەیان بکەین کە کاتی هات لەسەربازگەی سارداوی سلێمانی، شانبەشانی خەڵک فیشەکی بەبەعسەوە دەنا.

ئیتر کاتی ئەوەهاتوە بیربکەنەوە، پاسەوانی دەورتان، سوپاو سوپەرتان، پارەی کەڵەکەبوو، لەڕۆژی حیسابی خەڵکدا بەپولێکە، ئێستا زۆرێک لەو کوڕی هەژارانەی چەکداری هەرلایەک بن، یان پاسەوانی بەرماڵی هەر بەرپرسێکی جەردەبن، لەنێو دڵیاندا زۆر ناهەقی بەرچاوی خۆیان لەبەرچاوە، ڕەنگە بژێوی وای لێبکات هێشتا پاسەوانی بەر ماڵت بێت، وەلێ چیرۆکی ئەو کوردانەی سەردەمی ڕژێم کە بەدکاربون، کەلاکێک بون لەسەر شەقامەکان، هەرچی بەلایدا بڕوایە، تفێک کەم بوو بیدات بەڕوی لاشەیەکی بێ گیاندا. مێژوو زۆری وتوەو هاوشێوەشی زۆر نیشانداوین، ژیرێتییەکە لەوەدایە پەند لەکامەیان وەردەگرین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە