کورد لەنێوان سەدرو ئەوانی دیکە

12/01/2022

ئاسۆ حاجی

ئەوەی لەناو پەڕلەمانی عێڕاق ڕوویدا خاڵی وەچەرخانە لەمێژووی عێراق لەدوای روخانی رژێمی سەدام حسێن، دەکرێ ئەوە لەدوو خاڵ کورت بکەیەنەوە: 

یەکەم: هێزێکی نوێی شیعی لەدەرەوەی هێزە تەقلیدیەکانی شیعە کە بەر لەساڵی 2003 هەبوون‌و خەباتی سیاسی‌و چەکداریان لەدژی رژێمی سەدام دەکرد، هەروەها ئەو هێزە بەباگراوندێکی قەومی عەرەبی زیاتر لەمەزهەبی شیعی زۆرینەی پەڕلەمان بباتەوە.

دووەم: سەردەمی رۆمانسیەتی سیاسی هێزە سیاسیە کوردستانیەکان‌و هێزە سیاسیە شیعەکان کۆتاییهات، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان براوەی یەکەمەو زۆرترین کورسی هەیە، پارتی وەک هێزێکی بەسەنگ‌و خاوەن مەرکەزیەتێکی توند لەبڕیاردان، باوەڕی وابوو کە دەبێ هەر لەگەڵ ئەو هێزە شیعیانەی کە مێژووی خەبات‌و تێکۆشان لەدژی دیکتاتۆریەتی سەدام بەیەکیاندەبەستێتەوە دەبێ هاوکارو هەماهەنگبن لەبەڕێوەبەدنی عێراق، بەڵام رووداوەکانی 2014 بەبڕینی بودجەو موچەی خەڵکی کوردستان، پاشان رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لەهێرشکەرن‌و داگیرکردنەوەی کەرکوک، دواتریش لەهێرشی موشەکی‌و درۆن بۆسەر شاری هەولێر، هۆکاربون کە پارتی بڕیاربدا کە بچێتە هاوپەیمانەتیەک لەگەڵ رەوتی سەدرو سوننەکان.

بۆ سەدر؟
کورد لەدوای روخانی سەدام حسێن تا دواین کابینەی حکومەتی عێراق کە ئێستاش لەسەر کارە، بەدەیان رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنەکانی شیعەی پێکهێنەری کابینەکانی حکومەتەکانی عێراق کردووە، بەڵام یەک لەو رێکەوتنانەش وەک خۆی لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە جێبەجێنەکراوە، ئەوەش زیاتر لەهۆکارێکی لەپشتەوەیە کە دەکرێ لەو دوو خاڵە ئاماژەیان پێبدەین:

1- ئەو هێزە شیعیانەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانیان بەدەستەوەبووە، خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆیی بڕیاردان نەبووینە، بەڵکو ئیرادەیان بەهێزی دەرەکیەوە گرێدراوە و هەموو بڕیار و کردارەکانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی وڵاتێکی ئیقلیمی بووە، ئەوان بەو کارەیان گوایە خزمەت بە بیروباوەڕە مەزهەبیەکەی خۆیان دەکەن.

2- هەر لەدوای روخانی سەدام ماڵی شیعە بەسەر چەند ناوەندێکی بڕیار دابەشببوون، لەسەرتادا لەنێوان حیزبی دەعوەو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێڕاق دا، دواتر مەرجەعیەی نەجەفیش بووە ناوەندێکی کاریگەر لە سەر بڕیاری سیاسی شیعە، ئێستاش ئەو هێزانە زیاتر پەرت و بڵاون و خاڵی کۆکەرەوە و هاوبەشیان وڵاتی ئێرانە کە هەموویان لە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆکردۆتەوە.

دوو خاڵی دیکەی گرنگ هەیە کە پەیوەندیان بە رەوتی سەدڕ و کەسایەتی موقتەدا سەدڕەوە هەیە، کە هۆکاری سەرەکەی راکێشانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سوونیەکانە بۆ لای خۆیان:

یەکەم، رەوتی سەدر وەک لە مێژووی چەند ساڵەی دیارە، رەوتێکی یەکگرتووی خاوەند ناوەندێکی بڕیاردانی بەهێزە، موقتەدا سەدڕ خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەیە و هیچ سەرکردە و کەسێک لە چوارچێوەی ئەو رەوتە ناتوانن بڕیارەکانی جێبەجێ نەکەن، کورد و سوونە لەو قۆناغەدا پێویستیان بە لایەنێکی شیعە هەیە کە حکومەت پێکبهێنێ خاوەن بڕیار بێ و جێبەجێی بکات.

- کورد بۆ جێنەجێکردنی رێکەوتنەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێڕاقی دەربارەی شایستە داراییەکان( بودجە و موچە) هەروەها بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ناوچە کێشە لەسەرەکان پێویستیان بەلایەنێکی لەو شێوەیەیە.

- سوونە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکانیان کە لەسەر دەستی داعش و حەشدی شەعبی وێران کران، هەروەها گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەبوویان بۆ سەر زێدی خۆیان، لەوانەش گرنگتر بۆ سوونە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان لە داگیرکاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
دووەم، رەوتی سەدڕ خاوەنی ٧٣ کورسی پەڕلەمانیە و وەک خۆیان دەڵێن دەتوانن ئەو ژمارەیە بۆ ٩٠ کورسی بەرز بکەنەوە، واتا رێکەوتن لەگەڵ یەک حیزب و یەک کەس باشترە لەوەی ناچار ببی لەگەڵ شەش حەفت لایەن رێکەوتن بکەی و هیچ گرێنتیەکیش نەبێت لەوەی ئەو لایەنانە رێکەوتنەکە جێبەجێ دەکەن، لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا زۆرینەی حیزب و هێزە سیاسیەکان لەلایەن کەسانی توندڕەو سەرۆکایەتی دەکرێن کە بەردەوام هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن نەک دەستی ئاشتبوونەوەی بۆ درێژ بکەن، ئەوەیان بۆ سوونەش راستە، کە رۆژانە لەلایەن میلیشیا شیعیەکانەوە رووبەڕووی دەرکردن و زولم دەبنەوە.

ناو ماڵی کوردستانی بەرەو کوێ؟
یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەڕلەمانی عێڕاق ئەو راستیەی دووبارە کردەوە کە هێزە کوردیەکان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناتوانن بە یەکگرتووی و یەکدەنگی بمێنەوە، چوونکە دوو ئاراستەی سیاسی جیاوازیان هەیە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەوە نیشاندایەوە کە بەشێکە لە ئەجێندای ئێرانی و ناتوانێ لەو بەرەیە بێتە دەروە، هۆکاری هەرە سەرەکی کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن، ئێران لە دوای نەخۆشکەوتنی جەلال تالەبانی بە شێوەیەک وەبەرهێنانی لەسەر ئەو کێشانە کردووە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ئاسانی ناتوانێ لە ژێر هەیمەنەی ئێران دەربچێ، لە دواین سەردانی شاندی ئێران لە هەفتەی رابردوو بۆ سلێمانی لەدوای دیداریان لەگەڵ بافێل تالەبانی یەکسەر سەردانی لاهور جەنگیان کردووە، ئێران هەمیشە وابووە و ئیدارەی ململانێ و رەوتە دژ بەیەکەکانی داوە لە کوردستان، هەروەها ئەو داهاتەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دەروازە سنووریەکان بە دەستی دەکەوێ و زیاتر لە 80٪؜ی بۆخۆی دەگێڕێتەوەو تەنها لەنێوان 10٪ بۆ 15٪ دەگەڕێنێتەوە خەزێنەی حکومەت ئەوە بەهاوکاری ئێرانە، زۆر بابەت و خاڵی دیکە هەیە کە ئاماژەیان بۆ بکرێت، بەڵام دەکرێ هەمووی لەو دێڕە کورت بکەیەنەوە ‘ئەگەر ئێران نەبوایە ئێستا هێزێکی سیاسی کاریگەر بەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەدەما‌.

ئایا سەرۆک کۆمار کێشەیە؟
لەڕوکەشدا وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری وەک کێشەی سەرەکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دادەندرێت، بەڵام لەناوەڕۆکدا کێشەکە لەناوزەدکردنی کەسێک نییە بۆ ئەق پۆستە بەقەدەر ئەوەی کێشە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو پۆستەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان نە ساڵی 2018و نە ئێستاش کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە، بەڵکو کێشە لەمیکانیزیمی دانانی کەسەکە بووە، پارتی پێیوابووەو پێیوایە دەبێ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت و بەرگریکار و پارێزەری دەستوربێت، نەک پارێزەری لایەنێکی سیاسی یان ئەجێندایەکی سیاسی دیاری کراو بێت.

بۆ ئەو خولەی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و کابینەی نوێ، پارتی دیموکراتی کوردستان وای دەبینێ کە پێویستە پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە لە بەغدا بە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان پۆست وەردەگرن، لە هەر پلە پۆستێک بن، هەروەها دەیەوێ بەر لە کاندید کردن و دانای هەر کەسێک لە پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو کەسە پێگیر بکرێ بە کارنامەیەکی رێکەوتن لە سەر کراو کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت لە چوارچێوەی دەستووری عێڕاقدا.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەو بڕوایەی وەک جاری پێشوو دەتوانێ بە پاڵپشتی شیعە سەرۆک کۆمار بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە بەبێ رێکەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، تا ئێستا مکوڕە لەسەر ئەوەی تەنها بەرهەم سالح کاندید دەکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، کە ئەو عینادی و بێمنەتیەی یەکێتی لای پارتی جێگای قبوڵکردن نیە نەک بەرهەم سالح، وێڕای هەبوونی سەرنج و تێبینی زۆر لەلایەن پارتیەوە لە سەر ئەدای بەرهەم سالح لە ساڵانی رابردوویدا، بەڵام هەرگیز ناوی کەسیان رەت نەکردۆتەوە و هێلی سووریان لەسەر کەس نەبووە، تەنها ئەوەیە وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن و وەک گەورەترین هێز دەبێ هاوبەش بێ لە بڕیاری بەربژێرکردنی هەر کەسێک بۆ ئەو پۆستە.

یەکێتی و پارتی دەتوانن چی بکەن؟
پارتی کە زۆرینەی کورسیەکانی هەرێمی کوردستانی بردۆتەوە وهاوپەیمانی لەگەڵ رەوتی سەدڕ و دوو گەورەترین هێزی سوونەکان کردووە، وەک لە دەنگدان بە سەرۆکی پەڕلەمان و جێگرەکانی دەرکەوت، دەتوانێ بە ئاسانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەوە کارە ناکات ئەگەر یەکێتی ناچاری نەکات، چونکە دەزانێ ئەو کارە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر پێکەوە کارکردنی هەردوولا دەبێت لە کوردستاندا.

یەکێتی ئەوە دەزانێ بۆیە کارتی ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی کوردستان بە رووی پارتی بەرزکردۆتەوە، لە درێژەدان بە نەگەڕاندنەوەی داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حکومەت و زیاتر کارکردن بۆ پتەوکردنی حکومەتی حیزب لە ناوچەکانی سلێمانیدا، هەروەها هاندانی هێزە ئیقلیمیەکان بۆ زیاتر فشار کردن لە سەر پارتی بۆ ئەوەی بە داخوازیەکانی رازی بێت، لە بەرامبەردا یەکێتی بەشێکی کاریگەری پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دەبێت، یەکێتی لەوەش زیاتر دەڕوا و ئێستا ماوە ماوە ئەو قسەیە بە گوێی پارتی دادەدەن کە ئەگەر ئەوەمان بۆ نەچیتە سەرێ ئەوە شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێ، وەک ئەوەی قوباد تالەبانی گوتبووی ئەگەر لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە کارەکانی دەروازە سنووریەکان لە دێگەڵە بپەڕێتەوە ئەوە شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێ.

دەرئەنجام چۆن دەبێت؟
یەکێتی رێگایەکی دیکەی نیە جگە لە دانیشتن لەگەڵ پارتی و رێکەوتن لەسەر کارنامەیەک و کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەگەر ئەوە روونەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری خۆی دەبێت و بەو رێکەوتنەی هەیەتی دەتوانێ پۆستەکە وەرگرێ و رەنگە لەوەش زیاتر بڕوا و لە پشکی کورد لە وەزارەت و پۆستە گرنگەکان زۆرینەی لای خۆی بێت و بەشێکیش بداتە ئەو هێزە کوردستانیانەی خوازیارن لەگەڵی بچنە بەرەیەک، لەلایەکی دیکەشەوە پارتی دەتوانێ لە رێگای حکومەتی نوێ کە دەبێتە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی پرسی داهاتی دەروازە و داهاتەکانی ناوخۆ چارەسەر بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی