بە پـەلــــە

30/11/2021

فازیل شــەوڕۆ


لە منداڵییەوە، زۆر حەزم لە تەیر و توار و مەل و باڵندەیە، لەو سەری سیلەی کۆڵانەیەکی گەڕەکەکەمان لە شاری دوبلن، کابرایەک، گۆشەیەکی باخەکەی تەرخان کردبوو بۆ کەناری و بولبول و باڵندەی دەنگ خۆش. ڕۆژێک لە لای دراوسێیەکمان حەسوودی خۆم بەو خاوەن باخە نیشاندا، کەچی دراوسێیەکەم، گوتی "شوکرانەی خودا بکە، کە وەک ئەو خاوەن تەیر و توارت نیت. چونکە دراوسێیەکەی ئەو ماڵە، کە فڕۆکەوانە، چەندان جار بێزاریی خۆی لە دەنگی ئەو کەناری و بولبولانە نیشانداوە و کابرای سەرکۆنە کردوە، لێ کابرا گوێی لێ نەگرتوە، فڕۆکەوانیش ڕاپۆڕتی لێداوە و گوتویەتی لە کاتی فرۆکەوانیم لە ئاسمانەدا، زیقەزیقی ئەو تەیرانە لە گوێمدا دەزرینگێنەوە و هەراسانم دەکەن. دادگاشم، ڕێک، بە (٧٥) هەزار یۆڕۆ کابرای غەرامە کردووە و تەروتوارەکەشی لێ بەڕەلاکردووە!"
لەبیرمە، هەر مانگی یەکەم، کە گەیشتمە ئەو شارە، ئاگاداریان کردمەوە کە نابێ لە دوای سەعات (٦)ی ئێوارە، تەل بۆ کەس بکەیت، چونکە شەو کاتی پشوو و حەوانەوەی خێزانە و نابێ سەرقاڵ و بێزاریان بکەین!"
*
ئیمڕۆ، لە سایەی بارودۆخی نائاسایی و ناسەقامگیری کوردستان، ژن و پیاو و منداڵی کورد، لە ڕێی ئەو هەموو کەناڵە تیڤی و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییانەدا، نەک ڕۆژانە، بگرە لە هەر سەعاتێکدا، چەندان جار، لە نێو چوارچیوەی گەورە و بە ڕەنگی سووری تۆخ، لەسەر سکرینی تیڤییەکان و ڕووی لاپتۆپ و مۆبایلەکانیاندا، (بە پەلە) وەک دێوەزمە دەچەقێتە نێو ڕەشێنەی چاویان، جا هێندێکیان ئاوازی جەنگ و ماڕشی سەربازیشیان لەگەڵە.

هێندێک لەو (بە پەلە)نانە، تەواو سکرینی تیڤییەکە دادەپۆشن، هێندێجار، بۆ سەرنجڕاکێشان، یارییان پێدەکەن و گەورە و بچووکیان دەکەنەوە، هێندێجاریش، کاو کاوە نیشانی دەدەن و لە ژێڕیدا دەنووسرێ"پاش کەمێکی تر" ـ کە جار بووە، ئەمە، (٢٥) دەقیقەی خایندووە.

نەک ئێمەی کورد، بگرە ئەو بیانییانەی کە هەر یەک و دوو ساڵێکە لەو وڵاتەدا دەژین، دەزانن، ئەو (بە پەلە)یە، قەت هیچ هەواڵ و خەبەرێکی خۆشی بەدوادا نایەت. ئاخر قەت ڕووی نەداوە، بۆ سۆدرەی سەران هەواڵێکی دڵخۆشکەری (بە پەلە)، کرابێتە گۆزەبانەی ڕووداوێکی خۆش و دڵفێنککەرەوەی سیاسی، سەربازی، ئابووری، دارایی، پەروەردەیی، تەندرووستی یان کۆمەڵایەتی! 
هەرکە (بە پەلە)کە لەسەر سکرینەکە چاوی خۆی لێ زەقکردنەوە، ئەوا ئەو دایکەی کوڕەکەی بووەتە کۆچبەر و ئەو ژنەی مێردەکەی لەبەرەی شەڕی داعشە و ئەو پیرەمێردەی لە کەڵاوەیەکی نزیک کەرکووک دانیشتووە، دەست دەخەنە سەر دڵیان و چاوێک لە ئاسمان دەکەن و لە خودا دەپارێنەوە بێ موقەدەر بێ!

لە شەو و ڕۆژێکدا ئەو (بە پەلە)یە، بە بێ پسانە و ماندوو بوون، چەندان کەڕەت، ڕووی سکرینەکان دادەپۆشی و دڵ و جەرگ و هەناوی ئەو خەڵکە بێچارەیە دادەخورپێنێت و ڕادەچڵەکێنێ! بەبێ ئەوەی خاوەن ویژدانێک، بەقەد سەری دەرزییەک، لە ژان و ترس و دڵەڕواکێ و موعاناتی ئەو خەڵکە تێبگات و هەوڵی کەم کردنەوەیان بدا، جا با ژمارەی(ڕۆشنبیر و مامۆستا و ئەدیب و سیاسەتمەدارەکان) لە ژماردنیش نەیەن! 

نوێترین لێکۆڵینەوەی پزیشکی و دەروونناسی، زانستییانە کاریگەری و ئاکار و ئاسەواری خراپی (هەواڵی بە پەلە)ی، لەسەر تەندرووستی مرۆڤ شیکردووەتەوە، کە ڕادەیی خراپی کاریگەریەکە پێوەستە بە تەمەن و جەندەر و ژینگەی ئەو کەسە، دیارە کە منداڵ و ژنان و پیر و نەخۆشەکان، قوربانی ڕێزی یەکەمی ئەو دیاردە ترسناکە ناشارستانییەن.

پزیشکان، لە تاقیگەکانیان سەلماندوویانە، کە هاتنی هەواڵی ناخۆشی بە پەلە و لەنکاوڕا، دەبێتە هۆی تێکچوونی فشاری خوێن، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر (ئیشکردنی دڵ) دوورنییە ئاکامەکەی کوشندەبێ بە جەڵتە یان سەکتەی دڵ. جگە لە دڵ، بۆڕی و لوولەکانی خوێنیش زەبریان پێدەگا و تێکدەچن.

لە ڕووی دەرووننساییەوە، هەواڵی ناخۆش، دەبێتە هۆی ستریس و دڵەڕواکێ و دڵەخورپێ و ناڕەحەتی دەروونی. ئەمانەش زۆرجار، بێتاقەتی و تێکچوونی میزاج و زڕانی خەو و ترسان و نەمانی ئیشتیها و سەرئێشە و گێژبوون و توڕەبوون و هەڵچوونی بێسەبەبی بەدوادادێ.

خاڵێ هەرە بایەخدار، لە ڕووی پزیشکییەوە، ئەوەیە کە هەواڵی ناخۆشی لە پڕتاو، دەبێتە تێکدانی هەست و هۆش و سوزداریی کەسەکان، ئەمەش جارهەیە دەبێتە هۆی شێواندن و پەشێوی ژیانی ڕۆژانەی کەسەکە و هەستکردن بە نیگەرانییەکی نەزانراو و پێناسەنەکراو، کە چارەسەریشی هاسان نییە. ئەو نیگەرانی و دڵەڕواکێیەی، سەرچاوەکەی هەواڵی ناخۆشە، بە گوێرەی لێکۆڵێنەوە ئەکادیمییەکانی زانکۆ ناودارەکانی جیهان، گوورزی کوشندە هەم لە کەسەکە دەدات و هەم لە ئابووری ئەو وڵاتە، چونکە تێکچوونی مەزاجی کەسان، دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەم‌هێنان، جا ئەو بەرهەمە ماددی بێ یان مەعنەوی ــ لە کارگەیەکی پیشەسازی بێ یان لە قوتابخانە و نەخۆشخانەیەک بێ، بە نموونە. ئامارەکان دەڵێن، ساڵی پاڕ، ئەمەریکا زیانی (٢١١) ملیار دۆلاری بە قەپرغە کەتووە، لە ئاکامی دابەزینی ئاستی بەرهەمی، بە هۆی تێکچوونی دەروونی و مەزاج و زەوقی کریکار و کاربەدەستەکانی.
ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژاوادا چەندان ڕێکخراوی تەندرووستی دامەزراوە، ئیشیان ئەوەیە کە تەنها دڵنەوایی و یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن، کە بە هۆی هەواڵی ناخۆشی (بە پەلە)ی تیڤی و میدیاکاندا، باری دەروونی و تەندووستیان تێکدەچێ.
بۆ زانیاریشتان، ڕاپوڕتە پزیشکییەکان، دەڵێن، ساڵانە لە هەر ملیۆنێک، یەک کەس بە هۆی بیستنی هەواڵی ناخۆش گیان لەدەست دەدا، ئەوا جگە لەو ئامارە ترسناکەی نەخۆشی شەکرە و فشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ، کە هۆکارەکەیان ئەو (بە پەلە) نەفرەتییەیە.
*
دەڵێم، فڕۆکەوانەکە، بە دەنگی کەناری و بولبول سەغڵەت بوو و (٧٥) هەزار یۆڕی وەرگرت لە دادگا، ئاخۆ گەر بێتە ئەم وڵاتەی من و ئەو هەموو (بە پەلە) ببینێ، دەبێ چەند ملیۆن یۆڕۆی چەنگ کەوێ؟!

نازانم، روو لە کام وەزاڕەت یان دامودەزگای ئەو هەرێمە بکەن، کە (یاسایە و سنوورێک) بۆ ئەو هەموو (بە پەلە)یە دابنێن و نەختێ ڕەحم بە ژن و منداڵ و پیر و نەخۆشانە بکەن...

دێ ئەو وڵاتە، هەر هەموو مەزاجێکی تێک بچێ، بەداخەوە!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی